هاوپەیمانی فەتح: بەهای دۆلار دادەبەزێنین

عیراق

15/04/2021‌ 2628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی فەتح لەئەنجومەنی نوێنەران ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لەپێناو دابەزاندنی بەهای دۆلارو جێگیرکردنی 100 دۆلار لەنێوان 119 بۆ 125 هەزار دینار، هەوڵدەدەن لەدانیشتنی داهاتوودا واژۆی پەڕلەمانتاران کۆبکەنەوەو لێپرسینەوە لەبەڕێوەبەری بانکی ناوەندی عێراقیش بکەن، پەڕلەمانتارێکی کوتلەی بەدریش ئۆباڵی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەخاتە ئەستۆی دوولایەن.

موختار موسەوی پەڕلەمانتاری هاوپەیمانێتیی فەتح لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، هەر لەیەکەم دانیشتنی داهاتووی پەڕلەماندا دەستدەکەن به‌کۆکردنەوەی واژۆی پەڕلەمانتاران، بۆئەوەی لێپرسینەوە لەبەڕێوەبەری بانکی ناوەندی بکەن.

جەختیشیکردۆتەوە، ئەگەربێت‌و وەڵامەکانی بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی قەناعەتپێکەر نەبوو، ئەوە کار لەسەر دوورخستنەوەی لەپۆستەکەی دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، گوشار دەخەنەسەر بەڕێوەبەری بانکی ناوەندی بۆئەوەی بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لەنێوان 119 بۆ 125 هەزار دیناردا جێگیربکات.

لای خۆیشیەوە، سیهام موسەوی پەڕلەمانتاری کوتلەی بەدر لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران باسی لەوەکردووە، بڕیاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلاری ئەمریکی کاریگەریی نەرێنی‌و مەترسیداری لەسەر هەژاران هەبووە.

ڕوونیشیکردۆتەوە، دوو لایەن بەرپرسیارێتی ئەوکارەیان دەکەوێتەسەرشان، کە ئەوانیش وەزیری دارایی‌و بەڕێوەبەری بانکی ناوەندین.

موسەی ئاماژەی بەوەشکردووە، چینی هەژاران تاکە زەرەرمەندی دابەزاندنی بەهای دینارن، ئەوە جگەلەوەی بڕیارەکە کێشەی گەورەی لەناو بازاڕە ناوخۆییەکاندا درووستکردووە.