تا ساڵی 2035 ئەمەریکا %40 کارەباکەی لە وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێنێت

جیهان

12/09/2021‌ 509 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا، تاوەکو ساڵی 2025 ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەسەدا 40کارەباکەی لە وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێنێت، واتە 10 ئەوەندەی ئەو کارەبایەی ئێستا لەو وڵاتە لە وزەی خۆرەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەویش لەڕێگای ئەو پشتیوانییە داراییە گەورەیەی لەداهاتوودا پێشکەشی ئەو کەرتە دەکرێت.

لەوبارەیەوە جینیفەر گرانهۆڵم وەزیری وزەی ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا دەڵێت: ئەو لێکۆلینەوانەی لەسەر وزە نوێبووەوەکان کراون ئەوە دەردەخەن کە وزەی خۆر پاکترین و هەرزانترین سەرچاوەی وزەیە و خێراترین گەشەشی هەیە، وتوشیەتی پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2035لەرێگای وزەی خۆرەوە کارەبا بۆ هەموو ماڵەکانی ئەمەریکا بەرهەمدەهێنرێت و نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەسیش بخاتە سەر کار.

مەزەندە دەکرێت پلانی ژێرخانی یەک تڕیلیۆن دۆلاری کە هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەنگی لەسەردا لەڕێگای نوێکردنەوەی تۆرەکانی کارەباوە پشتیوانی وەبەرهێنانی بواری وزەی خۆر بکات. بەڵام کۆشکی سپی لەڕێگای پاکێجێکی 3.5 تریلیۆن دۆلاری جیا و بەخشین لە باجەکان نیازی هەیە زیاتر پەرە بە گەشەکردنی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی