هێزەکانی نزیک لەئێران خەریکی پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین

عیراق

15/10/2021‌ 885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی رایگەیاندووە کە بەمەبەستی درووستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، خەریکی پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکن کە لە 85 پەڕلەمانتار پێکدێت.

عالیە نوسەیف سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وتویەتی: ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیەی درووستدەکرێت لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح و چەند کوتلەیەکی تر پێکدێت، ئەوەش بواری ئەوەیان پێدەدات بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەگەڵ لایەنەکانی تر دەست بە دانوستان بکەن.

نوسەیف روونیکردۆتەوە کە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق هاوشێوەی حکومەتەکانی رابردوو لەڕێگای سازانی سیاسییەوە دەبێت، جەختیشی کردۆتەوەکە بێ بوونی ئەو سازانە ناتوانرێت حکومەت درووست بکرێت.

چاودێران پێیان وایە درووستکردنی ئەو هاوپەیمانێتییە نوێیە کاری کوتلەی سەدر بۆ درووستکردنی حکومەتی نوێی عێراق قورس دەکات کە نزیکەی حەفتا کورسی بەدەستهێناوە، لەبەرانبەردا کوتلە شیعییەکانی نزیک لە ئێران لەسەروویانەوە هاوپەیمانی فەتح ئەو ئەنجامانە رەتدەکاتەوە.

سەرکردەکەی دەوڵەتی یاسا ئەوەشی وتووە کە هەنگاونانی سەدر بەئاراستەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو ئاشتی کۆمەڵایەتیی لە وڵات دەخاتە مەترسییەوە و ئەگەری درووستبوونی ململانێی شیعی-شیعی لێدەکرێت، کە ئەوەش وەک هەوڵێکی ئەو لایانانە بۆ ڕێگرتن لە سەدر تاوەکو نەتوانێت حکومەتی داهاتوو پێکبهێنێت لێکدەدرێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی