كەشناسی هەرێم، كاتی بارینی باران و بەفری راگەیاند

کوردستان

02/04/2021‌ 5130 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، پێشبینی دەكەن سبەینێ لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر ببارێت لەگەڵ بارینی نمەباران.


لە راگەیەنراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینى كەش و هەوای سبەینێی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوە شەو ئاسمانى زۆربەى ناوچەکانى هەرێم بگۆڕێت بۆ هەور و نیمچە هەور لە گەڵ ئەگەری کەمێک نمە باران لە هەندێ ناوچەی جیا جیا.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردووە، بەفرێكی كەم ببارێت لە ناوچە شاخاویە سنوریەکان لە کاتەکانى بەیانى زوودا وە لە دوای نیوەڕۆ ئاسمانى زۆربەى ناوچە شاخاویەکانى ڕۆژهەڵات و باکوری ڕۆژهەڵات هەور دەبێت لە گەڵ بارینى نمە باران و ئەگەری کەمێک هەورە تریشقە لە ناوچەکانى باکورى ڕۆژهەڵات.

سەبارەت بە پلەكانی گەرما، بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم پێشبینی كردووە، پلەکانى گەرما کەمێک ڕوو لە دابەزین بکات.