ٍشارپرێس:
دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرایکرد، مۆڵەتی بەشداریکردنی هاوپەیمانی کوردستان-ی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگیرا.
ئەمڕۆ سێشەممە دەرباز محەممەد بڵاویکردەوە، مۆڵەتی بەشداریکردنی هاوپەیمانی کوردستان-ی لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق وەرگیراو، بەوەش لەڕوی یاساییەوە گۆڕان و یەکێتی بە هاوپەیمانێتییەک بەشداریی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی تایبەت لەئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکیتی، شارپرێس زانیویەتی کە بەشیکی زۆر لەئەندامانی سەرکردایەتی ئاگاداری ڕێککەوتنەکە نەبوون و پێی ڕازی نین و ڕەخنەی توندیان هەیە لەسەر ناوەرۆکی ڕێکەوتنەکە.
لەلایەکی دیکەوە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ڕایگەیاند، "شوکور بۆ خوا پێ ئەچێت کە یەکێتی چارەسەری ئەو کێشەیەی کردبێت و ئەوەتا ئەوەندە ( سڕ قایم ) و نهێنی پارێز بوو بێت کە تەنانەت ناوی کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی عێراق نەک هەر نەداتە کارگێر و مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی بەڵکو نەشیداتە خودی کاندیدەکانیش".