بەسەرهاتەکەی نەجیب مەحفوز و کچە سەماکار و مۆدێلەکانی وڵات

کوردستان

08/07/2021‌ 2407 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نەجیب مەحفوز نوسەری دیاری میسری و یەکەم کەسی نیشتمانی عەرەبی کە هەڵگری خەڵاتی نۆبڵ بێت لە بواری ئەدەبدا، لە یەکێک لە یاداشتەکانیدا چیرۆکیکی خۆی دەگێرێتەوە کە لەگەڵ حاڵی ئێستای ئێمەدا زۆر دەگونجێت.

نەجیب مەحفوز دەڵێت جارێکیان بە ئۆتۆمبێلە شڕەکەمەوە دەمویست بچم بۆ جێگایەک ، لە پڕ سەماکەرێکم بە ئۆتۆمبێلێکی ئاخر مۆدێلەوە لێ پەیدا بوو ، سەماکەرەکە پێی گوتم ئوستاز مەحفوز سەیر بکە ؟ منیش وتم سەیری چی بکەم خاتوون؟! وتی سەیری ئۆتۆمبێلەکەی خۆم و خۆت بکە و جیاوازی بکە لە نێوان کار و پیشەی من و تۆدا..

دیارە پیشەی نەجیب مەحفوز ئەدەب دۆستی و مامۆستایەتی و پگەیاندنی نەوەکانی داهاتوی وڵات بوو، ئامانجی مەحفوز گەشەسەندن و پێشکەوتنی نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو، پیشەی کچەکەش سەماکاری و رازاندنەوەی ئاهەنگ و کۆبونەوە و سەرمەست کردنی ئەو کەسانەبوو کە ڕویان دەکردە یانەکانی شەوان لە وڵاتدا.

لە خشتەن بردنی گەنجان و دور خستنەوەیان لە خەون و خولیاو هیواکانیان و گەیاندنیان بە ئەنجامێک کە هەموو شتێک لە جەستەی سەماکەرێکدا ببیننەوە.

تەماشا کەن، نەجیب مەحفوز بەو هەموو ناوداریی و خزمەتە گەورەییەوە هێندە ریزی لێدەگیراو و هیندە پێداویستیەکانی بۆ دابیندەکرا کە خۆی بە زمانی حال دەڵێت بە ئۆتۆمێلە شرەکەمەوە دەچومە دەرەوە و سەماکارەکان بە گەڵتەوە توانجیان لێدەدام، لە بەرامبەریشدا کچانی سەماکار پێداویستیەکانیان لە باشترین و بە نرخترینەکان بۆ دابیندەکرێت.

ئەگەر بێین ئەم دۆخە بەراورد بکەین بە دۆخەکەی لای خۆمان، پێتان وایە لای ئێمەش دۆخێکی هاوشێوە هەبێت؟
بۆ نا؟ ئەوە نییە مامۆستای زانکۆ دوای ٣٠ ساڵ خزمەت لە بەر نەبونی شوێنی نیشتەجێبوون دەچێتە میدیاکان و دەست دەکات بە گریان بە بەرچاوی دونیاوە داوای تەنها ژورێک دەکات بۆ بەسەر بردنی ژیانێکی ئاسایی، لەولاشەوە کچانی سەماکار و مۆدیلیست و ئەوانەی کە بۆ پرکردنەوەی حەز و ئارەزوی بەرپرسان هاتونەتە هەرێم، حەق و حسابی خۆیان نازانن و لە باشترین شوێنەکانی شارەکاندا شوقەو خانوی گرانبەهایان بۆ دابین کراوە.

ئەی مەگەر هەر ئەوان نین بە ئۆتۆمبێلە ئاخر مۆدێلەکانیانەوە رۆژانە ڤیدیۆ و وێنەی ئیغراکار بڵاو دەکەنەوە؟ خۆ لەوانەیە ئەوانێش رۆژێک توانجیان لە مامۆستایەکی زانکۆ یان نوسەر و ئەدیبێکی نیشتمان دابێت و پێیان وتبێت ئەوە تۆ و ئەوەش ئێمە.

گەنجانی وڵات بەدەست ئەوانەوە خەریکە دەبنە دروستکراوێکی ناومۆ بە کۆمەلگەو دوای خەون و خولیای گەیشتن بە خۆشیەکانی ئەوان کەوتوون.

کچان و کورانی نیشتمان لە ڕێگەی بینینی ئەو کچە مۆدێل و سەماکار و بەناو گۆرانی بێژانەوە توشی چەندین کێشەی دەرونی و کۆمەڵایەتیبوون و وردە وردە خەریکە هەموو لە خشتە دەبرێن دوای دونیایەکی خەیاڵی دەخرێن کە تەنها لای سەماکارەکان و کچانو کورانی بەرپرسان دەستدەکەوێت.

ئەوە نییە مامۆستایەک دوای خزمەتیکی زۆر و لە پاش خانەنشین بونی ناچار بوە لە یەکێک لە فرنەکانی سەمونداکە هی خوێندکارێکی خۆیەتی ببێتە شاگرد و رۆژانە بۆ ١٥ هەزار دینار لەبەردەستی خوێندکارێکی خۆیدا ئارەق دەرێژێت لەولاشەوە کچە مۆدێل و سەماکارەکان لە ژیانێکی شاهانەدا شەوە سورەکانیان بەرێدەکەن.

ئەگەر هەموو وریا نەبین و بە هۆش خۆمان نەیەینەوە دور نییە کچە سەماکارەکان رۆژانە لەسەر شەقامەکان بە گەڵتەوە مامۆستایانی زانکۆ و  نوسەر و رۆشنبیر و خەمخۆرانی نیشتمان بدەنە بەر توانج و گاڵتە بە زانست و بڕوانامەو ژیانە سادەکەیان بکەن.