شارپرێس:
دوێنێ هەینی دادگای دەستوریی کۆماری تورکیا ئەو سکاڵانامەیەی پەسەندکرد کە لەلایەن بەکر شاهینی داواکاری گشتیی تورکیا بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بەرزکراوەتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی پێگەی "خەبەر تورک"، ئەندامانی دادگای دەستووریی لەیەکەم دانیشتنیاندا ئەو سکاڵانامەیان پەسەندکردووە کە لەلایەن داواکاری گشتیی تورکیاوە دژ بەپارتی دیوکراتی گەلان بەرزکراوەتەوە، بێئەوەی لەدانیشتنەکەدا پارێزەری سکاڵالەسەرکراو ئامادەبێت.
باس لەوەشکراوە، وابڕیارە لەدانیشتنی داهاتووی دادگاکەدا گوێ لەداواکاری گشتیی دەگیرێت، ڕێگە بەپارێزەرانی پارتەکەش دهدرێت ئامادەبن، بەوپێیەی لەو دانیشتنەدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی داخستنی هەدەپە دەدرێت.
سەرۆکی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا باسی لەوەکردووە، سکاڵانامەی تۆمەتبارکردنی هەدەپە لە850 لاپەڕە پێکدێتو لەڕۆژی 8ی حوزەیرانی 2021 ئاراستەی دادگای دەستورییان کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر دادگاکە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویستەوە دووجار داواکاری سەرۆکی داواکاری گشتیی بۆ داخستنی هەدەپە ڕەتکردووەتەوە.
هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە تورکیای ڕوبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی کردۆتەوە بەوەی ئەو وڵاتە لەڕووی دیموکراتییو پاراستنی مافەکانی مرۆڤەوە زیاتر پاشەکشەدەکات، لەبەرامبەردا بەکر شاهینی داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا دەڵێت:"داخستنی پارتە سیاسییەکان لەپێشکەوتووترین دیموکراتییەکانی جیهانیشدا روودەدات".