شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی" ڤزگلیاد"ی ڕوسی کە سەبارەت بەپلانی تورکیا بۆمانەوە لەئەفغانستانو پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی کابوڵ ئامادەیکردوە، تورکیا زۆر دەمێکە دەیەوێت جێپێیەکی خۆی لەئەفغانستان قایم بکات، تاوەکو لەو ڕێگایەوە هەژمونی خۆی لەئاسیای ناوەڕاست فراوانتر بکات.
لەبابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتوه، ڕۆژی سێشەممە بزوتنەوەی تاڵیبان لەبەرامبەر پەیامێکی خوڵوسی ئاکاری وەزیری بەرگری تورکیا بەوەی ئەگەربێتو مەرجەکانیان جێبەجێبکرێن، ئەوە ئەنکەرە ئامادەیە ئەرکی پاراستنی فڕۆکەخانەی کابوڵ لەئەستۆبگرێت، بەیاننامەیەکی دەرکردو تێیدا هەڕەشەی لەتورکیا کرد بەوەی دەبێت خاکی ئەفغانستان جێبهێڵێت، لەبەرئەوەی مانەوە لەو وڵاتە پێشێلکردنی سەروەریو یەکپارچەیی خاکەکەیەتی.
لەبەیاننامەکەی بزوتنەوەی تاڵیباندا هۆشداریدراوەتە تورکیا بەوەی ئەگەربێتو سەربازە تورکەکان لەسەر خاکی وڵاتەکەیاندا بمێننەوە ئەوە ڕوبەڕویان دەبنەوە، ئەوکاتیش ئاکامەکانی دەکەوێتەسەر شانی ئەولایەنەی دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیاندا دەکات.
هەروەک بەگوێرەی لێدوانی یەڤگینی ساتانۆڤسکی سەرۆکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕوسیا، ئەو جۆرە هەڕەشانەی تاڵیبان ڕێگە لەتورکیا ناگرن بڕیارەکەی جێبەجێبکاتو لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، لەبەرئەوەی تورکیا زۆردەمێکە دەیەوێت جێپێیەک لەئەفغانستان بدۆزێتەوەو لەو ڕێگایەوە هەژمونی سیاسیی خۆی لەئاسیای ناوەندو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێ فراوان بکات.
شیکەرەوە ڕوسییەکە وتوشیەتی، "تورکەکان چەندین ساڵە لەئەفغانستانن، لەوەشدا بەشێوەیەکی سەرەکیی پشتیان بەتورکەکانی ئەو وڵاتەو بەپلەیەکی کەمتریش بەئۆزبەکو تورکەمانەکان بەستوە، ئینجا میللەتانی تری وەک تاجیک بۆنمونە، جگە لەوەی ئەردۆغان بەردەوامە لەگرنگیدان بەئیگۆرەکانی هەرێمی شینگیانگی چین".
ساتانۆڤسکی پێشبینیکردوە، ئەگەربێتو تورکیا بتوانێت بوونی خۆی لەئەفغانستان بچەسپێنێت، ئەوە دهتوانێت هەژمونی خۆی لەوڵاتانی تری ناوچەکە فراوان بکات.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت:"تورکیا بەڵێنی پاراستنو ڕێککەوتنی نوێ بەوڵاتانی ئاسیای ناوەند دەدات کە ئەوەش ئازاری ڕوسیا دەداتو پێی نیگەران دەبێت".
و: ئاکۆ ئاڵی