بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی رووسیا تورکیا هێزی سەربازی رەوانەی ئۆکرانیا دەکات

جیهان

21/04/2021‌ 3645 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارپرێس:

راپۆرتە رۆژنامەوانییە رووسییەکان حکوومەتی تورکیا تۆمەتبار دەکەن بەوەی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی ئۆکرانیا، هێزی سەربازیی رەوانەی هەرێمی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کردووە، کە ئیستا ئەو ناوچەیە ململانێیەکی توندی نێوان مۆسکۆ و کێیڤی لەسەرە.

لەوچوارچێوەیەدا کەناڵی War Gonzo ی رووسی باسی لەوەکردووە کە هێزێکی سوپای تورکیا کە ژمارەیان ١٥٠ سەرباز دەبێت گەیشتوونەتە هەرێمەکە، ئەوەش لەکاتێکدایە ئەنقەرە رایگەیاندووە کە لەقەیرانی نێوان رووس و ئۆکرانییەکان بێلایەن دەوەستێت.

سەبارەت بەو بابەتە، کەریم هاس پسپۆڕی سەربازیی رووسیی ئومێدی خواستووە کە تورکیا لەرەوانەکردنی سەرباز بۆ ئۆکرانیا تێوەنەگلێت، لەبەرئەوەی کارێکی لەوجۆرە جۆرێکە لە شێتیی و سەرکەشیکردن، هەرچەندە میدیاکانی رووسیا باس لەگەیشتنی هێزی تایبەتی تورکیا بۆ ناوچەی دۆنباس دەکەن، کە رەنگە ئەرکیان هەماهەنگیکردن بێت بۆ ئەگەری روودانی هەر جەنگێک لەگەڵ رووسیا.

رۆژی ١٠ی ئەم مانگە ڤۆلۆدیمیر زێلنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە ئەستەنبوڵ چاوی بەرەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا کەوت و ژمارەیەک ڕێککەوتننامەیان واژۆ کرد.

 لەمیانی دیدارەکەدا ئەردۆغان دژایەتی خۆی بۆ لکاندنی هەرێمی کریمیا بە رووسیا راگەیاند و راشیگەیاند کە پاڵپشتی بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) دەکات، ئەوەشی وت کە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئۆکرانیا دژ بە وڵاتی سێیەم نییە.

هەر دوای ئەم کۆبوونەوەیە، رووسیا بڕیاریدا بۆماوەی مانگ و نیوێک گەشتی ئاسمانی راستەوخۆ بۆ تورکیا رابگرێت، هەرچەندە هۆکارەکەی بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە تورکیا گێرایەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی