نزیکبوونەوەی تاران و ڕیاز قەیرانێکی نوێ بۆ ئیدارەی بایدن درووستدەکات

جیهان

15/10/2021‌ 1101 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی " نیزاڤیسیمایا گازێتا"ی رووسیی، بڕیاردان لەسەر گێڕانەوەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی نێوان تاران و ڕیاز و درووستکردنی هەماهەنگیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە، قەیرانێکی نوێ بۆ ئیدارەی بایدن درووستدەکات.

رۆژنامەکە باسی لەوەکردووە کە دەسەڵاتدارانی ئێران و سعوودییە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی کونسوڵخانە لە وڵاتەکانی یەکتردا بکەنەوە و بەپێی داتا نافەرمییەکانیش لەسەر میکانیزمێک ڕێککەوتوون کەبەپێی ئەوە ناکۆکییەکانیان لەسەر پرسی یەمەن چارەسەر دەکەن و هێرشە میدیایەکانیش بۆسەر یەکتر کەمدەکەنەوە.

لای خۆشییەوە پۆرتاڵی " ئەمواج"، باسی لەوەکردووە کە عێراق پێشنیازی بۆ تاران و ڕیاز کردووە ڕێگایەکی خێرای نێودەوڵەتیی لەشاری مەشهەدی ئێرانەوە بۆ شاری مەککەی سعودییە لەڕێگای شاری کەربەلای عێراقەوە رابکێشرێت. باس لەوەشکراوە کە بەرپرسە ئێرانی و سعوودییەکان بەشێوەیەکی ئەرێنی پێشنیازەکەی عێراقیان وەرگرتووە.

چاودێران پرسیاری ئەوەیان کردووە کە ئەو سازشە ئابووریانە چییە کە سعوودییە پێشکەشی ئێرانی دەکات، بەتایبەت کە تاران بەدوای میکانیزمێکدا گەڕاوە تاوەکو ئەو گوشارە ئابووریانە لەسەر خۆی کەمبکاتەوە کە بەردەوام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەیخاتە سەری؟.

ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەگەر بێت و دەسەڵاتدارانی تاران ئەوەیان دەستبکەوێت کە لەدانوستانەکان لەگەڵ سعوودییەدا دەیانەوێت، ئەوە ئیدارەی بایدن تووشی شەرمەزارییەکی گەورە دەبێت، وەک ئەوەی تریتا پارسی جێگری ئەنیستیۆتی واشنتۆن بۆ فەرمانڕەوایی لە تویتێکدا باسی کردووە کە زۆرینەی زۆری دامەزراوەی ئەمریکا "یان بە تەواوی دیالۆگی بەغدایان لەنێوان  ( ڕیاز و تاران) ڕەتکردۆتەوە یان بەباتەێکی سادە و ناپێویستی دەزانن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی