دوای سەردانەکەى باڵیۆزى تورکیا بۆ هەرێم بە چڕی سنورەکانى هەرێم بۆردومانکرا

عیراق

30/07/2021‌ 1801 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای سەردانى باڵیۆزى تورکیا بۆ هەرێمى کوردستان فرۆکە جەنگییەکانى ئەو وڵاتە بەچڕی بۆردومانى سنورەکانى هەرێمى کوردستان دەکەن.

رۆژى پێنج شەممە ئالیرەزا گونەى باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لەگەڵ هەریەکە لە مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم و مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتی هەرێم کۆبووەو تیایدا لەبارەى رەوشى ئیستای سنورەکان و پرسى پەکەکەیان تاوتوێ کردووە.

هەر چەند کاتژمێر دوای ئەو کۆبوونەوانەی باڵیۆزى تورکیا لەگەڵ ئەو سێ دەسەڵاتدارەى هەرێم فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بە چڕی بۆردومانى بنارى قەندیل و برادۆستیان کرد کە لەماوەى یەک ساڵى رابردوودا تائێستا بەو چڕییە سنورەکانى هەرێم بۆردومان نەکراون.

هەر سەبارەت بەو کۆبوونەوانە باڵیۆزەکەى تورکیا لە عێراق لە تویتێکدا هەرێمى کوردستانى بە شیمالی عێراق ناوبردووە، هاوکات ماڵپەڕی ئەنادۆلی سەر بە حکومەتى تورکیاش بە هەمان شێوە هەرێمى بە شیمالی عێراق ناوبردوە.

س.هـ