کوڕانی تاڵەبانى چاکسازییان ڕاگەیاندوە یان تەنها بانگەشەیە بۆ شەرعیەتدان بەکارەکانیان؟

کوردستان

19/07/2021‌ 2104 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای زیاتر لە 10 ڕۆژ لە ئاڵۆزییەکانی نێوخۆی یەکێتی، کە هەندێک بە کودەتا و هەندێکی دیکە بە چاکسازیی ناویانبرد، ئێستا دۆخی سلێمانی ئارامە، بەڵام ئاخۆ ئەوە ئارامی پێش زریانەکەیە؟ یاخود سلێمانی و یەکێتی زریانەکەیان تێپەڕاند و ئێستا تامی ئارامییەکەی دەکەن؟؟

بافڵ تاڵەبانی کە ئێستا وەک سەرۆکی یەکێتی خۆی دەناسێنێت و میدیاکانی ئەو حزبەش سەرەڕای ئەوەی هەندێکجار وەک هاوسەرۆک و هەندێکجاری دیکەش وەک سەرۆک ناویدەبەن، ئێستا بەراورد بە پێشووتر لەدۆخی بێدەنگیدایە... ئەوەی بەدیدەکرێت پێدانی ڕۆڵی زیاترە بە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارەکانی حزبەکەی بە بەرگێکی حکومیدا دەکات... ئێستا خەڵکی دەپرسن بەرهەمی ئەو دۆخەی دروستبوو بە گۆڕانکاریکردن دەبینین؟ یاخود ئەو لایەنانەی وا دەردەکەون پەڕاوێزخراون، دەبنە بەربەست بۆ گۆڕانکارییەکان و دۆخەکە هەر وەک خۆی دەمێنێتەوە؟

ئەوەی یەکێتی لە 8ی تەموز دەستی بۆ برد ئاشکراکردنی، کەسانێک بوون کە بەوتەی ئەوان " مافیاو سەرانە وەرگر" بوون و گرفتی گەورە بوون بۆ خەڵکی سلێمانی، بەڵام ئاخۆ چەندیان درانە دادگا؟ ئاخۆ چەند لە سەرانەوەرگرەکان بەرەو دەرەوەی وڵات هەڵاتن؟ چارەنوسیان چی دەبێت؟

خەڵکی ئێستا یەکێتییان لەبەردەم پرسیار داناوە، پرسیارێک کە لەوانەیە قورسترین تاقیکردنەوەی یەکێتی و خودی کورانی تاڵەبانی بێت.

ڕۆژانی دوای 8ی تەموز زنجیرەیەک بڕیاردران، کە هەندێکیان بەرگێکی حکومیان هەبوو، بەنمونە قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبوەوەو دڵنیایی پێدان چیدی سەرانە وەرگرتن و قۆرخکاری بازار و دەستدرێژی سەر بازرگانان نامێنێت، دواتر لەگەڵ قاییمقام و سەرپەرشتیاری ئیدارەکانی زۆنی سەوز کۆبوەوەو جەختی لە پەیرەوکردنی ئیدارەیەکی توندو تۆڵ کردەوەو داوای کرد بەهیچ جۆرێک یاساشکێنی و زیادەرەوی بۆ سەر مافی گشتی لە هەموو بوارەکان ڕێگەی پێنەدرێت، دواتر هەر بە بڕیارێکی قوباد تاڵەبانی پۆلیسی سلێمانی بڕیاریدا سەرجەم چەکی بێمۆڵەت، ئۆتۆمبێلی جامڕەش و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا قەدەغە بکرێن، بۆ ئەم کارەش یەک هەفتە مۆڵەت دراوە بۆ کۆتایی هێنان بە هەموو ئەو دیاردانە.

هەردوو برا تاڵەبانییەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە پێکەوە سەرکردایەتی پرۆسەی چاکسازی و گۆرانکاری بنەرەتی دەکەن لە شێوازی ئیدارەدان و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی هاوڵاتیان کە وەک ئەوان ئاماژەی پێدەکەن لە ڕابردودا بە پێچەوانەی ئەوە بوە کە ئەوان ئێستا بانگەشەی بۆ دەکەن.


شەقامی کوردی لەسەر ئەو هەوڵ و بانگەشانەی هەردوو برا تاڵەبانیەکە و کەسە نزیکەکانیان دابەشبوون بەسەر دوو ئاراستەدا، بەشێکیان پێیان وایە کورانی تالەبانی لە دەباشانەوە پرۆسەیەکی گەورەو گرنگیان دەستداوەتێ و ئەنجامێکی باش لەسەر ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و کاسبکاران و یەکە ئیداریەکان بەجێدەهێڵێت.

 لە بەرامبەردا بەشێکی تری هاوڵاتیان و چالاکان پێیان وایە ئەم بانگەشانە جگە لە بانگەشەیەکی کاتی و نمایشێکی جوانی دووبراکە هیچی تر نییە، چونکە باڤڵ تاڵەبانی لە دوو ساڵی رابردودا هاوسەرۆکی یەکێتی بوەو هەمان دەسەڵاتەکانی ئێستای هەبوە، قوباد تاڵەبانیش بەهەمان شێوەی ئێستای جێگری سەرۆکی حکومەت بوەو هەمان دەسەڵاتی ئێستای بەکار هێناوە، خێرە لە رابردودا ئەم کارانە نەکراون و ئێستا دەستیان داوەتە ئەم هەوڵە؟ ئاخۆ پێشتر کەس دەستی گرتوون لە چاکسازی و گۆرانکاری جەوهەریی؟

بەشێکی زۆر لەو گۆرانکاریانەی کە هەردوو براکە دەیانەوێت  ئەنجامی بدەن دەبێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندی بەرپرسانی ئیداری و حزبی سنورەکەو پێدەچێت ئەو بابەتەش بە سانایی قبوڵ نەکرێت و وەستانەوە لە دژی بڕیارەکان ببینریێت لە داهاتودا، بوارەکانی نەوت و جگەرەو دەرمان و بازرگانی دەروازەکان و کۆمپانیاکانی پاسەوانی و تەخشان و پەخشانی زەویە گرانگەبەهاکانی شار و چەند بابەتێکی تر، ئەو سێکتەرانەن کە پێویستیان بە ڕێکخستنەوەو پێداچونەوەی جددی هەیە، هەموو ئەوسیکتەرانەش لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە قۆرخکراون و خۆیان و کورەکانیان هەموو بەرژەوەندیەکانیان لە کارانەدا دەبیننەوە، ئاخۆ کورانی تاڵەبانی دەتوانن دەست بەرن بۆ چاکسازی وڕێکخستنەوەی ئەو بوارانەو هەوڵەکانیان دەگاتە ئاستێک کە ئەو سێکتەرانەش بەدەر نەبن لە گۆرانکاریەکان یان لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی بەرپرسانی حزبەکەیان خۆیان دەبوێرن و دەست نابەن بۆ ریکخستنەوەی ئەو بوارانە.

 ئەگەر وابکەن وەک چاودێران دەڵێن هیچیان بەهیچ نەکردوە، ئەگەر پێچەوانەکەشی ئەنجام بدەن، کارەکەیان ریز لێگیراو دەبێت و لەلایەن شەقامەوە پشتیوانی بەرفراوانی لێدەکرێت چونکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هاولاتیان جێدەهێڵێت.

لە هەموو باریکدا ئێستا چاوەکان لەسەر داهاتون، کورەکانی تاڵەبانی لەژێر وردبینێکدان کە زۆر بە ئەسپایی چاودێری دەکرێن لەلایەن هاوڵاتیان و چاودێرانەوە، ئاخۆ نیەتێکی جدییان هەیە بۆ چاکسازی یان تەنها بانگەشەیە، ئاخۆ دەیانەوێت بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دەۆخەکە بکەن یان هەموو کەموکوریەکانیان بە عەلاگەی ئامۆزاکەیاندا هەڵدەواسن و خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوەو خەڵکی تر بە هۆکار دەزانن؟

ئاخۆ دەتوانن لەگەڵ دروشمەکانی دوای ٨ی تەمووز راستگۆبن یان ئەوانیش دەبنەبەشێک لە پرۆسەی بێهیواکردنی کۆمەڵگە لە چاکسازی و گۆرانکاری؟