د.به‌رهه‌م ساڵح: منداڵەکانم هیچ پلەو پۆست‌و پێگەیەکی سیاسییان نییە

عیراق

17/04/2021‌ 2610 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەمیانەی بەرنامەی (بالپلاپه‌) كەناڵی ئاسمانی شەڕقییە نیوز، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بەتێروتەسەلی تیشكی خستەسەر چەندەها پرسی جۆراوجۆری سەبارەت بەژیانی تایبەتی خۆی‌و دۆخی ناوخۆیی‌و هەرێمی عێراق، ئەمەش دەقی چاوپێكەوتنەكەیە:


شه‌رقیه‌نیوز: كاریگەری سلێمانی لەسەر پێگەیاندنی بەرهەم ساڵح؟
سه‌رۆك كۆمار: سلێمانی شاری ڕۆشنبیریی‌و كێشمەكێشمە سیاسی‌و پێشدەستی‌و پایتەختی ڕۆشنبیرییە، ئاشێكی سیاسییە‌و چەقی چالاكی سیاسییە، باوكم كە دادوەربوو ڕۆڵی سیاسی هەبوو، دایكیشم چالاكوانێكی بواری ژنان بوو، شارێك خاوەن هەڵوێستە، لەڕیزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ستەمكارییە، لەمێژووی خۆیدا ئازادیخوازانی عێراقی لەئامێز گرتووە.

شه‌رقیه‌نیوز: لەپەرتوكە تازەكەت چی دەنووسی:
سه‌رۆك كۆمار: هیوامە دوای نوسینەوەی بتوانم شتێكم كردبێت‌و شوێنكارێكی باشم جێهێشتبێت.

شه‌رقیه‌نیوز: سەرۆكایەتی چی پێبەخشی‌و چی لێستاندی؟
سه‌رۆك كۆمار: شەرەفێكی گەورەیەو بەرپرسییەكی گەورەیە، لەدۆخی ئاڵۆز بوومە سەرۆك، هیوامە خزمەتی وڵاتم كردبێت، ئەزموونێكی گەورەیە بۆ من، هیوامە خزمەتێكم پێكرابێت.

شه‌رقیه‌نیوز: نهێنی پێكەنینی بەردەوامت لەوڵاتێكی كۆستكەوتوو؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەمە بەخششی خودایەو هەمیشە گەشبینم، كاری سیسی لەعێراق‌و كوردستان بێ گەشبینی‌و قەناعەت ناكرێت، كێشە زۆرن، لەولاشەوە سوربوون هەیە بۆ سەركەوتن‌و چاكسازی تیپەڕاندنی بەربەست‌و كۆسپەكان، بۆیە هەمیشە گەشبینم.

شه‌رقیه‌نیوز: وێستگەو ئاستەنگەكانی ژیانت؟
سه‌رۆك كۆمار: لەسلێمانی لەدایكبووم، بابم داوەربوو، بەحوكمی كارەكەی شارەكانی عێراق گەڕاوە، لەشەقڵاوە چومە قوتابخانە ئینجا هەڵەبجە، ئینجا سلێمانی، ئێنجا بۆ هەولێر 1973، لە1974 ئاوارەی ئێران بووین، ئینجا هاتینەوە سلێمانی‌و لەتەمەنی 14 ساڵی كاری سیاسیم دەستپێكردو بوومە ئەندامی یەكێتی قوتابیان كە ڕێكخراوێك نهێنی بوو، لە1976 – 1979 چوومە ڕیزەكانی ڕێكخستنەكانی (ی.ن.ك) لەسلێمانی، دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەعسەوە زیندانیكرام، ئینجا چوومە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندنی بەكالۆریۆس‌و ماستەرم لەكاردیف تەواوكردو دكتۆراش لەلیڤەرپوڵ‌و لەكاری سیاسیس بەردەوامبووم.

شه‌رقیه‌نیوز: ژیانی گەنجیت چۆن بەڕێكرد؟
سه‌رۆك كۆمار: سیاسەت سەخت بوو، ژیان دژواربوو، ئاوارەیی‌و توندوتیژیی‌و ماڵوێرانی، بۆ كورد ئەوكات سەختبوو، منیش گەنج بووم‌و وڵات‌و نیشتمانم خۆشدەویست‌و دەستمدایە كاری سیاسی، ئاواتەخوازنەبووم سیاسی بم، بەڵام ئەركی نیشتمانی كردمییە سیاسی، دۆخی وڵات دكتاتۆریەت بوو، هاوێكانم خەریكی كاری ڕۆشنبیری‌و سیاسی‌و پشتیوانی پێشمەرگەو شۆڕش بوون لەسلێمانی‌و دەوروبەری دژ بەبەعس.

شه‌رقیه‌نیوز: دەستگیركرای پۆلی شەشی ئامادەی بووی؟
سه‌رۆك كۆمار: سەڕەڕای ئەوەش لەپلە یەكەمینەكان بووی، قۆناغێكی گرنگبوو، لەیەكەم ڕۆژی وەرزی دووەمی خوێندن دەستگیركرام بۆ 43 ڕۆژ لەلایەن ئەمنی عامی سلێمانیەوە، ئینجا بردمیان بۆ هەیئەی خاسەی كەركوم بۆ لێكۆڵینەوە، دواتر ئازادكرام، خوێندنی ئەو وەرزەم لەدەستچووبوو، ئینجا دوبارە دەستگیركرامەوە پێش هەفته‌یەك لەتاقیكردنەوەی بەكالۆریا، پێش ئازادكردنم لەڕێگەی ناسیاوێكمانەوە كتێبەكانیان بۆ هێنامە بەندیخانە، لەمەدا بەڕێوەبەری قوتابخانەكەشمان ڕۆڵی هەبوو، بەربووم‌و چومە تاقیكردنەوەكان‌و 96.6م هێنا، خزم‌و دۆست‌و شارەكەش بەم سەركەوتنەم دڵخۆشبوون، دۆخی زیندانیكردنم زۆر سەخت‌و دژوواربوو.

شه‌رقیه‌نیوز: لەكوێ وەرگیرای؟
سه‌رۆك كۆمار: لەكۆلێژی پزیشكی وەرگیرام، ئینجا ڕێكخستنەكانی یەكێتی پێیانباش بوو بچمە دەرەوە تاوەكو دووبارە دەستگیرنەكرێمەوە، بەجۆرێك لەجۆرەكان چوومە دەرەوە، ئەو ڕۆژانە سەختبوون، هەڕەشەو فشاری زۆرم لەسەربوو، ئینجا گەیشتمە بەریتانیا، باوكم گەرەكی بوو پزیشكی بخوێنم‌و منیش حەزم لەیاسا بوو، دواتر لەكاردیف ئەندازیاریم خوێند لەزانكۆی كاردیف.

شه‌رقیه‌نیوز: تۆ كەسێكی مەدەنی چوون بوویە سیاسی؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەوكات شۆڕش‌و بەرەنگاری كورد هەبوو، من مەدەنی بووم، بەڵام گرنگیشم بەسیاسەت دەدات، بەرپرسی پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەكانی یەكێتی بووم لەسلێمانی، چارەنووس‌و دۆخی ئەوكات منی بردە هەندەران، هەمیشە باوەڕم بەمەدەنیەت‌و گفتوگۆو دانوستان هەیە، هیوامە لەعێراق دورو لەتوندوتیژی كێشەو گرفتەكان چارەسەربكەین، بەڵام كاتێك توشی ستەمكاری‌و دكتاتۆریەت‌و قڕكردن‌و ستەمكاری دەبییەوە، بەرەنگاری دەبێتە ئەرك‌و پێویستە. ئازادیخواز ناچاردەكرێت بەرگری لەمافەكانی خۆی بكات.

شه‌رقیه‌نیوز: هەموو سیاسییەك پێویستی بەپشتیوانی ناوخۆیی‌و دەرەكی هەیە، تۆ ئەو پشتیوانییەت هەبوو بۆ سەرۆكایەتی كۆمارو گرتنەدەستی پۆستەكان؟
سه‌رۆك كۆمار: من زۆر پۆستم گرتوونەدەست، چ لەناو یەكێتی‌و چ لەبواری حكومی، بەرپرسی ڕێكخستنەكانی یەكێتی بووم لەئەوروپا، لەزۆر بواری دیكەش نوێنەری یەكێتی بووم، دواتر جەنابی مام جەلال (جێگەی بەهەشتی بەرین بێت) كە مامۆستاو مام‌و برا گەورەم بوو، پێشنیازی ئەوەی بۆ كردم پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێم وەربگرم، ئەوكات لەڕووی تەمەنەوە لەهەموو بەرپرسە باڵاكانی یەكێتی بچوكتر بووم، بەڵێ پشتیوانم هەبوون‌و ئاستەنگەكانیش زۆربوون، سەرۆك كۆمار پشتیوانی گەورەی من بوو، هەروەها بەرپرسانی دیكەش، پاڵپشتی سیاسی‌و كۆمەڵایەتیشم هەبوو، ئەمە جگەلەوەی پەیوەندییەكی زۆرباشم لەگەڵ  لایەنە سیاسییە عیراقییەكاندا هەبوو، چونكە لەدەرەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا كارم دەكرد، سلێمانیش پەناگای ئازادیخوازانی عێراق بوو، لەوێش پەیوەندیم لەگەڵ ئەو ئازادیخوازانە دروستكرد، هەروەها پەیوەندی زۆرباشم لەگەڵ دەوڵەتە هەرێمییەكانی دەوربەری عێراقدا هەیە. عێراق بەو مێژووە پرشنگدارەی خۆیەوە بۆتە یاریگایەكی كێبڕكێى نێوان ئەم‌و ئەو، بۆتە شوێنی یەكلاییكردنەوەی كێشە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەكان، لە2003 بەپشتیوانی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا ڕژێمی بەعس ڕوخا، پێشتریش گەلی عێراق خاوەن شۆڕش‌و خەبات‌و تێكۆشانێكی زۆربوو، پێگەی سەرۆكایەتی بەبڕیارێكى عیراقی لەدەرەوەی كوتلە سیاسییەكان لەپەرلەمان یەكلاییكرایەوە، زۆرێك لەپەرلەمانتاران گوێیان بەسەرۆك فراكسیۆنەكانیان نەداو بەهەستێكی بەرپرسانەی نیشتمانییەوە دەنگیاندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار. من هەرگیز بەوە ڕازینەبووم‌و ڕازیش نابم لەو پرسانەی پەیوەستن بەبەرژەوەندی گەلی عێراق هیچ كەس قەیمومەی هەبێت بەسەرمەوە، ئەوەی لەبەرژەوەندی عێراقدا بێت دەیكەین‌و ئەوە ناكەین كە لە خزمەتی بەرژەوەندییە دەرەكییەكاندایە.

شه‌رقیه‌نیوز: وەك سەرۆكێك كە ناچیتە ژێرباری بەرژەوەندییە دەرەكییەكانەوە، ئەمە پێویستی بەپشتیوانی هەیە، ئایا لەوبارەوە پشتیوانی دەرەكیت هەیە؟
سه‌رۆك كۆمار: لەعێراق‌و هەموو دەوڵەتانی جیهانیش دەستتێوەردانی دەرەكی هەیە، سەرباری ئەوەی گەلی عێراق لەپێناو گۆڕانكاریدا خەبات‌و كۆششێكی زۆری كرد، بەڵام دەستتێوەردانی دەرەكی بەسەرۆكایەتی ئەمریكا  دۆخی وڵاتی گۆڕی، هەریەك لەئێران‌و توركیاو دەوڵەتانی عەرەبیش كاریگەری زۆریان بەسەر دۆخی عیراقەوە هەیە، سیاسی عێراقی گەرەكیەتی واقیعیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بكات، لەگەڵ رێزم بۆ دەوڵەتانی هەرێمی‌و دەوروبەری عێراق، باوەڕم وایە گەلی عێراق ئەوەندە بەرزەناخە كە بەدەستتێوەردانی دەرەكی ڕازینابێت، بۆیە پێویستە هاتنەسەركاری بەرپرسانی وڵات بەرئەنجامی بڕیارێكی نیشتمانی سەربەخۆی عیراقییەكان بێت، بۆیە مامەڵەكردنم لەگەڵ دۆسییە دەرەكییەكان ناچێتە ژێرباری هیچ ئەجێندایەكی دەرەكی، نیازی ئەوەشم هەیە لەو پەرتوكەی دەینوسم باسی ئەو بابەتەی تێدا دەكەم، پێشموایە كەسانێكی بەویژدان هەن كە لەوبارەوە گەواهیم بۆ دەدەن.

شه‌رقیه‌نیوز: پڕۆژەی زانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی زۆر گرنگەو دواتریش چووە ناوچەكانی دیكەی عێراق، ئەم بیرۆكەیەت چۆن بۆ هات؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەمە بیرۆكەیە خەون‌و خولیاییەك بوو، باوكم هیواخوازبوو لەزانكۆی ئەمریكی لەبەیروت بخوێنم، بیرم دەكردەوە بۆچی ئەو زانكۆی ئەمریكییە لەسلێمانی نەبێت، خۆم لەبەریتانیاو منداڵەكانیشم لەئەمریكا خوێندوویانە، ده‌شكرێت هەموو گەنجانی عێراق بۆ خوێندن ڕەوانەی دەرەوەی عێراق بكەین، بۆیە دەكرێت زانكۆیەكمان هەبێت لەسەر میتۆدی زانكۆكانی ئەمریكاو وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان‌و هاوڵاتییانی عێراق تیایدا بخوێنن، هەرچەنە هێنانەدی ئەو خەونە ئاسان نەبوو، بەڵام دەستمان پێكردو سەركردە عێراقییەكانیش بەتایبەتی سەرۆك مام جەلال‌و جەنابی نێچیرڤان بارزانی هاریكارم بوون، زانكۆكە قازانج نەویستەو موڵكی گشتییە، من دامەزرێنەرو بۆ ماوەیەكیش سەرۆكی دەستەی ئەمیندارانی زنكۆكە بووم، بەڵام لەوڕۆژەوەی بومە سەرۆك كۆمار دەستبەرداری ئەو پۆستەش بووم، تاوەكو زانكۆكە بەدوربێت لەكاریگەری سیاسی‌و خاوەن بڕیاری سەربەخۆی خۆی بێت، شانازی بەقوتابییەكانیەوە دەكەم‌و زۆرینەی دەرچوانیشی بوونە خاوە پێگەو پلەو پایە لەوڵاتدا، لەو زانكۆیەدا سیاسەتی جیاكاری ئەرێنی لەبەرژەوەندی قوتابیانی ناوەڕاست باشور پیادەدەكرێت، تۆ لەو زانكۆیە خوێندوتەو زۆرێك لەدەرچوانی ئەو زانكۆیەش دێنەلام‌و دەڵێن لەسلێمانی‌و هەولێر خویندوومانە، قوتابی كوردیش هەن كە لەناوچەكانی عێراقی وەك بەغداو موسڵ‌و بەسره‌ خوێندوویانە، گرنگە گەنجانی عێراق لەئاوات‌و خولیاكانیاندا هاوبەشبن‌و ژیانێكی ئازادی شكۆمەندانەیان هەبێت، ئەمەش لەڕێگەی فێركردنەوە مەیسەر دەبێت.

بۆیە فێركردن لای من بایەخێكی زۆری هەیە، لەوكاتەی لەهەرێمی كوردستانیش سەرۆكی حكومەت بووم گرنگی زۆرم بەو بوارەداو بەرنامەی ناردنە دەرەوەی قوتابیانم بۆ دەرەوەی وڵات گرتەئەستۆو جیبەجێم كرد كە شانازی پێوەدەكەم، لەو ماوه‌یە دوو ساڵی سەرۆكایەتی حكومەت نزیكەی چوار هەزار قوتابیمان ناردنە دەرەوەی وڵات، وەبەرهێنان لەخوێندندا زۆر گرانەو مایەی شانازیمە ئەو جۆرە زانكۆیانە لەعێراقدا هەبن.

شه‌رقیه‌نیوز: بۆ لەبەغدا بەهەمانشێوە ئەو بیرۆكەیە سەركەوتوو نەبوو؟ 
سه‌رۆك كۆمار: پاساو بۆ دۆخە ناهێنمەوە، بەڵام عیراق تووشی كارەسات‌و گیرفتی زۆر هاتووە، ئەمەیە هۆكارەكە، ئەمڕۆ ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی ئەحمەد ئەبولغەیس لێرەبوو، وتی لەناو فڕۆكەدا باسی ئەوەم كرد كە عێراق لەشەڕی (ئێران ـ عیراق)ەوە سەقامگیریی بەخۆوە  نەبینیوە، یەكێك لەیاوەرانی پێی گوتووە بەڵكو لە1958وە عێراق ناسەقامگیرە، من لەگەڵ ئەو بۆچوونەدام. لەدوای سەردەمی پاشایەتییەوە عێراق بەدەست كودەتای سەربازییەوە دەناڵێنێت، لە1961 جەنگ لەكوردستان سەریهەڵدا، لەهەشتاكانی سەدەی ڕابردوو شەڕی (عێراق ـ ئێران)، لەنەوەدەكان شەڕى كوه‌یت، دواتر گەمارۆی ئابووری‌و ئینجا روخانی رژێم‌و دواتر تیرۆر یەخەی گرتین، عیڕاق كە لەڕوی خزمەتگوزاری تەندروستی‌و فێركارییەوە پێشەنگی رۆژهەڵات بوو، زۆرێك لەبرا عەرەبەكان لەو سەردەمەدا لەزانكۆكانی عێراق خوێندوویانە، كەنداوییەكان خۆیان باس لەو پرسە دەكەن، ئەدی ئێستا بۆ دۆخە ئاوایە، هۆكارەكە خۆمانین كە بەوە رازیبووین دەست لەكاروبارمان وەردەن، جێی خۆشحاڵییە كە لەئێستادا بزاوتێكی جەماوه‌ری هەیە، هۆشیاری هەیە بۆ گۆڕینی دۆخەكەو گەنجان داوادەكەن ببنەوە خاوەنی نیشتمان‌و داوای چاكسازی دەكەن، بۆیە بەرنامەی ئێمە ئەوەیە دەرامەتەكانی عێراق بخەینە خزمەت گەلی عێراقەوە، لەكوردستانیش گرفت هەیە، بەڵام لەزۆر بواری ئابووری‌و ئاوەدانكردنەوە فێركردن دەستكەوتی باش بەدەستهاتون، لەعێراقیش ئومێدی ئەوە هەیە دۆخەكە باشتربێت،من لەفەلوجە بووم كە پێشتر بەهۆی جەنگەوە وێرانكرا، ئێستا شارەكە ئاوه‌دان‌و خاوەن خزمەتگوزارییەو شایستەى زیاتریشە، بۆیە دەكرێت گلەیی‌و گازندە بكەین، بەڵام دەبێت كۆشش‌و هەوڵەكانیش بەردەوامبن، عێراق كە پێشەنگی شارستانی‌و پەروەردەو فێركردن بووە، دەتوانێت هەستێتەوەو خۆی بنیات بنێتەوە.

شه‌رقیه‌نیوز: بۆچی بەمەسعود محەمەدی نوسەر سەرسامی؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەو بیرمەندێكی كوردی عیراقی گەورەیە، عەرەبیزانێكی زۆرباش بوو، هاوڕێی باوكم بوو، ئەو لەبنەماڵەیەكی گەورەی ڕۆشنهزری شاری كۆیەیە، كوڕی مەلای گەورەیە، باوكی یەكەم كەس بوو لەكوردستان كە كچەكەی ناردۆتە قوتابخانە، ئێمە لەژێر كاریگەری  چەپەكاندا بووین، ئەو لەژێر كاریگەری ڕاستڕەوەكاندا بوو، ئەو لەگەڵ حزبی شیوعی عیراقیدا هەمیشە لەمشتومڕدا بوو، باوكم ئامۆژگاری دەكردم كە پەرتووكەكانی بخوێنمەوە، هەم بۆ خۆ ڕۆشنبیریكردن‌و هەم بۆ گەشەكردنی توانستی زمانی عەرەبیم، یەكەم پەرتوك خوێندمەوە كلیلەو دیمنە بوو، باوكم خاوەن پەرتوكخانەیەكی یاسایی بوو، مەسعود محەمەد یەكێكبوو لەوانەی بەرهەمەكانیم دەخوێندەوە، چونكە نوسەرێكی بوێر بوو لەخستنەڕووی بیرۆكەكانى.

شه‌رقیه‌نیوز: گوێبستی ئەوەبووم كە خۆت ئەكاونتەكانی سۆشیال میدیای تایبەتی خۆت بەڕێوەدەبەی؟ ئەمە ڕاستە؟
سه‌رۆك كۆمار: بەڵێ خۆم تویتەرەكەم بەڕێوەدەبەم، ئەكاونتی فەیسبوكم هەیە، بەڵام بەكاریناهێنم، لەتویتەر خۆم تویتەكانی خۆم پۆستدەكەم، بەگوێرەی پێویست ناوە ناوە تویتێك دەكەم، تاڕادەیەك ئاگاداری سۆشیاڵ میدیام، لەسەرۆكایەتی كۆماریش هەڵسەنگاندنێكی سۆشیاڵ میدیام دەخەنە بەردەست، چونكە ئەو بوارە بۆتە بەشێكی گرنگی میدیاو ڕاگەیاندن‌و ژیانی گشتی.

شه‌رقیه‌نیوز: لەسایەی ئەو ململانێ سیاسییەی عێراقدا ئەو پێگە ئەلەكترۆنییانە چۆن بەكاردێن؟ پێشیلكارییان تێدا ناكرێت؟
سه‌رۆك كۆمار: نەك هەر لەوڵاتی ئێمە بگرە لەهەموو جیهان ئەو سەكۆ میدیاییە خراپ بەكاردێت‌و پێشێلكاری تێدادەكرێت، لەم تەنگژەی دوای ئەمریكاش ئەو سەكۆ ئازادە خراپ بەكارهات، هاورێیەكم هەیە لەئەمریكا كە ئەوكات پەیوەندی پێوەكردم‌و پێموت كاتی ئەوەیە لەبواری سۆشیال میدیا هەندێك وانە لەئێمە فێربن، پرسی هەواڵی درۆینەو فەیك میدا بۆتە بابەتێكی ڕۆژو گرفتێگی گەورەیە، بۆیە دەبێت بەرپرسانە ئەو سەكۆ ئازادە بەكاربێنین كە دوور لەبێڕێزیكردن‌و ڕوشاندنی ئابڕومەندی خەڵك، بێگومان ڕای ئازاد ڕێزلێگیراوەو دەبێت فراوانی بكەین‌و كۆت‌و بەندی نەكەین، بەڵام هێشتا نابێت ڕێگە بدەین ئەو میدیایە ببێتە سەكۆیەك بۆ لەكەداركردنی خەڵك.

شه‌رقیه‌نیوز: پێتوایە ئەو وتەیە ڕاستە كە دەڵێت هەرشتێك سیاسەتی تێكەڵ بێت بۆگەن‌و گەندەڵ دەبێت؟ 
سه‌رۆك كۆمار: ئەمە پەیوەستە بەشێوازی بەكارهێنانی سیاسەتەوە، سیاسەتی باش بەرهەمی باش‌و هی خراپیش بەرهەمی خراپ دەدات بەدەستەوە،  سیاسەتی سەنگاپوڕاو كۆریای باشور سەركەتوو بووە، كاتی خۆی عێراق لەپەنجاكان‌و شەستەكانی سەدەی ڕابردوو لەو دوو دەوڵەتە پێشكەوتووتر بوو، كەچی دۆخی ئێستای ئێمە چۆنەو هی ئەوانیش چۆنە، سیاسەت هۆكارێكە بۆ خزمەتكردنی گشتی، بەڵام سیاسەتی گەندەڵ بەرهەمەكەی هەر گەندەڵییە، ئێمە لەڕێگەی كارو كردەوەو ڕەفتاری سیاسییەكانەوە سیاسەتی باش‌و خراپ لێكجیادەكەینەوە، كەسی وریاو هۆشیار قسەو كرداری سیاسییەكان لێكجیادەكاتەوە، دەزانی كێ خزمەت دەكات‌و كێ خزمەتناكات، ئێمە لەناوچەكەو بەتایبەتیش لەعێراق بەهۆی بڕیاری سیاسی هەڵەوە تووشی كارەسات‌و مەینەتی زۆر بووین، بۆیە لەمڕۆدا گەندەڵى بۆتە گرفتێكی گەورە، جاری واش هەیە گەندەڵكارن خۆیان گیڤدەكەنەوەو بانگەشەی چاكسازی دەكەن، بەڵام تۆیەكی میدیاكارو هاوڵاتییانی هۆشیار دەبێت سیاسەتی چاك‌و خراپ لێكجیا بكەنەوە، بەویستی خودا هەڵبژاردنی ئایندە پاك‌و بێگەردو دادپەروەرانە دەبێت‌و باشترین كەسانێیك لێوەشاوەو دەستپاك هەڵدەبژێرن كە نوێنەرایەتییەكی ڕاستەقینەی ئەوان بكەن لەپەرلەماندا، هەر ئەمەش ڕێگە ڕاستەكەیەو ڕێگەیەكی دیكمان نییە.

شه‌رقیه‌نیوز: چۆن بتوانین ئازادی بۆ میدیاكاران دابین بكەین كە بتوانن سیاسەتمەداری گەندەڵ‌و سیاسەتمەداری خزمەتكار لێكجیا بكەنەوە، چۆن بتوانین میدیاكاران بپارێزین؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەو پرسە ئاڵۆزە، گەندەڵی ئابوورییە سیاسییەكەی توندڕەوەیە، گەندەڵی دارایی پێویستە بەپاشاگەردانی‌و توندوتیژی هەیە بۆ ئەوەی برەو بەخۆی بدات، توندوتیژیش گەندەڵی بەرهەمدێنێت، لەعیراق‌و زۆر كۆمەڵگای دیكەش گەندەڵی پەیوەستە زاڵبوون بەسەر دەرامەتەكانی وڵاتەوە، لیرەشەوە پەنا دەبەنە بەر میدیا تا خەڵكی بخەنەبەر كاریگەری خۆیان‌و لەهەڵبژاردنەكان سودی لێوەرگرن، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ ساختەكاری‌و گەندەڵكاران دێنیتە پێشەوەو ئەوانیش درێژە بەڕەوڕەوەی گەندەڵكاری دەدەن، بۆیە كە میدیا ڕاستگۆ  ڕێكخراوو تۆكمە نەبێت، دەبێتە بەشێك لەو سیستەمی گەندەڵكارییە، چونكە پەیوەندییەكی ڕاستەوانە هەیە لەنێوان تیرۆرو میدیای گەندەڵ‌و سیاسەتمەداری گەندەڵ‌و هەروەها دەستتێوەردانە دەرەكییەكان، ئەمانە هەمووی كۆسیستەمێكن‌و بەیەكەوە كاردەكەن‌و دەستبار بۆ یەكتردەگرن، ئەمرۆ لەكۆبوونەوەیەك بووم‌و باس لەوەكرا بۆچی هەڵبژاردنەكان گرنگن، وه‌ڵامەكه‌ ئاسانە؛ جێگرەوەی هەڵبژاردن تەنها كودەتاو پاشاگەردانی شەقامە، هیچ كەسیش ئەوەی ناوێت، بۆیە ڕێگەی چاكسازی‌و خزمەتگوزاری وڵات‌و نیشتمان هەڵبژاردنێك پاك‌و بێگەردە، بەڵام هەڵبژاردنی ساختە كەسانی ساختەكار دێنێتەسەر كورسی دەسەڵات، گرفتی هەڵبژاردنی پێشوو ئەوه‌بوو كە ژمارەیكی زۆری هاوڵاتییان بەشداریان تێدانەكرد، بۆیە هاوڵاتییان ئەوان بەنوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان نازانن، ئەوەی لەئێستادا زۆر گرنگە كە دامەزراوە دەستورییەكان وه‌ڵامدەرەوەی داواكارییەكانی شەقامن لەئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختەی پاك‌و بێگەرد، من واقعیم‌و پەی بەگەورەی ئاڵنگارییەكانی عێراق دەبەم، ئەوەی پێمبكرێت بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی ئایندە دەیكەم، ئەمەش هەنگاوێكى گرنگە بەرەو پێشەوە، دەشزانم كە بەدرێژایی دەیەها ساڵی ڕابردوو چەندەها بەرژەوەندی ناشەرعی ڕەگیان داوكوتاوەو بوونەتە ئاڵنگاری گەورەی بەردەم چاكسازی‌و حوكمڕانییەكی مەدەنی كە بەسوك‌و ئاسانی دەستبەرداری ئەو بەرژەوەندییە ناشەرعییانەی خۆیان نابن، بۆیە ململانێكە سەخت‌و دژواردەبێت، بۆیە دەبێت هاوڵاتی‌و میدیای ئازادو سیاسەتمەداری نیشتمانپەروەر هاریكاری‌و هەماهەنگی یەكتربن، ئەگەرن پاش ساڵێكی دیكە گرفتەكانمان چارەسەر نەبوون‌و هەروەك خۆیان دەمێننەوە، كاتی ئەوە هاتووە بنەما سەرەكییەكانی كاركردنی پێشوومان بگۆڕین كە وڵاتى گەیاندۆتە ئەم دۆخە ناهەموارە كە عێراقییەكانی توشی تەنگوچەڵەمەی گەورەكردووەو وڵاتی كۆت‌و بەندكردووەو باجەكەشی قورس‌و گرانبووە بۆ هاوڵاتییان، بۆیە كاتی ئەوەیە یەكەم هەنگاو بهاوێژین‌و هەڵبژاردنی ئەمجارەش ئەو هەنگاوە مەزنەیە.

شه‌رقیه‌نیوز: هەركات‌و سەردەمێك دۆخی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە دەپرسم كە جیاوازی نێوان سەردەمی جەنابت‌و د.فوئاد مەعسوم‌و مام جەلال تاڵەبانی چییە؟
سه‌رۆك كۆمار: سەردەم‌و كەسایەتییەكان لێكجیاوازن، مام جەلالی ڕەحمەتی خاوەن پێگەو ناوناوبانگی تایبەتی خۆیەتی، د. فوئاد مەعسوم خاوەن پێگەو ئەزموونی سیاسی تایبەتی خۆیەتی، بۆیە ناكرێت من وڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوەو دەبێت كەسانی دیكە قسەی لەسەربكەن‌و وڵامی بدەنەوە، بەڵام ئەوەی زیاد لەپێویست لەحوكمڕانیدا بمێنیتەوە ئاكامەكەی باشنابێت، دەستور ئەمەی دیاریكردووەو مانەوە لەحوكمڕانی لەدوو خول زیاتر پێویست نییە، ئەمە بۆ من‌و كەسانی دیكەش ڕاستە.

شه‌رقیه‌نیوز: بەڕێزتان زۆر باسی مەدەنییەتتان كرد، تاچ ڕادەیەك دەكرێت سیاسەتی لەئاین جیابكرێتەوە یان سیاسەتی مەدەنی لەسیاسەتی ئاینی جیابكرێتەوە؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەم پرسە زۆر گرنگە، بۆیە دەمەوێت كەمێك بەتێروتەسەلی لەوبرەوە بدوێم، كۆسیستەمی بەها ئاینییەكان بۆ هەموو كۆمەڵگاو تاكیك گرنگە، بەدیدی من ڕۆژهەڵات تووشی دووكارەسات بووە؛ یەكەم تێگەیشتنێكی ستەمكارانە لەعەلمانییەت كە داوادەكات ئایین بەشێوەیەی ناڕەوا لەژیانی گشتی جیابكرێتەوە، ئەم تێزە بەشێوەیەكی توندڕەوانە پراكتیزە كرا، وەك لەتوركیا ڕوویدا یان لاى نەتەوەپەرستییەكانی عەرەبەوە كە بانگەشەی نوێگەرییان دەكردو خەلافەتی عوسمانیان پێ كۆنەپەرست بوو، دووەم نەتەوەپەرستی ئیتنیكی ئەویش چمێكە لەئەوروپاوە هاتوو وەك پارتی توركیای فەتات‌و عەرەبە نەتەوەپەرستەكان‌و كوردە نەتەوەپەرستەكان، نەتەوایەتی ئازادیخوازانە جێگەی شانازییە، ئێمە وەك كورد‌و عەرەب شانازی بەئینتمایی نەتەوەیی خۆمان دەكەین، بەڵام نەتەوەپەرستییەك بگاتە ڕادەی ستەمكاری دژ بەوانی دیكە دەبێتە ڕەگەزپەرستی‌و زۆر لێكنزیك دەبنەوە، وڵاتەكەمان گیرۆدەی ئەم دوو چەمكە خۆرئاواییە بوو كە هیچیان بۆ ئێمە گونجاونین، ئەوەی بۆ ئێمە گونجاوە مەدەنییەتە، زۆر تێز لەئیسلامدا هەن سەبارەت بۆ دەوڵەتی مەدەنی، ئایین لەئەمریكاو ئەوروپا وەك كۆسیستەمێكی بەهای باڵا لەناو كۆسیستەمی دەوڵەتدا ڕێزلێگیراوە، ئەوان هەموو شتێكی ئاینی ڕەتناكەنەوە، بەڵام نابێت ئایین ببێتە ئامرازێك بەدەست چەند سیاسییەكەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ كارو كردەوەكانیان‌و ئەمە قبوڵكراونییە، پەروەردگارو ئاین موڵكی هەمووانە، ئاین لەوە گەورەترو باڵاترە ببێتە ئامرازێكی پاساوهێنانەوە بەدەست ئەم‌و ئەوەوە، لێرەوە دەوڵەتێكی مەدەنی پێویستی ئێمە پڕدەكاتەوە، دەستوری عێراقیش مەدەنیەتی پەسەندكردووە باسی لەوەشكردووە كە زۆرینەی عێراقییەكان موسڵمانن‌و ئایینی دیكەش هەن، بۆیە نابێت یاسایەك دابڕێژرێت كە دژ بەئاین یان مەدەنییەت بێت، بۆیە دەوڵەتێك مەدەنی دەتوانیت مافی هاوڵاتییەكانی‌و كۆسیستەمی بەها باڵاكانیان بپارێزێت‌و ڕێزیان لێبگرێت.

شه‌رقیه‌نیوز: بەڕێزتان باسی ئەوەتان كرد باوكت ویستویەتی بواری پزیشكی بخوێنی، دەشڵێن كوڕو كچان ڕێچكەی باوانیانیان دەگرن، پێتچۆنە ئەگەر منداڵەكانت ڕێچكەی باوكیان بگرن؟
سه‌رۆك كۆمار: كوڕو كچەكەم گرنگی بەدۆخی سیاسی عێراق دەدەن، بەڵام بەشداری تێداناكەن، لەبورارەكانی ژینگەو لێكۆڵینەوەكاندا كاردەكەن، خۆم‌و هاوسەریشم كۆكین لەسەرئەوە كە لەبەر چەند هۆكارێك باش نییە كوڕو كچ زاوای بەرپرسان لەسایەی باوانیاندا بێنە ناو كایه‌ی سیاسییەوە، ئەمە دیاردەیەكی باش نییە، بەڕەهایی ئەو قسەیە ناكەم، بەڵام بەگشتی ئەوان ئەو حەزەیان نییەو منیش ئامۆژگاریان ناكەم ئەو حەزو خولیایەیان هەبێت، من شانازیان پێوەدەكەم، ئەوان لەپڕۆسە سیاسی عێراق‌و هەرێمی كوردستاندا پشكدار نین‌و كاری سیاسی ناكەن، ئەوان نایەنەوێت‌و منیش پێمباش نییە.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابتان باسی مەدەنی بوونی دەوڵەتتان كرد، فەرموتان پێویستە مەدەنییەت بخرێتە سەرووی نەتەوایەتییەوە، هەر چەند تۆ عێراقی بەڵام ئاخۆ كوردبوونت تۆی نەخستۆتە بەردەم دوو بەرداشی نەتەوایەتی‌و مەدەنیەتەوە یان ناوەندە سیاسییەكەت لەنێوان هەولێرو بەغدا توشی ڕوگیری نەكردووی؟
سه‌رۆك كۆمار: ڕاستییەكەی من ئەمە وەك دوو بەرداش سەیرناكەم، من كوردم‌و شانازیشی پێوەدەكەم‌و خەبات‌و تیكۆشان كورد لەناخ‌و دڵ‌و دەروونم دایەو هەرگیز ناتوانم دەستبەرداری ئەو مێژووەم بم كە پڕیەتی لەكارەسات‌و نەهامەتی، لێرەو لەناو كۆشكی سەرۆكایەتییەوە هەمیشە هەڵەبجەو ئەنفال‌و ڕاگواستن‌و ستەمكاری برا كوردەكانم لەیادە، زیندان‌و هاوڕێیانی تێكۆشان‌و خەباتم لەیادن كە لەپێناو قەوارەیەكی كوردیا خەباتیان كردووە، كوردەكان بەدرێژایی مێژوو خۆیان لەپێناو ناسنامەو مافەكانیاندا تووشی ستەمكارو توندوتیژی زۆر هاتوون، لەهەموو رێككەوتننامەو بەڵگەنامە نیودەوڵەتییەكاندا بێبەشبوون لەدیاریكردنی چارەنووسی خۆیان، ئێمە ئێستا هاوڵاتى عێراقیین‌و نیشتمانی ئێمەیە، ئەم وڵاتە لەوڵاتانی دیكە جیاوازە، وڵاتێك فرە نەتەوەو ئاین‌و ئیتنیكە لەعەرەب‌و كوردو توركمان‌و مەسیحی‌و شیعەو سوننەو باقی پێكهاتەكانی دیكە، ئەم جیاوازییە گوزارشت لەفرەیی دەكات، دەكرێت عیراقی بیت‌و شانازی بەعەرەب بوون‌و كوردبوونی خۆتەوە بكەی، هاوڵاتییەك لەبەسڕەو سلێمانی‌و نەجەف‌و شنگال هەمان هیواو ئاواتیان هەیە، یادی جەژنەكانی یەكتر دەكەنەوە، ئەو فرەییە دژیەكی ناگەیەنێت، لەساڵی 1976 كاتێك شۆڕشی كورد هەرەسیهێنا، باوكمیان دوورخستەوە بۆ سەماوەو 4 ساڵ لەو شارەدا مایەوە، لەماوەیەدا هەستی بەنامۆیی‌و غەریبی نەكرد، وەك ئەوەی لەناو كەسوكاری خۆی بێت، پەیوەندی‌و دۆستایەتی زۆری لەگەڵ خەڵكی ئەوشارەدا دروستكرد، كاتێك لەسەماوە منیان دەستگیركرد، چەند كەسایەتییەكی ئەوشارە یارمەتیدەربوون لەئازادكردنم، زۆرێك لەعەرەبەكانی ناوەڕاست‌و باشورو لەموسڵەوە هاتونە هەرێمی كوردستان‌و شاری سلێمانی‌و هەولێرو دهۆك، ئێوە بەراوردێك لەنێوان ئەو عەرەبانە بكەن كە لەدوای هاتنی داعش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون لەگەڵ ئەو عەرەبه‌ سورییانەی ئاوارەی چەند وڵاتێك دەوروبەربوون، لێیان بپرسن ئاخۆ لەهەرێمی كوردستان هەستیان بەنامۆبوون كردووە، بێگومان نەخێر، مەبەستم ئەوەیە كە كێشەی نێوان هەولێرو بەغدا سیاسییە، كەسانی سیاسی لەكوردو عەرەب هەن كە دەیانەوێت ئەو ناكۆكییە سیاسییە بگۆڕن بەناكۆكی سیاسی نێوان گەلی عەرەب‌و گەلی كورد، بۆیە من وەك یەك بەرگری لەمافی هەرێمی كوردستان دەكەم‌و ناوچەكانی دیكەی عێراق دەكەم، ناكرێت هیچ لایەك بەشی لایەكی دیكە بخوات، گرفتی ئێمە خراپ بەڕێوەبردنی وڵاتەكەمانە كە هەندێك ناوچە بێ خزمەتگوزارین نەوەك پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، چونكە بەهێزی هەرێمی كوردستان هێزە بۆ ناوچەكانی دیكەی عێراق‌و بەپێچەوانەشەوە، كەسانێك هەن پێیانوایە پشێوی لەبەغدا هەلێكی سیاسییە بۆ ئەم‌و ئەو، بەڵام كاتێك داعشی تیرۆریست هێرشیانكردەسەر عێراق بەڕوونی بۆمان دەركەوت كە لەمامەڵەكردندا جیاوازییەكان بەعێراقییەكان نەكردو وەك یەك ستەمییان لێكردن، ڕاستە ئێزدی‌و مەسیحییەكان زیانی زیاتریان پێگەیشت.

شه‌رقیه‌نیوز: مەبەستی جەنابتان چییە كە پشێوی لەعێراقدا هەلێكی سیاسییە بۆ هەندێك كەس‌و لایەن؟
سه‌رۆك كۆمار: ئێمە باسمان لەگەندەڵی كردو وتمان گەندەڵی بەردەوامی بەتوندوتیژی‌و پاشاگەردانی دەدات، سیاسی هەن كە پشێوی بەدەرفەتێك دەزانن‌و وەك مشەخۆرێك لەسەری دەژین، بالۆرەی نەتەوایەتی كوردی یان عەرەبی لێدەدەن بەو ئامانجەی لەهەڵبژاردنەكاندا دەنگی هاوڵاتییان بەدەستبێنن‌و چەند پۆستێكی حكومی‌و پەرلەمانی بۆ خۆیان مسۆگەربكەن، ئەم چەشنە سیاسییانە هەن‌و دەبێت خەڵكیش بیانناسن، ئەو جیاوازی‌و فرەییە دەبێت ببێتە سەرچاوەیەك بۆ دەوڵەمەندی‌و بەهێزی عێراق.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابی سەرۆك من مەبەستم فشاری هەردووك لایە كە دەیانەوێت بتخەنە ژێر فشارەوە؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەوەی من بناسێت دەزانێت ناچمە ژێر باری فشاری هیچ كەسێك‌و لایەنێكەوە، بەدڵنیاییەوە بەبەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان ئاشنام‌و بەوە ڕازینابم لەمافە دەستوری‌و یاساییەكانیان كەمبكرێتەوە، هاوكات براكانم لەناوەڕاست‌و خواروى عێراق‌و ناوچەكانی دیكە هەمان مافیان بەسەر منەوە هەیە، ئەركی منە وەك سەرۆك كۆمار وەك یەك داكۆكی لەمافی هەموویان بكەم.

شه‌رقیه‌نیوز: ئەو گەشبینییەی پێشوو باستكرد پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغداش دەگرێتەوە؟
سه‌رۆك كۆمار: بەڵێ بێگومان، ماوەیەك لەمەوپێش پەیوەندییەكان ئاڵۆزو خراپبوون‌و زۆرێك پێیانوابوو لەگرێژنەچوون، بەڵام ڕێككەوتن لەسەر بودجە كراو دۆخەكە بەرەو نزیكبوونەوە چوو، هیوامە بتوانین یاسای نەوت‌و گازو یاسای دەرامەتە داراییەكان پەسەندبكەین‌و ئەو مادە دەستورییەش پراكتیزە بكەین كە پەیوەستە بەسندوقی دەرامەتە داراییەكان، ئێستا تیمێك لەسەرۆكایەتی كۆمار خەریكی گەڵاڵەكردنی ئەو یاسایانەن لەگەڵ هەمواركردنەوەی چەند بەندێكی دەستوری كە دەكرێت لەسەریان ڕێكبكەوین، لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەكانی ئایندە ئەو پرسانە بێنەگۆڕی بەو مەرجەی لەسەریان بسازێین.

بابگەرێینەوە ناو ڕەوتی ڕوداوە مێژووییەكانی عێراق، 2003 وەرچەرخان‌و گۆڕانكاری گەورە ڕوویاندا، بەڵام دوای تێپەڕبونی 18 ساڵ زۆرینەی عێراقییەكان ناڕازین، كوردو عه‌رەب‌و شیعەو سونەو بەسڕه‌و سلێمانی ناڕازین، هیواین بەچاكسازی بونیادگەراییە، لەشەقام‌و میدیاو كۆڕی دەستەبژێرەكانی كۆمەڵگا مشتومڕی زۆر دەكرێت لەوبارەوە كە چۆن چاكسازی لەحوكمڕانیدا بكەین، هیوامە هەڵبژاردنی ئایندە ئەو دۆخی چاكسازییە بڕەخسێنێت، ئەوانەش كە دەیانەوێت یاری لەسەر پەتی ناكۆكی نێوان كوردو عەرەب بكەن، پێیان دەڵێین ئەو سەردەمە بەسەرچوو، ئەو بازرگانییە چی دیكە ڕەواجی نەماوە، ئەوان دەیانەوێت بەو دروشمە بەسەرچووانەوە سەرقاڵمان بكەن تاوەكو لەگەندەڵییەكانیان بێئاگابین، عیڕاقییەكان ئازدی‌و شكۆمەندى‌و حوكمڕانییەكی باشین دەوێت، تۆ وەك میدیاكارو خەڵكی دیكەش ئەوەیان دەوێت، بۆیە فرەییمان هێزە، دۆڵی ڕافیده‌ین بەو مێژووە مەزنەی هەیەتی دەبێت ببێتە سەرچاوەی هێزو خۆشگوزەرانی بۆ دانیشوانەكەی نەوەك ببینە دەستكەلای ئەم‌و ئەو.

شه‌رقیه‌نیوز: بەڕێزتان وتتان ناچنە ژێر باری فشارەكان، چەندجار هەڕەشەی دەستلەكاركێشانەوەت كردووە؟
سه‌رۆك كۆمار: تەنها یەكجار؛ هەڕەشەش نەبووە، چونكە من هەڕەشە ناكەم، بەڵكوهەڵوێست وەرگرتن بوو، ڕاستە پۆست‌و پایە گرنگ‌و خۆشەویستە، بەڵام كاربگاتە ئەوەی شتێك بێتە پێشەوە كە ویژدانم قبوڵی نەكات، هەرگیز قبوڵی ناكەم‌و لەو پۆستەدا نامێنمەوە، لەماوەی خۆپێشاندانەكانی شەقامدا هەڵوێستم وەرگرت بەوەی دەستلەكاربكێشمەوە، ئەمەش دوای دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕوویدا، ئەمەش ڕوون‌و ئاشكرایەو شاراوە نییە، هۆكاریش ئەوەبوو كە هەندێك كەسولایەن دەیانویست پاڵێوراوێكی دیاریكراو بۆ سەرۆكایەتی حكومەت بسەپێنن‌و منیش پەسەندی بكەم‌و ڕایسپێرم.

شه‌رقیه‌نیوز: تۆ یەكەم سەرۆكی كوردی كە لەدەرەوەی نوسینگەكەت لەكۆشكی سەلام لەمیوانخانەی باخچەكەت پێشوازی لەمیوانەكانت دەكەیت؟
سه‌رۆكى كۆمار: لەنووسینگەكەى خۆشم پێشوازی لەمیوانەكانم دەكەم، بەڵام هەندێكجار لەمیوانخانەی دەرەوە ئەوكارە دەكەم، ئەو میوانخانەیە خەسڵەتێكی گرنگ‌و تایبەتی هەیە؛ چونكە پاشماوەیەكی شارستانی مەزنە، وەك من بزانم كۆنترین جۆری باڵەخانەیە لەمێژووی مرۆیدا، وەك ئەندازیارێك‌و ژینگەدۆستێك ئەو قسەیە دەكەم، دكتۆرە سەرباغی هاوسەریشم گرنگی ژینگەپارێزی دەدات‌و خۆشت وەك وتت لەزانكۆی ئەمریكی لەسلێمانی خوێندووتە‌و ئەمەت بەچاوی خۆت بینیوە، من چومە ناوچە زۆنگاوەكانی عێراق‌و چەند هاوڕێیەكم لەناسڕییە ئەو میوانخانەیان وەك دیاری پێبەخشیم كە هەم چێژی لێوەردەگرم‌و هەم شانازیپێوە دەكەم، ئەمە سامپڵەی بینسازییە نموونەیەكە لەشارستانیەتی نێوان دوو ڕووبارەكە، نەك هەر لەڕوانگەی دیزاین‌و شێوەوە، بەڵكو لەڕووی پلەكانی گەرمی‌و ژینگەدۆستی، هزرو ئایین، كە پاپا سەردانیكردین زۆر بەجۆش‌و خرۆشەوە باسی لەشارستانیەتی نێوان دوو ڕووبارەكە كرد وەك سەرچاوەی ئایین‌و شارستانییەتەكان، شانازی پێوەدەكەین‌و كۆلكەی هاوبەشی نێوانمانە، چەند دیارییكەمان لەبیناسازی‌و خاچ‌و عەبایەكی نەجەفی‌و كوڵاوێكی كوردی پێشكەشی پاپا كرد، جەنابیشیان چەند دیارییەكیان پێشكەشكردین.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابی سەرۆك وەك دەبینم تۆ سەرسامی بەفۆلكلۆرو كەلەپوری عێراقی؟
سه‌رۆك كۆمار: مێژووی عێراق مەزنە، فرەیی دانیشتوانەكەشی سەرچاوەیەكە بۆ دەوڵەمەندی وڵاتەكە، لەهەموو ناوچەكان شارستانی هەمەجۆر هەیە.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابتان بەشداری لەپێشانگا جۆراوجۆرەكان دەكەن؟
سه‌رۆك كۆمار: بەغداش شاری ڕۆشنبیریی‌و هزرو پێشكەوتن بووە، ئەمشارە مەڵبەندی شانۆو پێشەنگاو هونەرەكانە، تاڕادەیەك ئاگاداری چالاكییە هونەرییە جۆراوجۆرەكانم‌و گرنگیان پێدەدەم، هەروەها گرنگی بەپێشەنگای پەرتووكیش دەدەم.

شه‌رقیه‌نیوز: چ لەبارەی خۆپێشاندانەكانی تشرینەوە دەڵێیت؟
سه‌رۆك كۆمار: بزاوتێكی كۆمەڵایەتی ڕەسەن بوو، داواكاری چاكسازییان دەكرد، دروشمێكی سادەو بەهێزیان هەبوو "نیشتمانمان دەوێت"، ویستیان تۆمەتی ئەوەی بدەنەپاڵ كە دەستی دەرەكى لەپشتە، بەڵام ئەمە ڕاست نییە، هەبوون ویستیان ئەم بزاوتە بقۆزنەوەو بەلاڕێیدا بەرن، بەڵام بەڕەسەنی مایەوە، لەهەرێمی كوردستانیش داواكاری بۆ چاكسازی هەبوو، بزاوتی تشرین بەشێك لەئامانجەكانی خۆی پێكا؛ وەك یاسای هەڵبژاردن كە چەند ڕۆژێك لەمەوپێش واژۆم كرد، هەروەها گۆڕینی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، هەموو ئەمانە داواكاری جەماوەری خۆپێشاندەر بوون، ئەمەش خاڵێكی ئەرێنی ئەو بزاوتە بوو، هاوكات‌و وێڕای گرفتەكانیشیمان، بەڵام بەدەم ئەو داواكارییانەوە چووین‌و دانمان بەڕەوای داواكارییەكان دانا، دوا ئەو ماوە دورودرێژە عێراقییەكان داوای ئازادی‌و شكۆمەندی‌و سەروەری‌و حوكمڕانییەكی ڕەشید دەكەن، ئێستا كاتی ئەوەیە دەستپێبكەین‌و وڵامدەرەوەی شەقام بین.

شه‌رقیه‌نیوز: هەمیشە بەڕێزتان دەڵێن چارەسەر لەبەغدایە نەوەك شوێنی دیكە؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەم قسەیە پەیوەستبوو بەپەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا، لەناو ماڵی كوردا مشتومڕی زۆر هەبوو لەو بارەوە، پێموایە چاسەر لەبەغدایە نەوەك تاران‌و ئەنكەر‌و واشنتۆن، كێشەی نێوان كوردو حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق كەڵەكەبوون، ئەم حكومەتەی ئێستا جیاوازە، ئێمە دەستورێكمان هەیە بۆ چارەسەری گرفتەكانمان پەنای بۆ بەرین كە خۆمان پەسەندمان كردووە، بە ئەزموونی ساڵانی پێشوو بۆمان دەركەوتووە كە پێویستیمان بەگفتوگۆیەكی نیشتمانی بوێرو ڕاشكاو هەیە، چەندەهاجار ئەوەم بەڕوون‌و ئاشكرایی وتووە، وتومە پێویستیمان بەپەیمانێكی سیاسی تازە هەیە، چونكە دوای 18 ساڵ لەڕوخانی ڕژێمی پێشوو چی دیكە ناتوانین پاساو بەپاشماوە بەجێماوەكانی ڕژێمی پێشوو بێنینەوە، دەبێت بەرپرسانە شكست‌و هەڵەكانمان لەئەستۆ بگرین، عێراقییەكان شایستیە چیانێكی باشترن، پێویستیمان بەگفتۆیەكی نیشتمانی ڕاستەقینەی ڕاستگۆیانەی ڕاشكاوی نێوان لایەنە ناكۆكەكان هەیە، لەهەموو عێراق ناڕەزایی هەیە، هەرچەندە دوای ڕوخانی ڕژێم دەستكەوتی باش هەبوون، بەڵام چاومان لەدەستكەوتی زیاترە، پێویستە چاكسازی بكەین، كۆبینەوەو گفتوگۆ بكەین‌و باسیان بكەین، دۆخی پارێزگاكان‌و پەیوەندی نێوان دەسەڵاتی یاسادانان‌و جێبەجێكردن پێویستی بەتەگبیرسازی تازەو باشتر هەیە كە بتوانێت كەموكوڕیەكان چارەسەربكات، كێشەی سیاسی‌و ئەمنی‌و هی دیكەش هەن، بێكاری گەنجانی وڵات یەكێكە لەكێشە گەورەكان‌و دەبێت چارەسەرێكی بۆ بدۆزینەوە، بەم تەرزە حوكمڕانییەی ئێستا ناتوانین هیواو ئاواتەكانی گەنجان دەستەبەربكەین.

شه‌رقیه‌نیوز: ئەو پەیمانە سیاسییە تازە چۆن دێتەكایەوە؟ سیستەمەكە ببێتە سەرۆكایەتی یان دەستور بگۆڕین یان چۆن؟
سه‌رۆك كۆمار: بەدڵنیاییەوە داواكارییەكی خۆپیشاندانەكانی تشرین هەمواركردنەوەی دەستور بوو، من لەگەڵ زۆرێك لەو كارەكتەرە كۆمەڵایەتییەكان كۆبوومەوە، بەڵینمان پێدان ئەوكارە بكەین، داواكارییەكان ڕەوا بوون‌و دەستوریش داخراو نییەو پێویستی بەچاوپێداخشانەوە هەیەو دەكرێت هەمواری بكەینەوە، بۆ ئەم مەبەستە چەندەها شارەزایی دەستوری‌و یاساییمان بانگكردو ئەو پرسەمان خستە بەردەستیان، ئەوانیش چەندەها هەمواركردنەوەیان پێشنیازكرد، لەپەرلەمانیش چەند لیژنەیەكی پسپۆڕ ئەو پرسەیان تاووتوێكرد، ئێستا ئەو پێشنیازانەمان خستۆتە بەردەست هێزە سیاسییەكان، ئایا وا باشە بیخەینە بەردەست پەرلەمانەكەی ئێستا یاخود چاوەڕێی پەرلەمانی ئایندە بكەین، هەموو ئەم هەنگاوانە نزیكمان دەكاتەوە لەبونیادنانی دەوڵەتێكی مەدەنی.

شه‌رقیه‌نیوز: خودی پێشنیازی پەیمانێیك سیاسی تازە بوێرییە، بەڵام ئەو پەیمانە چییە؟
سه‌رۆك كۆمار: ئەم پەیمانە تەنها لەسەر قسەی سەرۆك كۆمار یان بەرپرسێكی دیكە دانامەزرێت، بەڵكو دەبێت بەرئەنجامی گفتوگۆو دانوستان بێت، بۆ نمونە ئه‌و سیستەمەی لەئێستادا پارێزگاكانی پێوە بەڕێوەدەچێت سیستەمێكی گونجاوە بۆ خزمەتكردنی هاوڵاتییان، من وەك زۆركەسی دیكە باوەڕەم بەوەیە پارێزگار لەلایەن خودی دانیشتوانی پارێزگاكەیەوە هەڵبژێردرێت، تاوەكو بەهێزتربێت باشتر بتوانیت خزمەتی پارێزگاكەی بكات، ئەمشە بۆتە دواكارییەكی خەڵك، دەستوریش ڕێگە بەو میكانیزمە نادات، بۆیە دەبێت دەستور هەمواربكرێتەوە، هەندێك دەقی دەستور هەن ناكۆكیان لەسەرەو پێویستیان بەگفتوگۆو وتوێژ هەیە.

شه‌رقیه‌نیوز: لەیادی 100 ساڵەی دامەزراندنی عێراق نزیكدەبینەوە، چ لەوبارەوە دەڵێی؟
سه‌رۆك كۆمار: لەو ماوە دوورودرێژەدا لایەنی باش‌و خراپ هەبوو، بەتایبەتی لە40 ساڵی ڕابردوودا، ئەو دەوڵەتە سەرباری توانستە مرۆیی‌و مادییەكانی كەچی وه‌ڵامدەرەوەی هیواو ئاواتی ڕۆڵەكانی نەبووە، من پێموایە لەساڵی 1958 گرفتەكان دەستییان پێكردو كەلێنەكان گەورەبوون، لەسەردەمی پاشایەتیدا هەوڵی جدی هەبوون بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی نیشتمانی مەدەنی لیبڕاڵی، بەڵام دواتر چەندەها كۆدەتای سەربازی سەریانهەڵدا، جەنگ لەگەڵ كوردەكاندا بەرپابوو، دواتر جیاكاری تایەفی‌و جەنگەكان‌و گۆڕە بەكۆمەڵەكان‌و بەمشێوەیە، لە2003وە چەندەها شكست‌و گرفتی گەوره‌مان هاتنەڕێ، بەڵام چی دیكە وڵات ئاوا بەڕێوەناچێت، لەوكاتەوە دەستورێكی باشمان نووسیەوە، دوای بۆمان دەركەوت كەموكورتی تیدایە، پێویستمان بەوەیە هەمواری بكەینەوە، بەڵام بەگفتوگۆو دانوستان نەك كودەتاو پشێوی‌و توندوتیژی، بەڵكو لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە.

شه‌رقیه‌نیوز: لەو 100 ساڵەدا ململانێی ناسنامەمان هەبووە؟
سه‌رۆك كۆمار: بەڵی ئەو كێشەمان هەبووە، من كوردم، بەهۆی جەنگ دژ بەكوردستان كوردەكان توشی ستەمكاری زۆربوون، بابای كورد چۆن دەتوانێ ئینتیمای بۆ دەوڵەتێكی لەمجۆرە هەبێت، ئەوه‌ بۆ شیعەو سونه‌كانیش ڕاستە، بۆیە دەبێت جیاوازی یەكتر قبوڵبكەین‌و بیكەینە سەرچاوەی یەكڕیزى‌و یەكبوون‌و حوكمڕانییەكی ڕەشید، گەندەڵی باوەڕو ئاین‌و نەژاردو تایەفە ناناسێت، ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی تایبەتی تەسكە، گەندەڵكاران یەك تایەفەو بەرەبابن، هاوڵاتییانی عێراق یەك هیواو ئاواتییان هەیە، ئەویش ژیانێك شكۆمەندانەو حوكمڕانییەكی ڕەشید، ڕاستی بابەتەكە ئەمەیە نەوەك یاریكردن لەسەر پەتی دروشمی نەتەوەیی‌و ئاینی‌و ئیتنیكی، خۆشكردنی ئاگری ناكۆكییەكان پەناگەو پاڵشتییە بۆ گەندەڵكاران‌و بەردەوامی توندوتیژی‌و پشێوی‌و پاشاگەردانی.

شه‌رقیه‌نیوز: ئایە ئەمە دیدگایە واقعییە؟
سه‌رۆك كۆمار: من بابەتەك ڕوون دەكەمەوە، من بەشێكم لەو واقعە، ئێمە كە ئێستا گفتوگۆ دەكەین هەریەكەمان خەڵكی  ناوچەیەكین، ئەوەی لێی دڵنیام هەموومان خزمەتگوزاری‌و ماددی‌و مەعنەویمان پێویستە‌و هەوڵ‌و كۆششی بۆ دەكەین، ئاسایش‌و دادپەروەریمان دەوێت، ئەم داواكارییانە ئێمە كۆدەكەنەوە، بۆیە پێویستیمان بەدەوڵەتێكی مەدەنییە كە دەستورو یاسایەكی باش حوكمڕانی بێت.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابت باسی هەڵبژاردنێكی پاك‌و بێگەردت كرد، هەنگاوەكانی چین؟
سه‌رۆك كۆمار: هەنگاوەكانی بریتین لەدامەزراندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان‌و تۆماری بایۆمەتری‌و چالاككردنی ڕۆڵی نەته‌وەیەكگرتووەكان‌و دابینكردنی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیك زیان بەسەروەری‌و سەرەخۆی وڵات نەگەیەنێت، لەمەشدا پێویستیمان بەیارەتی دۆست‌و هاوڕێكانمان هەیە، تا هاوڵاتیان متمانەیان بەهەڵبژاردن هەبێت‌و بەفراوانی بەشداری تێدا بكەن‌و بەدەستی خۆیان چارەنووسی ئەم وڵاتە دیاریبكەن دوور لەدەستتێوەردانی دەرەكی.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابی سەرۆك دەڵێن ئەم هەڵبژاردنە دوا دەرفەتە بۆ دەسەڵاتی سیاسی ئێستای عێراق؟ 
سه‌رۆك كۆمار: بەڵێ ئەمە ڕاستە، ئەمە ڕای زۆرێك لەبەرپرسانی دیكەی عێراقە، بەرجەستەی ڕای گشتی عێراق دەكات، دەبێت ئەو سیستەمەی ئێستا بگۆڕێن‌و پێویستیمان بەچاكسازییەكی گشتگیر هەیە، بۆیە هەڵبژاردن یەكلاییكەرەوەیە، ئەمە ڕێگە ڕاستەكەیە، بەپێچەوانەوە پشێوی‌و پاشاگەردانی جێی دەگرێتەوە كە عیراقییەكان قبوڵیناكەن.

شه‌رقیه‌نیوز: ئەگەر گومان كەوتەسەر پاكو بێگەردی هەڵبژاردنەكان؟
سه‌رۆك كۆمار: هیوامە پڕۆسەكە پاك‌و بێگەردبێت، لەسەرەتاشەوە كارمان بۆ ئەوەكردووە، من توانستی ساختەكاران بەكەم ناگرم كه‌ هەڵبژاردنی پێشووی كردە قوربانی‌و توشی گرفتی گەورەی كردین، بۆیە كار لەسەر چەند میكانیزمێك دەكەین بۆ ڕێگریكردن لەیاریكردن بەدەنگی هاوڵاتییان.

شه‌رقیه‌نیوز: ئایا بەڕێزان حەلبوسی‌و كازمی لەپۆستەكانیان دەمێننەوە؟
سه‌رۆك كۆمار: هەڵبژاردن ئەمە دیاریدەكات، بۆیە قسە لەسەر ئەو بابەتە ناكەم، كاری ئێمە ئەوەیە بوار بۆ هاوڵاتی عێراقی بڕەخسێنین كە بەشداری لەهەڵبژاردنێكی پاكو بێگەردا بكات‌و یاری بەدەنگەكانیانەوە نەكرێت.

شه‌رقیه‌نیوز: ئەی چ دەڵێن لەبارەی چەكی لەدەست دەرچوو؟
سه‌رۆك كۆمار: پێویستی بەچەند ڕێوشوێنەكە، ئەمە بەهۆی لاوازی دەوڵەتی عێراقەوە پەیدابووە، كارەكە ئاسان نییەو سەخت‌و دژوارە، ئاڵنگارییەكی گەورەی بەردەمی پڕۆسەی سیاسییە، عێراقییەكان چی دیكە دۆخێكی لەو جۆرە قبوڵناكەن، بەهیچ پاساوێك بەوە حاڵەی ئێستا ڕازینابن، چی دیكە دەوڵەتی عێراق ناتوانیت بەرامبەر ئه‌و دیاردەیە دەستەوەستان‌و بێدەنگ بێت‌و بەرگەی ئەو بێ یاساییە ناگرێت.

شه‌رقیه‌نیوز: جەنابی سەرۆك تۆ وتەیەكی بەناوبانگت هەیە كە دەڵێت: دەكرێ عێراق نیعمەتێك گەورە یان بەلایەكی گەورە بێت، مەبەستت چییە؟
سه‌رۆك كۆمار: لەڕاستیدا وام نەگوتوە، بەڵام شتێكی نزیك لەو قسەیەم كردووە، عێراق دەوڵەتی دووڕیانەكانە، لەلایەك هەموو ڕەگەزەكانی سەركەوتنی تێدان وەك دەرامەتی سروشتی‌و مرۆیی‌و پێگەی جوگرافی ناوازە، پێگەیەكی شارستانی دانسقە، بۆیە عێراق بەم تەرزەی ئێستا دەتوانێت ببێتە گۆرەپانێكی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكان یان بازنەی جەنگ‌و ململانێكان، دەكرێت ئەو دەرامەتانە ببنە هۆی سەرهەڵدانی حوكمێكی ستەمكاری كە بەڵاو مەینەتی بێت بۆ خۆیی‌و هاوسێكانی، یان سەرچاوەی بیرو خۆشی بێت بۆ گەل‌و ناوچەكەش، دەكرێت لەبری گۆرەپانی جەنگ پردی بەیەكەوەبەستنی نێوان دەوڵەتان بێت.

شه‌رقیه‌نیوز: سەرۆك بەرهەم هەمیشە خەندەی لەسەر لێوانەو هەمیشە گەشبینە، ئایا ڕاتان چییە لەسەر پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتى تازە؟
سه‌رۆك كۆمار: پێگەی جوگرافی عێراق زۆر گرنگە، دوورنییە بۆی ببێتە كێشەیەكی گەورە، هاوسێكانمان توركیاو ئێران‌و دەوڵەتانی عەرەبین، دەبێت بیكەینە پردی پەیوەندییەكان، عێراق لەبەرژەوەندی دای لەقوڵاییە عەرەبییەكەیدا بكەویتە جموجۆڵ، ئەمەش لەبەر چەندەها هۆكاری جۆراوجۆر، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیاو ئێرانیش زۆر گرنگن، كرانەوەمان بەڕووی میسرو ئوردونەوە زۆر گرنگ‌و بایەخدارە، گرنگە بۆ سەقامگیریی‌و هاوسەنگی، بۆ میسرو ئوردونیش زۆر گرنگە، ئەو پڕۆژانەی لەبواری ژێرخان یان بیری لێدەكەینەوە لەبەرژەوەندی عێراق‌و گەلانی ناوچەكەدایە، ئەگه‌ر لەڕوی مێژووییەوە تەماشایەكی دۆخەكە بكەین دەبینین كە كێشەیەكی ئەم ناوچەی هەرەسهێنانی سیستەمی هەرێمایەتی بووە، ئەمەش بەهۆی دۆخی نالەباری عێراقەوە سەریهەڵداوە، هەر هیچ نەبێت لەساڵی 1979 ئەم دۆخە هەرێمییە شێواوە، هەستانەوەی عێراقێكی سەربەخۆی خاوەن سەروەری دەیكاتە كۆڵەكەو پردی پەیوەندی نێوان دەوڵەتانی هەرێمەكە بۆ بونیادنانی سیستەمێكی هەرێمی نەك هەر لەبواری ئەمنی بەڵكو لەبواری تەواوكاریی ئابووریشدا، ئەمەش سود بەدەوڵەتانی ناوچەكە دەگەیەنێت‌و هەلی كاریش لەهەموو ناوچەكە بۆ گەنجانی بێكار دابیندەكات.