بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم سێ ئەگەرەكه‌دا كامیان هەڵدەبژێرێت؟

ڕاپۆرت

13/10/2021‌ 1966 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری پێشووی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو حزبە سەختترین ساتەکانی تەمەنی خۆی بەڕێدەکات، بەشێوەیەک هەندێک کەس پێیانوایە ئەمڕۆژانەی ئێستا گۆڕانی تیادایە، سەختتر و بەئازارترە لەوڕۆژانەی نەوشیروان مستەفای لەدەستدا، چونکە ئێستا بزوتنەوەکە جەماوەرەکەشی لەدەستداوە، کە ڕۆژانێک پڕ جەماوەرترین هێزی سیاسیی کوردستان بوو کە بەمیراتی نەوشیروان مستەفا بۆ سەرکردایەتی حزبەکە ناو دەبرا، واتە ئێستا میراتی مەعنەوی نەوشیروان مستەفاش کۆتاییهاتوە.


لەنێو بزوتنەوەی گۆڕان چی ڕودەدات؟ گردی زەرگەتە لەچاوەڕوانی تەقینەوە گەورەکەدایە؟ یاخود بەرپرسانی باڵای بزوتنەوەکە هاوشێوەی شکستی ڕابردوی ئەو حزبە لەهەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق‌و پەرلەمانی کوردستان، ئەمجارەش بێدەنگی هەڵدەبژێرن‌و گۆڕان دەدەنە دەست قەدەرێکی نادیار؟

دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، دوای دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان ئاماری جیاکردنەوەی بەرایی دەنگەکان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دڵخۆشکەر نەبوو، ئەنجامەکان ئەوەیان دەرخست کە بزوتنەوەی گۆڕان، یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆن لەمێژووی باشوری کوردستان‌و ئەو حزبەی لەساڵانی ڕابردودا توانی هەڵکشێت بۆ پلەی "دوەم بەهێزترین حزبی کوردستان".... لەهەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە تاقە کورسییەکیش بەدەستبهێنێت.

لەمێژوی نوێی باشوری کوردستاندا حزب زۆر هەبوە کورسییەکانی کەمیکردوە، بەڵام ڕوینەداوە حزبێک لەوپەڕی بەهێزی خۆیەوە پلە بەپلە بێتەخوارە تا ئاستی لەدەستدانی سەرجەم کورسییە پەرلەمانییەکانی.

بزوتنەوەی گۆڕان لەهەڵبژاردنەکانی سەرەتای تەمەنیدا زیاتر لەنیو ملیۆن دەنگی بەدەستدەهێناو لەپاش ئەویش کاتێک دەنگەکانی کەمیکرد نزیکەی 250 هەزار دەنگی بۆ مابۆوە، بەڵام ئێستا بزوتنەوەکە لەسەرتاسەری کوردستان خاوەنی تەنها 22 هەزارو 300 دەنگەو ئەگەر هەموو دەنگەکانی لەیەک بازنەی هەڵبژاردن بوایە، پێدەچوو بتوانێت بچێتە ڕکابەرییەوەو کورسیەک بەدەستبهێنێت.

شۆکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق هەرزوو بەرپرسانی بزوتنەوەکەی هێنایەدەنگ‌و لەیەکەم کاردانەوەشدا خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، "ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەریخست؛ کاندیدەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەنگی پێویستیان نەھێناوەو سەرنەکەوتون، بۆیە داوای لێبوردن لەدەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکەین‌و دان بەوەدادەنێین کە ھەڵەو کەموکوڕی لەئێمە بوە".

بەشێک لەهەڵسوڕاوو کادرانی بزوتنەوەکە داوای بەزویی دەستلەکارکێشانەوەی ڕێکخەرو خانەی ڕاپەراندنی بزوتنەوەکەیان کردو بەپێویستیەکی حەتمی ناویان برد بۆ ئاشتکردنەوەی بنکەی جەماوەریی بزوتنەوەکەیان.

هەندێک سەرچاوەش باس لەوەدەکەن، دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان لەگردی زەرگەتە، گرژیی لەنێوان بەرپرسانی بزوتنەوەکە دروستبوەو زۆری نەماوە بەریەککەوتن ڕوبدات‌و بەهەوڵی ژمارەیەک بەرپرس دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵام پێدەچێت ئەم ڕاگرتنە تەنها کاتیی بێت‌و ڕۆژێک هەربێت کە دۆخەکە بتەقێتەوەو لەگردەکەوە تەقینەوەیەکی سیاسی گەورە بەدەربکەوێت کە دورنییە داهاتوی بزوتنەوەکە بخاتە بەردەم مەترسییەوە.

به‌درێژایی ڕۆژی سێشەممە گردەکەی زەرگەتە کە بنکەی سەرەکی بزوتنەوەکەیە جمەی دەهات لەبەرپرس‌و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکەو چەندین کۆبونەوەی گرنگ بەڕێوەچون بەو هیوایەی چارەسەرێک بۆ دۆخەکە بدۆزنەوەو بریارێک بدەن، بەڵام هیچ بڕیارێک نەدراو کۆبونەوەکان کۆتاییانهات.

شارپرێس زانیویەتی لەکۆبونەوەکاندا چەند بژاردەیەک خراوەتەڕوو کە خۆی لەهەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکەو سەرلەنوێ بونیادنانەوەی دامەزراوەو ئۆرگانەکاندا دەبێنیتەوە، لەگەڵ چونە نێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان‌و بژاردەی سێیەمیش بەردەوامی بەم پەیکەرەی ئێستاوە بەئەنجامدانی چەند گۆڕانکاریەکی گرنگ.

ئێستا هەرسێ بژاردەکە لەبەردەم بزوتنەوەکەدا کراوەن‌و پێدەچێت لەهەر ساتێکدا هەواڵی قبوڵکردنی یەکێکیان لەمیدیاکانەوە بڵاوبکرێتەوە.

سەرچاوەکانی شارپرێس ئاماژەیان بەوەشکردوە کە بەشێک لەئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان لەگیرفاندایەو چاوەڕێی کات دەکەن بۆ ئەوەی لەسەر مێزی بزوتنەوەکەیان دایبنێن‌و خۆیان دابماڵن لەبەرپرسیارێتی ئەو شکستەی یەخەی حزبەکەیانی گرتوە.

ئێستا گۆڕان دابەشی دوو بەرە بووە، بەرەیەکیان پێیوایە پێویستە کاتی زیاتر بدرێتە سەرکردایەتی ئەو حزبە بۆئەوەی هەڵەکان ڕاستبکاتەوە‌و ئەو شکستەی ئێستا بەتەنها نەخرێتە ئەستۆی سەرکردایەتی، ئەو ئاڕاستەیە بۆ ئەو مەبەستە دەیەوێت وای نیشانبدات بایکۆتی بەشداریکردنی پڕۆسەی دەنگدان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، هۆکاری شکستهێنانی گۆڕان بوە.

بەڵام بەرەی دوەم پێیوایە، کاتی تەواو درایە کەسی یەکەمی بزوتنەوەکەو ئەنجامەکەشی شکستهێنانی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەسێ هەڵبژاردنی ڕابردوودا، هاوکات ئەو بەرەیە باس لەوەشدەکات، شکستی گۆڕان پەیوەندی بەبایکۆتی پڕۆسەی دەنگدان لەلایەن هاوڵاتیانەوە نییە، چونکە لەبنەڕەتدا لایەنگرانی گۆڕان زۆرینەیان لەگەڵ سیاسەتی ئێستای حزبەکەیاندا نین کە هەر رۆژەو لە ژێر ناوێک و لە ژێر چەترێکدا لەگەڵ یەکێک لە دوو هێزەکەی دەسەلات ڕێکدەکەوێت کە بە بۆچونی ئەوان ئەمە هەرزان فرۆشکردنی بزوتنەوەکەیانە.

بەشێکی زۆر لەهەڵسوڕاوو بەرپرسانی بزوتنەوەکە داوادەکەن حزبەکەیان لەسەرجەم دامەزراوە حکومیەکانی هەرێم بکشێتەوە لەحکومەت‌و ئەنجومەنە خۆجێیەکان‌و خەریکی چاککردنەوەی نێو ماڵی خۆی بێت.

ئێستا بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم دووڕیانێکی سەختدایە، یان دەبێت دەست بۆ گۆرانکاری ببات‌و لەبناغەوە بزوتنەوەکە بونیادبنێتەوە کە ئەمەش ئاسان ناکەوێتەوە بۆ گۆڕان، یان دەبێت دابنیشێت‌و ڕۆژ بەڕۆژ چاوەڕێی نزیکبونەوەی مەرگی حەتمیی خۆی بکات کە لەبژاردەی یەکەم سەختترە.