کۆچی مەرجدار بۆ ئەمریکا، لەنێوان کوردستان و ئەفغانستاندا

جیهان

01/09/2021‌ 2430 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەمان سیناریۆ دوای ٢٥ ساڵ دوو بارە دەبێتەوە و ئەمریکا جارێکی تر دەبێتەوە خانەخوێی ئەو کەسانەی ناچاربوون کۆچ بکەن.کۆچێک لەوانەیە بۆ هەندێک ببێتە فریادڕەس و بۆ هەندێکیش کۆتایی ژیان بوبێت.

ژمارەیەک کورد لە ترسی ئەوەی تۆڵەیان لێبکرێتەوە لەبەرامبەر ئەوەی هاوکاری رێکخراوەکانی ئەمەریکایان کردووە لە باکووری عیراق، رۆژی دووشەممە، لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە گەیەنرانە دوورگەی گوام لە ئەمریکا و ژمارەیان 792 کەسە، بە هیوای ئەوەی ژیانێکی سەلامەت دەستەبەر بکەن.

بڕیارە 1422 کورد لە بنکەسەربازیەکانی گوام لە پێنج گەشتی فڕۆکەوانیدا بگەیەنرێتە ئەمەریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش رایگەیاندووە، پردێکی ئاسمانیان کردۆتەوە لە شاری دیاربەکری تورکیا و رۆژی پێنجشەممە پڕۆسەی فریاکەوتنەکە کۆتایی دێت.

ئەمە هەواڵی ٢٥ ساڵ بەر لە ئێستای میدیا جیهانیەکان بوو، هەوالێک کە دونیای گرتەوەو چاوی هەموو دەزگا میدیایی و مرۆییەکانی خستە سەر ڕوداوەەکانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕوداوەکانی ٣١ی ئابدا... 

بەرپرسی ستافی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی تورکیا رایگەیاند" کوردەکانی عیراق لە دیاربەکرەوە دەگوازینەوە بۆ گوام، کە خاوەندارێتی لەلایەن ئەمریکاوە دەکرێت، لە رۆژئاوای زەریای هادی، دوو بۆ سێ مانگ لەوێ دەمێننەوە پێش ئەوەی ببرێنە ناو ئەمریکا.

ئەم کۆچەی کوردەکان لە کاتی ڕوداوەکانی ٣١ی ئابدا بوو، کاتێک کە هێزەکانی ڕژێمی بەعس هاتنە نێو هەولێرەوەو شارەکەیان لە ژێر چنگی هێزەکانی یەکێتیدا دەرهێنا، ئیدی کوردستان بۆ هاوڵاتیانی ئەمریکاو ئەوانەی ئیشیان لەگەڵ ئەمریکیەکان دەکرد وەک پەناگەیەکی ئارام نەمایەوەو بوە ناوچەیەکی مەترسیدار بۆ سەر ژیانیان، بۆیە ناچار ئەمریکا بڕیاریدا هەموو ئەوانەی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ئەمریکا کار دەکەن بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەکەی و لەوێ ژیانێکی ئارام و شکۆمەندانە بەسەر بەرن.  

ئەو کات لە واشنتۆنەوە لەبارەی پرۆسەی رزگاکردنی کوردەکان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نیکۆلاس بێرنز وتی" ئەمریکا هەست بە بەرپرسیارەتی دەکات بەرامبەر ئەو پەنابەرانە، لەبەرئەوەی سەدام تۆڵەیان لێدەکاتەوە لەبەرامبەر کارکردنیان لەگەڵ ئەمریکیەکاندا.

ئەم کوردانە خۆیان شاردۆتەوە یان هەڵاتوون لە ماڵەکانیان و چاوەڕوان دەکەن رزگار بکرێن لە دەستی سووپای عیراق لە ناوچە کوردیەکان،  چونکە ڕژێمەکەی سەدام حسێن بەهاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان رۆژی 31ی ئاب دەستیان بەسەر هەولێردا گرتووە، بێرنز لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت ئەوانەی دەگوازرێنەوە بۆ ئەمریکا زۆرینەیان دەکرێنە هاوڵاتی ئەمریکایی.

ئەو پڕۆسەیە کە کوردەکانی پێ رزگا کرا، ناو نرابوو، رزگارکردنی مەرجدار، چوونکە هیچ مامەڵەیەکی پێشینەی بۆ ئەنجام نەدرابوو وەک وەرگرتنی ڤیزا و پشکنینی پاسپۆرت، یان جێبەجێکردنی مامەڵەی پەنابەری و پشکنینی داواکاری وەرگرتنی مافی پەنابەری، بەلکو راستەخۆو لەریگەی فرۆکە تایبەتەکانەوە دەگوازرانەوەو لە شوێنی تایبەت نیشتەجێ دەکران تا ئەوکاتە کە مامەڵەی بوون بە هاوڵاتی ئەمریکیان بۆ ئەنجام دەدرا.

ئەم هەواڵە نوێ نیە و ٢٥ ساڵ پێش ئێستا لە هەرێمی کوردستان روویداوە، ئێستاو دوای ٢٥ ساڵی تەواو هەمان دۆخ و سیناریۆ دووباروە دەبێتەوەو ئەفغانیەکان کەوتونەتە هەمان دۆخەوە.
دوو هەفتە لەمەوبەر و لە کابولی پایتەختی ئەفغانستان هەمان دیمەنی کۆچ دووبارە بوەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەمریکا خۆی بەری بۆ هێزەکانی تالیبان شل کرد تا کابوڵ داگیر بکەن بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەرێمی کوردستان ڕویداو گۆرانکاریەکان لە دەرەوەی خواستی ئەمریکاوە بوون.
 
لە ئەفغانستان بە هەزاران کەس روویان لە فرۆکەخانەی حەمید کارزایی کرد بۆ دەربازبوون، بەشیک لە هاوڵاتیان خۆیان بە فڕۆکەکانی ئەمریکا هەڵواسی بۆ ئەوەی رزگاریان بێت بەڵام کەوتنە خوارەوە بەمەش میدیای جیهانی چاوی خستەوە سەر رووداوەکە و دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دیمەنەکان پێچەوانە بوون و هاوڵاتیەکانی هەرێم بە فرۆکەی تایبەت و بە رەزامەندی ئەمریکا کۆچەکەیان کردو ئێستاو دوای ٢٥ ساڵ بەو کەسانە دەوترێت کوردەکانی ئەمریکا و ئێستا لەوێ ژیانێكی جیاوازیان بۆ خۆیان بنیاد ناوەو پێدەچێت ئێستا سەرقاڵی یادکردنەوەی رۆژی کۆچەکەیان بن.

جارێکی تر و دوای ٢٥ ساڵ دیسانەوە دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئارادایەو جارێکی تر باس لەوە دەکرێت ئەمریکا سەرقاڵی وەرگرتنی زانیاری هەموو ئەو کەسانەیە کە کار لەگەڵ دەزگاو ریکخراو و کۆمپانیا ئەمریکەیەکاندا دەکەن، کە هاوڵاتیان پێیان وایە ئەمریکیەکان ئەو کارە بۆیە دەکەن جارێکی تر ڕزگارکردنی مەرجدار بۆ ئەو هاوڵاتیانە مەیسەر بکەن.

بەپەلە