کۆتایی هێنان بە لێبڕینی مووچەو خۆ بە پاڵەوانکردنی هەمووان

کوردستان

26/07/2021‌ 1287 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیسانەوە چیرۆکی خۆ بە پاڵەوانکردنەوەی بەرپرسانی کورد بابەتی ئەمجارەمانە، لەگەڵمان بن بزانین بۆچی هەمیشە لە ناو کورددا سەرکەوتن خاوەنی زۆرەو شکستیش کەس خۆی ناکات بەخاوەنی؟؟؟؟

زۆرکات و لە زۆر بۆنەدا کاتێک شکستێک هاتۆتە پێش و قەیرانێک رویداوە هەموو بەرپرسان خۆیانی لێ دور دەخەنەوەو دەیانەوێت لە بەردەم بەرپرسیارێتیدا خۆیان بدزنەوە، کورد وتەنی دەستە چەورەکە دەسڕن بەسەر یەکتردا و هەر کەسەو لای خۆیەوە پاکانە بۆ ئەوە دەکات کە ڕویداوەو گوایە ئەو تاوانباری ئەو شکست و قەیرانە نییە، تا وای لێهاتوە هەندێک کات هەموو حزب و بەرپرسان خۆیان لە شکستەکە بێبەری کردوەو وا کەوتۆتەوە کە ئەوە میللەت و هاولاتیانن تاوانبارن لەو شکستەو کورد وتەنی ساحەکەی خوار بوە بۆیە ئەو شکست و قەیرانە ڕویداوە.

خۆ بە پێچەوانەوە هەرکات شتێکی باش هاتبێتە پێشەوەو سودی هاوڵاتیانی تێدا بوبێت راستەوخۆ چی میدیای حزبی و سۆشیال میدیاو تیڤیەکان هەیە تەنراوە بە پیرۆزبایی و موژدەی بەرپرسان و شەڕی توند لەسەر ئەوە کراوە کە کێ خاوەنی ئەو تۆزە سەرکەوتنەیە کە ڕویداوە.

هەموو حزبەکان و بەرپرسانی حکومی و حزبی، هەمویان کەوتونەتەهۆنینەوەی پیرۆزبایی و شاگەشکە بونی خۆیان بە سەرکەوتنەکە نیشانداوە ، وتویانە ئێمە پاڵەوان و ئەندازیاری ئەو سەرکەوتنەین و زۆر کات سەریان لە هاولاتی و شەقامیش شیواندوە کە کێ بکەری ئەو کارە بوە کە کراوە، خۆ هەر دوای ماوەیەکی کەم کە ئەو کارە بە شکست گەراوەتەوەو کۆتایی هاتوە هەموان خۆیان بێدەنگ کردوەو هەموو ئەوانەی تا دوێنێ خۆیان بە پاڵەوان زانیوە ئەمرۆ بێدەنگ دانیشتوون و میدیاکانیان خەریک کردوە بە شتی لاوەکی و سودەکانی سەوزەو میوەوە لە بری ئەوەی شان بدەنە بەر شکستەکەو بلیێن ئێمە شکستمان هێنا لەم کارەوداو داوای لێبوەردن دەکەین.

سەرنج بدەن دوای زیاتر لە ١٠مانگ لە لێرینی موچە بەبێ پاساو و لەدەرەوەی یاسا، وێرای ئەوەی چەند مانگێکە بە هەموو پێوەرێک داهاتی ناوخۆ بەشی ئەوە دەکات موچە بەبێ لێبڕین بدرێتە موچەخۆران، بەڵام حکومەتی هەرێم هەر مانگەو بە بیانویەک دیسانەوە موچەی بە لێبڕێنەوە دابەشدەکرد.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت هاتە سەر شاشەی تیڤیەکان و بە بێ ئەوەی داوای لێبوردن بکات لە لێبرینی موچە، موژدەی ئەوەی دایە هەموان کە چیدی لێبرین کۆتایی هاتوە، سەرۆکی حکومەت خۆی بە پاڵەوانی گۆرەپانەکەو خاوەنی ئەو شتە زانی کە لە ئەسلدا دەستکەوت نییەو ئەو بەدەستکەوت ناوی هێنا.

هەر زوو میدیاکانی پارتی  و بەرپرس و پەرلەمانتارانی ئەو حزبە کەوتنە هۆنینیەوەی شیعر و شانامە بە باڵای سەرۆکی حکومەتدا و وەک فریادرەسی دۆخە سەختەکان ناویان هێناو کردیانە فریشتەی ڕزگارکەی میلەتی کورد.

لەلایەکی ترەوە میدیاکانی گۆران و بەشێک لە سۆشیاڵ میدیای ئەو حەزبە ئاواتی شێخ جەنابیان وەک پاڵەوانی ئەنجامدانی کارەکە وێناکرد و بەو پێیەی وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمە هەموو خاڵەکانی سەرکەروتنەکەیان بەستەوە بە نوکی قەڵەمەکەی ئەوەوە و بە راستەوخۆ وناراستەوخۆ ئەوەیان بە هەموان وت کە ئەگەر جەنابی شێخ نەبوایە لێبرینی موچە هەر بەردەوام دەبوو.

قوباد تالەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کە لە دۆخە باشەکاندا یەکێتیەکان و میدیاکانی ئەو حزبە بە مامی بچوک ناوی دەبەن یەکێکی تر بوو لەو کەسانەی کە کرایە پاڵەوانی بردنەوەی یارییەکەو وەک شکێنەری گەمارۆکانی سەر هەرێمی کورسستان لە بەغداد و کۆتایی پێهێنەری لێبرینی موچە ئاماژەی بۆ کرا.


هەموو ئەم خۆ بە پاڵەوان کردن و خۆاناساندنانە بە فریادرەس لە کاتیکدایە کە لێبرینی موچە لە هەر وڵاتیكی تر بوایە، دەبوو حکومەت بە تەواوی واتا داوای لێبوردن بکات و خۆی بە کەمتەرخەم لە ئاست مافی موچەخۆران بناسێنیت نەک ئەوەی هەر یەکەو لەلایەکەوە وەک موژدە هەواڵەکە بدەنە جەماوەر و خۆیان وەک پاڵەوان وێنا بکەن کە وەک هاولاتیان دەلێن هیچ کات ئەوە پاڵەوانێتی نییە.

موزایەدەو خۆ بە پالەوان کردنی ئەمجاریش کۆتایی هات و هەموان خۆیان کردە خاوەنی ئەو شتەی کە ناویان ناوە سەرکەوتن، داخۆ سبەی چیتر ڕو دەدات، شکست یان سەرکەوتن، ئەگەر شکست ڕویدا کێ خۆی بە خاوەنی دەزانێت و ئەگەر سەرکەوتن هاتە پێشەوە کێ خۆی بە پاڵەوان ناو دەبات،،،
ئێوەش بمێنن بە خێر..