کێن ئەوانەی ٢٥ ساڵە بە کراسی ڕەشەوە چاوەرێی گەرانەوەی هاوسەر و کوڕ و باوکیانن؟

ڕاپۆرت

10/09/2021‌ 1867 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش تێپه‌ڕبونی‌ چارەكە سەدەیەك  به‌سه‌ر ده‌ستگیرکردنیان، تائێستا كه‌سوكاری‌ بێسه‌روشوێنكراوانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ چارەنوسی دەستگیركراوەكانیان نازانن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین جار  کەسوکارەکانیان خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌ و یاداشتیان ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كرددووە، به‌ڵام وه‌ڵامێكی‌ رون و ئاشكرایان ده‌ست نه‌كه‌وتوه‌.

له ‌ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردودا شه‌ڕ و پێكدادانی‌ چه‌كداری‌ له‌نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستاندا و چەند هێزێکی نزیک لەوان و هەر کۆمەڵەو لە سەنگەرێکەوە رویدا و به‌وهۆیه‌وه‌ چه‌ندین كه‌س بێسه‌روشوێنكران کەبە پێی زانیاریەکان ژمارەیان  لە ٣٢٥ کەس زیاترە، كه‌ تائێستا چاره‌نوسیان نادیاره‌ و كه‌سوكاریشیان ئاگادار نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و نازانرێت كه‌ ئاخۆ ئه‌و ده‌ستگیرکراوانه‌ له‌ ژیاندا ماون یان نا.

وێڕای ئەوەی كەپارتی و یەكێتی لەساڵی 1998وە دوای رێكەوتنامەی واشنتۆن لەژێر چاودێری ئەمریکادا كۆتاییان بەشەڕی ناوخۆی نێوانیان هێنا ودواتر ریکەوتنێکی ستراتیژییان واژۆکرد و هەردوولا هاوڕابوون بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕو گرژیەکانی نێوانیان.

بەڵام لەو ساتەوە تائێستا ژمارەیەكی ئێجگار زۆرلە پێشمەرگەو لایەنگرو ئەندامانی هەردوولا چارەنوسیان بەنادیاری ماوەتەوە کە ناوی بێسەرو شوێنانی شەری ناوخۆیان لێنراوە .

 بیست و دووساڵە یەكێتی و پارتی كۆتاییان بەشەڕی نێوانیان هێناوە،بەرپرسانی یەکەمی هەردوو حزب، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی، لەبەرامبەر خەڵكی كوردستاندا داوای لێبوردنیان كردووە لەهەمبەر ئەو شەڕەی لەنێوانیاندا ڕوویداوە و بەهۆیەوە هەزاران كوژراو بریندا و بێسەرو شوێنی لێكەوتوتەوە.

شەڕی ناوخۆێ‌ هەرێمی كوردستان بۆماوەی چەندین ساڵی تر كاریگەری نەرێنی لەسەر دەرونی تاك و كۆی ئەوكەسانە هەیەكە بەشداربون تیایدا، یاخود كەسی نزیكیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن کراوە.

 ئەم تاوانكارییە بەشێوەیەك كاریگەری لەسەر كه‌سوكاری بێسه‌روشوێنبوه‌كان داناوە توشی چه‌ندین گرفتی‌ یاسایی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ده‌رونی‌ كردوون.

پسپۆرێکی یاسای تاوانە نێودەوڵەتیەکان لەو بارەیەوە بۆ شار پرێسی پشتراست کردەوە کە بێسەرو شوێن کردنی ئەو ژمارە زۆرەی پێشمەرگەی حزبە کوردیەکان بە دەستی یەکتر و لە شەری براکوژیدا، تاوانێکی گەورەی دژە مرۆڤایەتییەو ئەگەر لە هەر وڵاتیکی تری دونیا ڕوی بدایە بە دڵنیاییەوە بکەرانی ڕوبەروی سزایەکی توند دەبونەوەو نەیاندەتوانی لێی دەرباز ببن بە هیچ جۆرێک.

بەردەوام و ناوبەناو کەسوکاری بێشەروشوێنان بە یاداشت و گرد بونەوەو خۆپیشاندان داوای یەکلاکردنەوەی چارەنوسی ڕۆڵەکانیان کردوە و لە خولەکانی دوەم و سێیەمی پەرلەماندا بەلێنی جدی دراوە بۆ دیاری کردنی چاەرەنوسیان بەڵام تا ئێستاش دۆسیەکە هەر وەک خۆیەتی.

لە ساڵی ٢٠١٥ دا وەزیری ئەوکاتی ناوخۆی هەرێم داوایەکی ئاراستەی پەرلەمان کردو تیایدا داوای کرد بێشەروشوێنانی شەری ناوخۆ بە شەهید بدرێنە قەڵەم و نازناوی شەهیدی سەنگەریان بۆ دیاری بکرێت، ئەم قسەیەی وەزیری ناوخۆ نارەزایی توندی کەسوکاری قوربانیەکانی لێکەوتەوە و وتیان پێدەچێت وەزیری ناوخۆ ئاگاداری کوشتن و لەناوبردنی ئەو کەسانە بێت بۆیە داوای لەوجۆرە پێشکەش بە پەرلەمان دەکات.

شاردنەوە ودەستەوەستان بوون بەرامبەر كەیسی بێسەرو شوێنەكانی شەڕی ناوخۆ لەبیست و دووساڵی ڕابردوودا ،یەكێكە لەمەترسیدارترین ئەو كەیسانەی كە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەهاونیشتیمانیانی ئەنجامیانداوە.

چونكە ئەم تاوانە كە یەكێتی و پارتی لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابرددودا كردویانە،بۆهەتا هەتایە ناو وناوبانگی ئەم دووهێزە لە مەحفەلی نێو دەوڵتیدا بەشێوەی ناشرین پێناسە دەکات و دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش بە مێژوی میللەتی کوردەوە.

ئێستاش دوای ئەو ماوە درێژە كەسوكاری بێسەروشوێنەكانی شەڕی ناوخۆ هەر چاوەڕوانی ئەوەن لە شوێنێكەوە چارەنوسی كەسوكارەكانیان بزانن،یاخود لەڕێگەی یاساوە بۆیان یەكلایی بكەنەوە كەئەوان لەژیاندا ماون یاخود نا؟، بەلام پپێدەچیت دەسەڵاتی دادوەریش توانای یەکلاکردنەوەی ئەو دۆسیەیەی نەبێت بەو پێیەی دەزگای دادوەریش لەژێر هەژمونی حزبەکاندایە.

سەرەڕای ئەم مێژووە تاریكە لە نێوان یەكێتی و پارتی ئێستاش ئەو بەیاننامە و شەڕە قسەیەیی لەنێوان ئەم دووهێزەدا ڕوودەدات، دڵی هەزاران خێزان ڕادەچڵەكێنێ‌ و دیمەنەکانی شەری براکوژی و بێسەروشوێنکردنی پێشمەرگەکانی یەکتر پیشانی کەسوکاریان دەداتەوە.