یەکێتى له‌به‌رده‌م دوڕیان‌و ئەگەرى دولەتبون‌و جیابونەوەیەکى دیكه‌دایه‌

کوردستان

01/08/2021‌ 8652 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دۆخى عێراق وەک مەجەڵێک لەسەر ئاگر دەکوڵێت‌و هەرێمی کوردستان لەژێر چەندین هەڕەشەو گۆڕانکاریی‌و ئەگەری جۆراوجۆردایە، ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن دەکرێت‌و وردە وردە هێزە ڕکابەرەکانی یەکێتی کاندیدەکانیان بەخەڵک دەناسێنن‌و بانگەشەیان دەستپێکردوە، کێشەیەک لەناو یەکێتی نیشتیمانى کوردستاندا سەرهەڵدەدات کە ناوخۆی ئەو حزبەی ڕوبەڕوی شڵەژانێکى گەورە کردۆتەوە، کێشەیەک کە یەکێتى خستەوە بەردەم دووڕیان‌و ئەگەرى دوولەتبون‌و جیابونەوەیەکى تر.


ئەم تەقینەوە سیاسی‌و حزبییە تەنها لەناو حزبێکى ئاساییدا ڕوینەداوە، بەڵکو لەناو حزبێکدا ڕویداوە کە یەکێتی نیشیمانى کوردستانەو هەم نیوەى کوردستانی لەڕوی خاک‌و هێزی سەربازیی‌و ئابوریی‌و سەرچاوەی مرۆییەوە لەژێر دەستدایە، هەم یاریکەرێکى سیاسی چالاکى گۆڕەپانى عێراقەو باڵاترین پۆستى وڵاتى بەدەستەوەیە کە سەرۆکایەتى کۆمارە.

ئەم هەژمونەی یەکێتی وایکردوە، هەر گۆڕانکارییەک بەئەرێنی‌و نەرێنى لەناو یەکێتیدا ڕوبدات کاریگەرى ڕاستەوخۆی لەسەر عێراق بەگشتى‌و هەرێمى کوردستان بەتایبەت دەبێت.

ڕوداوەکانی 8ی تەمموزو لێکەوتەکانی ڕۆژانی دوایی تائێستا، هەموو دەرخەری ئەو ڕاستیەن یەکێتی لەقۆناغ‌و دۆخێکی تەواو هەستیاردایەو ئەگەر نەوەیەکی نوێی هێزی چەپکە گوڵەکە لەدایکنەبێت، ئەوا ژانی لەدایکبونی قۆناغێکی نوێ بەرۆکی حزبەکەی گرتوە، هەروەک هاوسەرۆکی حزبەکە ئاماژە بەیەکێتیەکی نوێ دەکات.

لەو هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەی عێراقدا، لەسەروبەندى هەڵبژاردنی پەرلەمان‌و لەناو قەیرانێکى قوڵی سیاسى‌و داراییدا،  لەناو دۆخێکى سیاسى بێ متمانەیی هەرێمى کوردستاندا،  لەکاتى لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر خاکی هەرێم‌و ئەگەری شەڕی براکوژیدا، لەناو جەرگەى ململانێکانى ئەمریکاو ئێران کە عێراق‌و هەرێمیان کردوەتە گۆڕه‌پانى جەنگێکى ڕانەگەیەنراو، لەناو دۆخێکى تەواو ئاڵۆزو بارگاوی بەشەڕو تەقینەوەی سیاسى، یەکێتى هێشتا هەر سەرقاڵى ململانێ ناوخۆییەکانییەتى، هێشتا برینە کۆنەکانى چارەسەرنەکردوە، برینى دیکەش لەجەستەیدا دروستبون، کە ئەگەر حەکیمێک بەزویی ساڕێژیان نەکات، پێدەچێت هەموو جەستەی حزبەکە بتەنێت.

ململانێکانی ئەمجارەی نێو یەکێتی جیاواز لەهەموو ململانێکانی تر کە سەرکردایەتی‌و بەشێکی زۆر لەسەرکردەکان دەبونە لایەنێکی هاوکێشەکان، ئەمجاره‌ لەبەرزترین ئاست‌و لەباڵا ترین بنەماڵەی حزبەکەو هەرێم ململانێکان دروستبون‌و تەشەنەیانکردو تەقینەوەو چاوی حزبەکەو سەرکردایەتی‌و کاراکتەرە سەرەکیەکانی حزبەکەی لەسەر ڕوداوو دۆخە هەستیارەکانی عێراق‌و هەرێم لابردو هەموو چاوەکان ڕویانکردەوە ناوماڵی خودی حزبەکە.

یەکێتی لەبری ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کە هاوپەیمانێتى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان پێکهێناوە، بەقەولی خۆیان بۆ گێڕانەوەى هاوسەنگی هێز لەبەغدا، لەجیاتى  ململانێکردن‌و ڕکابەرى ڕاستەقینە لەگەڵ حزبەکانی تری کوردستان بۆ دوبارە هەستانەوەو نوێکردنەوەى یەکێتى، ئێستا خەریکی کێشەکانی ناوخۆیەتی.

ئەمجارە نەک هەر سەرکردەکان بەسەر دوو باڵ‌و دوو بەرەى ناکۆکدا دابەشبون، بەڵکو بەرەیەک لەدژى بەرەکەى تر هەموو میدیاکانی تەرخانکردوە بۆ ئەو ململانێ ناوخۆییەوە پیشاندانی وێنەیەکی ناشیرنی لایەنەکەی بەرامبەری، میدیاکان‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان سەرقاڵکردوە بەبەخشینەوەى تۆمەت‌و هەڵدانەوەى مەلەفەکانى یەکتر.

لێشاوێک لەمیدیاو سۆشیال میدیایان تەرخانکردوە بۆ هێرشی ناڕەوا بۆ سەر یەکتر لەکاتێکدا کە هەموو ئەو میدیایانە بۆ پشتیوانی لەیەکێتی‌و بڵاوکردنەوەو گەیاندنی پەیامەکانی یەکێتی‌و بەپارەی ئەو حزبە بەڕێوەدەبرێن بەشێوەی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ، کەچی هەر لەمیدیاکانی خۆیانەوە هێرشی توندو تۆمەتی دزی‌و گەندەڵی‌و خیانەت‌و دەستی دەرەکی دەدەنە پاڵ سەرکردەکانی خۆیان لەبری ئەوەی سەرقاڵی ئامادەکاری بن بۆ ڕکابەریەکانی هێزەکانی بەرامبەریان.

ئێستا هەریەکە لەو لایەنانەو میدیاو سۆشیال میدیاکانیان خۆیان بەخاوەنى ڕاستەقینەی یەکێتى دەزانن، ئۆرگانە باڵاکانى ئەو حزبەو سەرکردەو بەرپرسەکانى لەدورەوەو بەبێ هیچ دەسەڵاتێک سەیرى ئەو ململانێیەی حزبەکەیان دەکەن کە لەسەر دەستى ئامۆزاکان هاتۆتە ئاراوە.

ئەم دۆخەی ناو یەکێتى جگەلەوەى بێ هیوایی‌و نیگەرانى لەلای ئەندام‌و لایەنگرانى ئەو حزبە دروستکردوە، هاوکات دۆخێکى دەرونى ناجێگیرو تارماییەک لەترسى لەزۆنى سەوز دروستکردوە کە نازانن ئەنجامى ئەو ناکۆکییە نوێیانەى یەکێتى ناوچەکە ڕوبەڕوى چ چارەنوسێک دەکاتەوە.

ڕکابەری سەرەکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەزۆنى زەرد پارتى دیموکراتى کوردستانەو لەژێر باڵی خۆشى بزوتنەوەى گۆڕان، ئەو دوو هێزە سیاسییە لەدورەوەو بەبێدەنگی سەیرى دۆخى ناو یەکێتى دەکەن‌و چاودێرانیش لەبارەی پارتییەوە دەڵێن:"ئەگەر دەستی ئەوانیشی تێدانەبێت دۆخەکە بەدڵی ئەوانە، خۆ ئەگەر بەدڵی ئەوانیش نەبێت لەکۆتاییدا لەبەرژەوەندی ئەوانە".

بەبڕواى چاودێرانى سیاسى هەرێم، یەکێتیى لەم دۆخەى ئێستادا نەک ناتوانێت ڕکابەرى پارتى‌و لایەنەکانى تر بکات‌و ئەو هاوسەنگییە بگێڕێتەوە کە لەدواى کۆنگرەوە بافڵ تاڵەبانى‌و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانى یەکێتى بانگەشەى بۆ دەکەن، بەڵکو چاوەڕوان ناکرێت بەمنزیکانە کێشەکانى خۆشیان چارەسەربکەن‌و بپەڕژێنەسەر پڕۆژە سیاسییەکانیان لەناوخۆی هەرێم‌و عێراقیش.

ئەوەش وادەکات جارێکى تر یەکێتى لەکاروانەکە دوابکەوێت‌و پارتى وەک زۆربەی کاتەکانی تر هەلی ئەوەی بۆ بڕەخسێت سود لەدۆخەکە وەربگێرێت‌و زیاتر جێ پێی خۆی لەگۆڕەپانەکە قایم بکات لەغیابی یەکێتیدا.

بۆیە باشترین کارێک کە یەکێتی لەئێستادا دەبێت بیکات ئەوەیە هەرچۆنێكه‌ ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت‌و بەخێرایی دۆخی ڕێکخستن‌و ئۆرگانەکانی حزبەکەی ڕێکبخاتەوەو ئامادەیان بکات بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکاریەکانی ناو هەرێم‌و ناوچەکەو ئامادەی ڕکابەری‌و ململانێ سیاسیەکان بێت نەک سەرقاڵ‌و سەرمەرستی کێشە ناوخۆییەکان.