پڕۆژەی شامی تازە چییە؟..بەغداو قاهیرە ڕێككەوتون‌و ئوردنیش دێتەپاڵى

مەلەفی تایبەت

30/06/2021‌ 2383 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایان پێیانوایە پڕۆژەی شامی تازەی نێوان عێراق‌و میسرو ئوردون، تەوەری سەرەكی گفتوگۆی لوتكەی سێقۆڵی نێوان ئەو سێ وڵاتە بوو لەبەغدا، پڕۆژەكە بوارە ئابوورییە جۆراوجۆرەكان‌و پرسی وەبەرهێنان لەنێوان هەرسێ دەوڵەتی ناوبراو لەخۆدەگرێت، پڕۆژەكە كراوەیەو دەكرێت دەوڵەتی دیكەی عەرەبیش بێنەپاڵ ئەو كوتلە تازەیەوە.


مستەفا كازمی لەسەردانەكەی بۆ ئەمریكا لەئۆگۆستۆسی ڕابردوو بۆ یەكەمجار ئەو ناوەی (شامی تازە) بەسەر پڕۆژەكەدا بڕی، ئەوكات لەلێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی وتی:"عێراق نیازی هەیە بچێتە ناو پڕۆژەیەكی ستراتیژی لەو جۆرەوە".

وتیشی:"پڕۆژەكە ئابورییەو لەسەر شێوازی یەكێتی ئەوروپا دیزاین كراوە، بەغداو قاهیرە لەسەری ڕێككەوتوون‌و وڵاتی ئوردونیش دێتەپاڵ پڕۆژەكە، بەمەش پڕۆژەكە بۆتە جەمسەرێكی هەرێمی كە دەتوانێت ڕوبەروی ئاڵێنگارییەكانی ناوچەكە ببێتەوە.

حوسێن جاسری شارەزای ستراتیژی عێراقی لەوبارەوە دەڵێت:"بیرۆكەی شامی تازە نوێ نییەو هی ئێستا نییە، بەڵكو لەسەردەمی كابینەكەی حەیدەر عەبادی گەڵاڵەكراوەو حكومەتی كازمیش دەیەوێت هەنگاوەكانی تەواوبكات، چونكە دەستكەوتی ئابووری گەورەی بۆ عێراق دەستەبەردەكات".

جاسر باس لەوەشدەكات، پڕۆژەی شامی تازە بەپلەی یەكەم لەسەر لێكتێگەیشتن‌و بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان بەغداو قاهیرەو عەممان بەندە.

جاسر ئەوەشی وت:"پڕۆژەكە پشت بەتوانستی زەبەلاحی مرۆیی میسرو سامانی زۆرو زەوەندی نەوتی عێراق دەبەستێت‌و وڵاتی ئوردونیش بەهۆی پێگە جوگرافییەكەیەوە كە عێراق‌و میسر بەیەكەوە دەبەستێتەوە هاتۆتە ناو پڕۆژەكەوە".

پڕۆژەكە قابیلی فراوانبونە
جاسر باسی لەوەشكردووە، گریمانەی ئەوە زۆرە پڕۆژەكە فراوانتر بكرێت‌و لەوانەیە بەو نزیكانە چەند دەوڵەتێكی عەرەبی بێنەپاڵیەوە، ئامانجیش ئەوەیە دەوڵەتانی میانڕه‌وى ناوچەكە لەجەمسەربەندییەكدا كۆببنەوەو لەو ڕێگەیەشەوە بتوانن ڕوبەڕوی هەڵكشانی بارگرژیی‌و نائارامی‌و پێشووی‌و توندوتیژی‌و تیرۆر لەناوچەكەدا ببنەوە كە بەهۆی پشتیوانی هەندێك دەوڵەتای ناوچەكە لەبزوتنەوە ڕادیكاڵەكانەوە سەریانهەڵداوە.

جاسر ئاماژەی بۆ بەوەشكردوە، دوورنییە ساڵی ئایندە بەهۆی پڕۆژەی شامی تازەوە ڕۆژهەڵاتێكی دیكەی نوێ ببینین، ئەو جەمسەربەندەییەی بەپلەی یەكەم پشت بەبواری ئابووری دەبەستێت، چەندەها پڕۆژەی زەبەلاح لەنێوان دەوڵەتانی ئەندامی شامی تازەو دەوڵەتانی كەنداوخراونە بەرباس‌و لێكۆڵینەوە، بەڵام هێشتا بەئاشكرایی ڕانەگەیەندراون.

نەخشەیەكی تازە
محەمەد موحسین-ی سەرۆكی كۆڕبەندی عەرەبی بۆ شیكاركردنی سیاسەتەكانی ئێران جەخت لەوەدەكاتەوە، پڕۆژەی شامی تازە تەنها لەلولەبۆرییەكی نەوتی یان پڕۆژەیەكی زەبەلاحی ئابوریدا كورت ناكرێتەوە، بگرە زۆر لەوە گەورەترە.

موحسین باس لەوەشدەكات، پڕۆژەكە لەناوەڕۆكدا نەخشەیەكی جیۆسیاسی تازەیە بۆ تەواوی ناوچەی شامی تازە، ئەمەش دوای ئەوەی پڕۆژەكە مەودا جوگرافییەكەی خۆی فراوانتر كردو وڵاتی میسری هاتەپاڵ.

موحسین ئاماژەی بەوەشكردوە، پڕۆژەكە لەڕووی جوگرافیییەوە میسر دەبەستێتەوە بەدەوڵەتانی شامەوە، ئەمەش وادەكات پرۆژەكە لەڕێگەی نیمچە دوورگەی سیناوە كە لەئێستادا پەرەپێدانی گەورە بەخۆوە دەبینێت ببێتە جەمسەربەندییەكی ئابووری گەورە، ئەم پڕۆژەیە كاریگەری بەرچاوی دەبێت بۆ سەر نەخشەی هێزو هەژموونی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

 

پێگەی ئەليكترۆنی: سكای نیوز عەرەبییە
وەرگێڕ: لوقمان حاجی قادر