ئەبوبەكر هەڵەدنی: سێ خولی پەرلەمانە دەستور كەرەستەیەكە بۆ سەوداو مامەڵەو ڕێككەوتن

کوردستان

30/05/2021‌ 1391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ئیرادەیەك هەبوایە بۆ نوسینەوەی دەستور لەسەرەتای ئەم خولەوە دەستیان پێدەكرد، ده‌شڵێت:"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زەمینە لەبارنییە بۆ نوسینەوەی دەستور"، باس لەوەشدەكات، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەهەموو كاتێك زیاتر پەرتەوازەو لەیەك دوورن".


ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌میانى چاوپێكه‌وتنێكیدا لەگەڵ شارپرێس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "یەكێك لەتەوەری سەردانەكانی سەرۆكی هەرێم بۆلای لایەنەكان پرسی دەستور بوو، هەروەها سەرۆكایەتی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆك فراكسیۆنەكان كۆبووەتەوەو چاوەڕێی حزبەكان‌و فراكسیۆنەكانە لەوبارەیەوە".

وتیشی:"لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لەهەموو كاتێك زیاتر پەرتەوازەو لەیەك دوورن، ئەوەی ڕۆژانە دەبینرێت جگە لەموجامەلەو كات بەڕێكردن هیچی تر نییە، چونكە لەسەر هیچ پرسێك تەبایی‌و یەكڕیزیی نیشتمانی دروستنەبووە، نە لەسەر ناوچە دابڕێنڕاوەكان‌و نە لەسەر پرسی داگیركاری هەرێم لەلایەن توركیاو حەشدی شەعبی‌و نە لەسەر پرسی تەعریب‌و نە لەسەر مەسەلەی ڕێكخستنی هێزی پێشمەرگەو مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداو چاكسازیی‌و نەهێشتنی گەندەڵی‌و پرسی ئازادی ڕادەربڕین".

بەبڕوای هەڵەدنی، "ئەنجامی ئەم پەرتەوازەییە پاشەكشەكردنی پرسی دیموكراسی‌و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكانی ڕادەربڕینە، هێزو پێزی ئەم ئەزمونە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی‌و دۆستەكانمان نامێنێت، لەسەر ئاستی عێراقیش ئەو مامەڵەی كورد پێویستە بیكات یەكڕیزییه‌، بەڵام تەوەجوهەكان جیاوازن، هەروەها ئەو مەترسیانەی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە".

سەبارەت بەپرسی دەستوریش وتی:"دەبوایە لەزووەوە دەستورمان هەبوایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی‌و یەكێتی ئیرادەیەكی جدیان نەبووە كە كوردستان ببێت بەخاوەنی دەستور، لەكاتێكدا لەخولی یەكەمی پەرلەمانەوە باس لەنوسینی دەستور دەكرێت بۆ هەرێمی كوردستان".

دەشڵێت:"ئەمە سێ خولی پەرلەمانە دەستور كەرەستەیەكە بۆ سەوداو مامەڵەو ڕێككەوتن، دەستور بۆ سێ خاڵ لەئێستادا وروژێنراوە ئه‌وانیش، بۆ سەوداو مامەڵەو دابەشکاری پۆستەکانی کورد لەعێراق‌و پۆسته‌كان له‌نێوان پارتی‌و یەکێتی لەهەرێم، بۆ حەلکردن‌و تەسفیەکردنی حساباتی تەکەتول‌و باڵباڵێنی نێو حزبە سیاسیەکان بۆ فرسەت قۆستنەوە لەپێکهاتەی ئێستای پەرلەمان‌و حەلکردنی چەند بابەتێکی تر لەناو پەرلەمان لەڕێگەی فشاری دەستورەوە".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو، "ئەگەر ئیرادەیەك هەبوایە بۆ نوسینەوەی دەستور لەسەرەتای ئەم خولەوە دەستیان پێدەكرد، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك زەمینە لەبارنییە بۆ نوسینەوەی دەستور نە ناوخۆیی‌و نە دەرەکیش، پێویستە دەستور تەعبیربێت لەزۆرینەی گەلی کورد کە موسوڵمانن‌و پابه‌ندن به‌ئایینى ئیسلامه‌وه‌".

هەر لەسەر پرسی دەستور، لەكۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا وتی:"دەبێت دەستور بەشێوەیەك دابڕێژین وەك یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بیكەین بەكەرنەڤاڵێكی جەماوەری، ئەوەش بەوەی لەدەرەوەی پەرلەمان تەوافقی لەسەر بكرێت‌و پارەی دزراوی خەڵك بگەڕێنرێتەوەو ئەم بازگەو سنورانە نەهێڵرێت‌و هێزی چەكدار ڕێكبخرێت، ئەمانە پێشمەرجی دەستورێكی مۆدێرن‌و سەركەوتوون".