بارزانى لەبارەى هێزەکانى ٨٠ی پارتى بڕیارێکى دەرکرد

کوردستان

10/06/2021‌ 4465 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راوێژكارێکی سەربازیی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت کە بە فەرمانى بارزانى ھێزەكانی یەكەی ٨٠ دەكرێنە لیوا و دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

بابەكر زێباری راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێم بە پێگەی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە ھێزەكانی یەكەی ھەشتا ھەموو بكرێنە لیوا و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئێستاش بە بەردەوامی كاری لەسەر دەكرێت و رێك دەخرێنەوە، كە ھەموویان مەشقیان پێ دەكرێت و دەكرێنە لیوا.

زێباری روونیشی كردەوە بارزانی ئەو ھەنگاوەی لەسەر داوای سەرۆكی حكوومەت ناوە، كە لە چوارچێوەی چاكسازییەكان ئەو ھەنگاوە بنرێت و سەرۆك بارزانیش بڕیاری داوە پێداچوونەوەی پێدا بكرێت و ھەموو ھێزەكان بكرێنە لیوا و بخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

راوێژكاری سەربازیی سەرۆكی ھەرێم ئةوەشی خستەڕوو، کە ھەموو ھێزەكانی یەكەی ھەشتا، ئەوانەی موتەفەریقە و فەرماندەیی و بەتالیۆنەكان، مەشقیان پێ دەكرێت و دەكرێنە لیوا و دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

بابەكر زێباری جەختیکردەوە، ھەر ھێزێك سەر بە یەكەی ھەشتا بێت، بە فەرمانی سەرۆك بارزانی هەموویان دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە وەكو ھەنگاوێكی چاكسازیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە ئەمەش ھەنگاوێكی گرنگە بۆ ئەوەی ھێزی پێشمەرگە یەك بخرێتەوە.