عێراق 12 فڕۆکەی جەنگیی لەپاکستان دەکرێت

عیراق

28/09/2021‌ 1280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتی عێراق داواکاریی بۆ کڕینی 12 فڕۆکەی جەنگیی جۆری JF-17 Thunder Block III خستۆتە بەردەم حکومەتی پاکستان، جه‌ختیكردۆته‌وه‌، بەرپرسانی عێراقیی‌و پاکستانی بۆ نزیکبونەوە لەواژۆکردنی گرێبەستە سەربازییەکە چەندین دانوستانیان ئەنجامداوە.


بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "pakobserver"ی پاکستانی، ئەو فڕۆکانەی عێراق لەئیسلام ئابادی دەکرێت لەسەر ئاستێکی پێشکەوتوو کە کۆمەڵگەی فڕۆکەوانی پاکستانی (PAC) Kamran‌و بەهاوکاریی لەگەڵ چیندا دروستدەکرێن، پێشتریش هەریەک لەنەیجیریا‌و میانمار ئەو جۆرە فڕۆکانەیان خستۆتە ناو هێزە ئاسمانییەکەیانەوە.

هەر بەگوێرەی سەرچاوەکان، لەلایەن هەردوو حکومەتی عێراق‌و پاکستان ڕەزامەندی لەسەر گرێبەستەکە دراوەو پێشبینیشدەکرێت مانگی داهاتوو لەئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان واژۆبکرێت، حکومەتی عێراقیش 664 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی ئەو 12 فڕۆکەیە تەرخانکردوە.

باس لەوەشکراوە کە لەمانگی نیسانی ڕابردوو، پاکستان نمونەی فڕۆکەی جەنگیی JF-17و تانکی خالیدو تەقەمەنیی وردپێکی تەکبیرو بەلەمی موشەکهاوێژی ئەزمات‌و چەندین کەلوپەلی جەنگی تری لەبەغدای پایتەختی عێراق بۆ لایەنی عێراقیی نمایشکردوە.

ئەوەش بەیەکەم پێشانگه‌ی کەلوپەلە بەرگرییەکانی پاکستان بوە لەعێراق کە لەدوای وڵاتانی کەنداوو میسر یەکێکە لەکڕیارە سەرەکییەکانی پێداویستییە سەربازییەکان لەجیهاندا.