یونیسێف: بەهۆی کۆرۆناوە 800 ملیۆن منداڵ لەخوێندن بێبەشن

جیهان

08/04/2021‌ 350 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی یونیسێفى سه‌ر به‌نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشكرایكرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا 800 ملیۆن منداڵ لەسەرتاسەری جیهان لەخوێندن بێبەشبوون، جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌، "بەشێکی زۆر لەوانەش مەترسیی ئەوەیان لەسەرە کە بەشێوەیەکی یەکجارەکیی نەگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەکان".


ڕۆبێرت جینکینز سەرۆکی بەشی فێرکردن لەڕێکخراوەکە وتویەتی:"لە90 وڵاتی جیهاندا قوتابخانەکان هێشتا بەداخراوی ماونەتەوە یان خوێندنێکی تێکەڵ پیشکەشدەکەن واتە بەشێکی بەشێوەی خوێندنی ئۆنلاین‌و بەشێکی تریش بەشێوەی خوێندنی ناو کەمپەس".

جەختیشیکردۆتەوە، پرۆسەی کەرەنتینەو ڕێکارەکانی خۆپارێزی دژ بەکۆڕۆنا بەشێوەیەک پرۆسەی خوێندنی پەکخستووە کە مەزەندە ناکرێت.

بەرپرسەکەی یونیسێف ئەوەشی وتووە، "پێشتر هەرگیز بیرمان لەوەنەکردۆتەوە کە داخستنی دەرگای قوتابخانەکان بەو جۆرە درێژبێتەوە، بەشێوەیەک لەهەموو ئەو سیناریۆیانەی پلانمان بۆدانابوو، هەرگیز گریمانەیەکی لەو جۆرەمان نەکردوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەلوتکەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، نزیکەی ملیارێک‌و 600 ملیۆن منداڵ لەچوون بۆ قوتابخانە بێبەشبوون، بەڵام دوای ساڵێک هێشتا 800 ملیۆن منداڵ بەدەست پەککەوتنی تەواوەتیی یان بەشەکی خوێندنەوە دەناڵێنن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی