ئێران دان بە دزینی بەڵگەنامەی گرنگی بەرنامە ناوەکیەکەیدا دەنێت

جیهان

16/04/2021‌ 1451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمینداری کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم لەئێران و فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران، بۆیەکەمجار دانی بەوەداناوە کە چەندین بەڵگەنامەی ناوەکیی نهێنیی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دزراون.

موحسین ریزائی ئەمینداری کۆمەڵەی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێم لەئێران لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پێگەی " جەماران"ی ئێرانیدا رایگەیاندوە " وڵات کەوتۆتە بەر پیسبوونێکی فراوانی ئەمنییەوە، لەماوەی کەمتر لەساڵێکدا سێ رووداوی ئەمنیی روویانداوە، دوو تەقینەوە لە نەتەنز، تیرۆرکردنی موحسین زادە زانای ناوەکیی ئێرانیی، کە لەوەشدا کارەکانیان بەسەرکەوتوویی ئەنجامداوە و توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن.

ڕیزائی باسی لەوەشکردووە کە بەرلەو رووداوانە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی ناوەکیی نهێنیی ئێرانی دزراون، هەروەک چۆن پێشتریش چەند فرۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی گوماناوی هاتوونەتە بواری ئاسمانی ئێران و هەندێک کاریان ئەنجامداوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو ئەو بەڵگەنامانەی براون، دیکۆمینتی تایبەت بە پرۆژەی خۆپرچەککردنی ناوەکیی ئێران و ئەو پێگانەی تێدایە کە چالاکیی ناوەکیان تێدا ئەنجام دەدرێت بەڵام هێشتا تاران ئاشکرای نەکردوون، کە یەکێکیان پێگەیەکە لەناوچەی " تورقوزئاباد" لەباشووری تارانی پایتەخت.

ڕیزائی کە پێشبینی دەکرێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئێران کاندید بکات، داوای لەحکوومەتی تاران کردووە پاکسازییەکەی ئەمنیی کە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا ئەنجام بدات و لەوبارەیەوە وتویەتی: پێویستە هەموو ١٠ ساڵ بۆ ٢٠ ساڵێک پاکسازی ئەمنیی لە سیستەمی دەوڵەتدا بکرێت، لەوانە وەزارەت و پێگە هەستیارەکان .
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە