زانیاری نوێ لەسەر خەزێنە زێڕەکەى خەلیفان ئاشکرا دەکرێت

کوردستان

10/06/2021‌ 3274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی حەمە ساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەبارەى دۆزینەوەى ئەو خەزێنە زێڕەى کە لە گوندێکى خەلیفان دۆزرایەوە دەڵێت"نزیکەی سێ کیلۆ بوە، لە چاڵێکدا ھەڵگیراوەو ھەر چواردەوری چاڵەکە بەرد بوەو بەردێکی گەورەش بەسەریدا دراوە".

عەلی حەمە ساڵح لە نوسراوێکدا بڵاویکردەوە"بەدواداچون بۆ ئەو خەزێنەی لە سرێشمە دۆزراوەتەوە ئەمڕۆ بەدواداچونم کرد بۆ ئەو خەزێنەی لە گوندی سرێشمەی سەر بە خەلیفان دۆزراوەتەوە.. ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٧ شۆفێرێکی حەفارە بەناوی عەبدولباست(پیاوێکی ھەژارەو بەکرێ شۆفێری حەفارەیە) لە زەوی کەسێک لە گوندی سرێشمە کار دەکات بەناوی مام سابیر ( دۆخی دارایی باشە) .. لە کاتی کارکردندا حەفارەکە خەزێنەیەک دەدۆزێتەوە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، بەپێی قسەی کەسوکاری و ئەوانەی لێیەوە نزیکن، نزیکەی سێ کیلۆ بوە، لە چاڵێکدا ھەڵگیراوەو ھەر چواردەوری چاڵەکە بەرد بوەو بەردێکی گەورەش بەسەریدا دراوە و دەشلێت، ئەو دوو فەردە ڕاست نیە، چونکە مێژوی دراوەکە سەدان ساڵەو دوو گونیە نامێنێتەوە بەو شێوە.

هەروەها عەلی حەمە ساڵح روونیشیدەکاتەوە، سەرەتا شۆفێری حەفارەکە ٤٥ لە خەزێنەکانی بردوەو دواتر گەڕاندویەتیەوە. مام سابیر، کە خاوەنی زەویەکە تەلەفونی بۆ لایەنی پەیوەندیدار کردوە.. تاوەکو دوێنێش خەزێنەکە لە سرێشمە بوەو لە دوێنێوە براوەتە بۆ سۆرانو ئێستاش تیمێک سەرقاڵی پشکنینی دیکەن.

ناوبراو باسی لەوەشکردوە، ئەوەی ھەیە مێژوی ئەم خەزێنە کۆنە، ڕەنگە بۆ سەردەمی میرنشینی داسنێ یان پێش میرنشینی سۆران بگەڕێتەوە.. پێشتریش ھاوشێوەی ئەم خەزێنە لەو ناوچەدا دۆزراوەتەوە.

هاوکات عەلی حەمە ساڵح روونیکردەوە، ئەم خەزێنە بەھایەکی مێژویی گەورەی ھەیە، دەبێت تیمێکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوەی زانستی لێبکات و پاشان وەک کەنزێکی مێژووی گرنگ بخرێتە مۆزەخانەی نیشتیمانی... لە بەدواداچون بەردەوام دەبین.. عەلی حەمە ساڵح