لایەنە تەنز ئامێزەکانی کۆبوەوەی پەرلەمان
کۆبونەوەکە بۆچی بوو ئەنجامەکە چی دەرچوو؟

کوردستان

29/06/2021‌ 1810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمەی دەیبینن پەرلەمانی کوردستانە،،، پەرلەمانی هەرێمێکی خێرلە خۆنەدیو کە پڕە لە هاوڵاتی داماو بەدەست ئەم حوکمرانیە نادروستەوە کە لێرە بەرێوە دەچێت...
پەرلەمانێک کە پاسەوانەکانی ڕێگە نادەن پەرلەمانتار بچێتە ژورەوە، ئاخر لە کوێی دونیا هەبوە پاسەوان دەسەڵاتی لە پەرلەمانتار و سەرۆکی فراکسیۆن زیاتربێت؟

ئەمە تەنها لە کوردستان بینراوەو دەکرێت بلێین ئێرە کوردستانە...

ئەی باشە پەرلەمانێک کە پەرلەمانتارەکەی هێندە زەلیل کرابێت لەبەردەم حکومەتدا کە بەریوەبەرێک ئامادە نەبێت وەڵامی پەیوەندی و پرسیار و نامەی پەرلەمانتار بداتەوە چی ناو دەنێیت؟

ئەوەتا ئەبوبەکر هەڵەدنی دەڵێت وەزیر وەلاممان ناداتەوە، لەولاوە سیروان بابان دەلێت کاکە رەحمەت لە وەزیر کە وەڵام ناداتەوە، من بەرێوەبەرێکی بچوکیش وەلامم ناداتەوە ... مەگەر دیسان بلیێن ئێرە کوردستانە...

دانیشتنی پەرلەمان تایبەتبو بە موچەو تیایدا باسی ئەنواع بابەت کرا، بە نمونە گۆشت و برنج و فاسۆلیا، ئەوەتا پەرلەمانتارێک سوێندی یاسایی دەخوات کە نیوەروان هەندێكیان گۆشتیان بەش نامێنێت و ناچار برنج و ترشیات دەخۆن، کاکە بیکەن لە رێی خوا خەڵک نان نییە بیخوات ئێوە گۆشتتان بۆچییە؟

ستافی حکومەت بە پەرلەمانتاران دەڵێن ئێوە راپۆرتەکانی حکومەتتان نەخوێندۆتەوەو گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، لە بەرامبەردا پەرلەمانتار دەڵێت وەرە دەچینە دەرەوە تاقیکردنەوەم بکە لە راپۆرتەکاندا بزانە هەمویم لەبەر نییە؟ ئاخر مەگەر پەرلەمان و حکومەت مامۆستاو قوتابین وا باس گەشتە تاقیکردنەوەو لەبەرکردنی بڕگە بڕگەی راپۆرتەکان؟

تۆ سەیری ئەم دیمەنەی تر بکەن، پەرلەمانتارێک لە کاتی قسەکردنیدا ئەوەی خستەڕوو کە کە وەزیرانی حکومەت لە ژیانێکی راقی و لە خۆشترین شوێن و بە باشترین ئۆتۆمبیك و خزمەتگوزارییەوە دەژین، ئەمەراستیەکە هەموومان  ساڵانیکە دەیزانین، بەلام ئەوەتا ئێستا لە دەمی خۆیان و کادرانی حزبەکانیانەوە گوێمان لیدەبێت وئەوانیش ناتوانن حاشای لێبکەن..

پەرلەمانتارێکی حزبی دەسەڵات داوا دەکات تەنها  یەک رۆژ ئیمتیاز و ژیانە خۆشەکە لە وەزیرەکان بسەنرێتەوە بۆ ئەوەی هەست بە ئازارەکانی خەڵک بکەن، باشە جەنابی پەرلەمانتار مەگەر هەر حزبەکەی تۆ هۆکاری ئەو ناعەدالەتییە نیە و وەزیرەکانی حزبەکەی تۆش سەرقافڵەی ئەو نادادییە نین؟ ئیتر بۆچی تەنها بۆ موزایەدە لێرە دەنگت بەرز کردۆتەوە؟ برۆ لە کۆبونەوەی حزبەکەتدا ئەو داوایە لە وەزیرەکانی خۆت بکەو ئەوانی تریش جیبەجێی دەکەن...

وەڵا کاکە خۆ ناهەقیشی نییە موایەدە بکات، ئەوە نییە هەموویان دەستیان کردبوو بە هات و هاوار و بە یەک دەنگ دژی حکومەت وەستابونەوە، وەک ئەوەی حکومەت خەڵکی وڵاتیکی تر بێت نەک هی حزبەکانی ئەمان، بیرمان بێت بەرەو هەڵبژاردن دەرۆین و ئیتر موزایەدە دەبێتە خۆراکی رۆژانەمان وەک ئەوەی لەم کۆبونەوەدا بینیمان.

ئەوەی راستی بێت حزبەکان بە مەبەستەکەی خۆیان گەشتن و هیچ بەهایەکیان بۆ پەرلەرمان و پەرلەمانتار نەهێشتەوە، ئەوەتا پەرلەمانتارێک دەڵیت لەبەر ئەوەی بڕوانامەم نییە هاورێکانم پێم پێدەکەنن... تۆ سەیربکەن پەرلەمنتار چی لێهاتوە.. ئاخر ئەمەی هاوڕیکانی لەگەڵ ئەم برادەرەیان کردوە گەورەترین سوکایەتییە بە پیشەی پەرلەمانتاری کە خۆشیان دەگرێتەوە...دیسانەوە دەبێت بڵێین ئێرە کوردستانە... 

پەرلەمانتاریکی تریش لە کاتی قسەکردنیدا وتی گاڵتەتان لە قسەکەم نەیەت، دیارە کاکی پەرلەمانتار هاورێکانی دەناسێت کە هەر خەریکی گاڵتەکردنن بە قسەی یەکتر و ئەوەی جدیات بێت لە ناویاندا نییە... ئاخر ئەمە پەرلەمانە یان تەختی شانۆی کۆمیدیا وا هەموو خەریکی پێکەنین و گاڵتە پێکردنن؟

بە درێژایی شەو و رۆژێک کۆبونەوەی پەرلەمان بەرێوە چوو. لەسەر چی؟ لەسەر بڕیادران لە لێبرینی موچە، بڕیار بوو بە دەنگدانی راستەوخۆ، واتە دەستبەرزکردنەوە حەیاتەکەی پەرلەمانتاران بڕیار لە چارەنوسی لێبرین بدرێت و وەزیرەکانیش هەر بۆ ئەوە بانگکرابوون، کەچی لە کۆتاییدا گۆڵەکەی پەرلەمان بە تۆپی قاچی وەزیرەکان شەکایەوەو نەک بڕیار نەدرا لە چارەنوسی لێبرین بەڵکو هەر بە قسەکردن و بۆڵە بۆڵی پەرلەمانتاران کۆبونەوە کۆتایی هات، لە هەموی خۆشتر وەزیر بانکگرابوو بۆ لیپرسینەوە کەچی بە چەپڵەرێزانی هەموو فراکسیۆنەکان تەشریفی بردەوە بۆ ماڵەوە.

هەر بەجدی کاتی نییە ئەم پەرلەمانە کۆ بکرێتەوەو دەرگاکەی دابخرێت و ئەو بودجەو موچەیەکش کە لەوێ خەرج دەکرێت بگەرێتەوە بۆسەر خەزێنەی دەوڵەت ئەگەر ئەویش ون نەبێت؟

سەرۆکی پەرلەمان بە عالەمی ئاشکرا دەڵێت دەسەڵاتمان نییەو گیرمان خواردوە بەدەست دۆخەکەوە، رێگری لە سەرۆکی پەرلەمانکرا لە رابردودا کە بچێتە سەرکارەکەی، دەبوو هەو ئەوکات هەموان بریاری داخستنی پەرلەمانیان بدایە نەک بەم زەلیلی و بێ شیرازەیی و بێ ئیرادەییە ببینرێت کە ئێستا هەیە...
 ئێوەش لە سایەی موزایەدەدا بمێنن بە خێر...