شارپرێس:
عومەر گوڵپی ئەندامى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، حكومهت لە ساڵی (٢٠١١)ەوە، سەرقاڵی دروستکردنی پڕۆژەی بە دووسایدکردنی ڕێگای سەرەکی (دوکان - چوارقوڕنە)ن، کە تەنها (٦٥) کیلۆمەتر پێکهاتووە! بە تێچووی نزیکەی (١٥٠ ملیار دینار)، هێشتا تەنها لە ٤٥% تەواو بووە، واتە ئەو پڕۆژەیە سێ سەرۆک حکومەت، سێ جێگری سەرۆکی حکومەتو سێ وەزیری بینیوە، و هێشتا تەواو نەبووە.
گوڵپی ئاماژە بەوە دەکات نزیکەی دە ساڵە خەریکی بە دووسایدکردنی ڕێگای سەرەکی نێوان (کەلار - دەربەندیخان)ن، کە درێژی هەموو ڕێگاکە بریتیە لە (٧٦)کیلۆمەترو تێچووەکەی بریتیە لە (١٣٦ ملیار دینار)، لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا تەنها (٣٠%) پڕۆژەکە تەواو بووە.
بەوتەى ئەو پەرلەمانتارە بههۆی زۆری ڕووداوهكانی هاتوچۆوه، ئهو دوو ڕێگهیه به ڕێگهی مهرگ ناسراون، ڕۆژانە هاووڵاتیان بە ترسێکی زۆرەوە ئەو ڕێگایانە دەبڕنو لە هەردوو ئیدارەی ڕاپەرینو گەرمیانەوە دەگەنە شاری سلێمانی، زۆرێک لە هاتۆچۆکانیش زۆر پێویستن بەهۆی نەخۆشیو کاری فەرمانگەو ئاڵوگۆڕی بازرگانیو پێویستی ترەوە.
عومەر گوڵپی روونیدەکاتەوە کە تێکڕا ساڵانە (٤٠٠٠) ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو دەدەن، لەو ژمارەیە، نزیکەی (٥٠٠)کەس گیان لەدەست دەدەنو ژمارەی بریندارەکانیش (٥٠٠٠) کەسە، ژمارەیەکیش لە بریندارەکان بۆ هەمیشەیی کەمئەندام دەبن، هەموو ئەمانە لەگەڵ هۆکاری خێرا لێخوڕینو سەرەڕۆیی شۆفێران کە هۆکاری سەرەکیە لە هەموو دونیا، بەڵام یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان خراپی ڕێگەو بانەکانە.
ناوبراو پێیوایە کە ههرێمی كوردستان داهاتی باشی لەبەر دەستە، بەجۆرێک دەتوانرێت بە تەرخانکردنی نزیکەی (٧٠٠) ملیار دینار، بەشی زۆری کێشەی شەقامو ڕێگەو بانەکانی خۆی چارەسەر بكات، ئەو پارەیەش تەنها داهاتی ڕاستەقینەی پێنج مانگی گومرگی ئیبراهیم خەلیلە.
هەروەها ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، دروستکردنی ڕێگا لە دروستکردنی شەمەندەفەرو هێڵەکەی ئاسانترە، چونکە لە کوردستان قیری پێویست بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها ئەندازیارو توانای زانستیو تەکنیکی هەیەو ئهزموونی پێویستیش ههیه، تێچووشی کەمترەو چاکسازیشی ئاسانترە، کەواتە ئەگەر حکومەت نەتوانێت چوار شەقامی سەرەکی سی تا چل کیلۆمەتری بە دە ساڵ تەواو بکات، ناهەقیەتی بۆ شەمەندەفەر گاڵتە به حكومهت بکات.
س.هـ