خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌رى له‌هه‌رێم به‌ڕێوه‌ده‌چێت

کوردستان

13/09/2021‌ 1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەرچوانی  زانکۆو پەیمانگاکان لەسەرجەم ناوچەو شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌ك كاتدا ده‌ستى پێكردو داواى دامه‌زراندن‌و هه‌لى كار له‌حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ن.


ئه‌مڕۆ دوشەممەو له‌کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی خۆپیشاندان‌و گردبونەوەی ناڕه‌زایی دەرچوانی دانەمەزراو لەسەرجەم ناوچەو شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ستى پێكردو بەیاننامەی ئەنجومەنی دەرچوانی دانەمەزراو خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تێیدا داواى دامه‌زراندن‌و هه‌لى كار له‌حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكرا، دۆخی گەنجان‌و بێکاری‌و داخستنی دەرگای  دامەزراندن وایكردوه‌ گه‌نجان بێزارو نیگه‌ران بن‌و به‌شێكى زۆرى ده‌رچوانیش ڕێگه‌ى مه‌رگیان بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵبژاردوه‌.

خۆپیشاندان‌و گردبونه‌وه‌ى ناڕه‌زایی ده‌رچوان به‌مشێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌هەولێر بەردەم بینای ئەنجومەنی  وەزیران‌و له‌سلێمانی چونه‌ بەردەم دادگای سلێمانی‌و دواتریش چونه‌ بەردەم بینای پارێزگاو له‌وێشه‌وه‌ ڕویانكرده‌ بەردەم نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت.

هاوكات له‌هەڵەبجەی شەهید-یش ده‌رچوان ڕویانكرده‌ بەردەم بینای پارێزگای هەڵەبجەو له‌ئیدارەی گەرمیانیش خۆپیشاندانیان برده‌ بەردەم ئیدارەی گەرمیان، هه‌روه‌ها له‌ئیدارەی ڕاپەڕینیش گردبونه‌وه‌كه‌ له‌ناو باخی گشتیی به‌ڕێوه‌چوو.

له‌چەمچەماڵیش له‌پارکی بەرامبەر هۆڵی ڕۆشنبیری‌و له‌سەیدسادقیش له‌ناوبازاڕو له‌هەڵەبجەی  تازەش چونه‌ بەردەم قائیمقامیەتی قەزای شارەزورو په‌یام‌و ناڕه‌زاییه‌كانى خۆیان به‌به‌رپرسى ئیداریی سنوره‌كه‌ گه‌یاند.