عێراق لەبەردەم ئەگەرە کراوەکاندا..بەهێزترین هێزەکانی دوێنێ لاوازترینەکانی ئەمڕۆن‌

ڕاپۆرت

19/10/2021‌ 1240 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەشێکی زۆر لەهێزە سیاسیە شیعەکان هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن‌و چەند هێزێکی براوەی هەڵبژاردنەکەش دەستیان بەجوڵەی سیاسی کردوە بۆ قۆناغی پاش هەڵبژاردن... بەهێزترین هێزەکانی دوێنی لاوازترینەکانی ئەمرۆن‌و ناچار بەبایکۆتی پرۆسەی سیاسی بوون. ئەوانەی داهاتوی وڵاتیان لەبونی خۆیاندا دەبینییەوە، ژمارەی کورسیەکانیان هێندە دابەزیوە، پێدەچێت هیچ کەس پرسیان پێنەکات بۆ پرۆسەی سیاسی داهاتوی وڵات...ئەنجامەکان نەک بۆ هێزەکان خۆیان، بەڵکو بۆ شەقامیش جۆرێک لەشۆکەو قبوڵکردنی ئاسان نابێت.


پاش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عیراق‌و دەرکەوتنی ئەنجامە سەرەتاییەکان‌و دواتریش کە کۆمسیۆن ئەنجامە کۆتاییەکانی ڕاگەیاند، ناڕەزایی‌و وەستانەوە دژی ئەنجامەکان شەقامی سیاسی عیراقی تەنیو بەشێکی زۆری هێزە سیاسیە باڵاکانی وڵات، ئەنجامەکانیان ڕەتکردەوەو ڕایانگەیاند، قایل نابن بەو ئەنجامانەو کۆمسیۆنیان بەئەنجامدانی ساختەکاریی تۆمەتبارکردو بانگەشەی ئەوەدەکەن دەستی دەرەکی کاری وردی کردوە لەڕێکخستنی ئەنجامەکاندا.

سەرجەم ئەو هێزانەی کە ناڕازین لەئەنجامەکان‌و بەلایەنە دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن ناودەبرێن، لایەن‌و گروپەکانی نزیک لەئێرانن‌و چاودێرانیش پێیانوایە، ئێران زەرەرمەندی یەکەم بوە لەئەنجامی هەڵبژاردنەکە، چونکە گروپەکانی نزیک لەو وڵاتە دوچاری شکستی گەورە بونەتەوە.

هەرزوو مالکی‌و عەبادی‌و هادی عامری‌و فالح فەیازو عەمار حەکیم وەک ژمارەیەک سەرکردەی دیاری هێزە گەورەکانی شیعە پێکەوەو وەک دۆڕاوی هەڵبژاردنەکە دەستەیەکەیان دروستکرد بەناوی چوارچێوەی هەماهەنگیی‌و وەک یەک تیمی سیاسی نزیک یەکهەڵوێستیان بەرامبەر ئەنجامەکان دەربڕی‌و لەکۆبونەوەکانیاندا تەواوی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان ڕەتکردەوە.

ناڕەزاییەکان دەبنە خۆپیشاندان‌و بانگەشەی گێڕانەوەی ماف دەکەن
پاشنیوەڕۆی یەکشەممە ١٧ی ئۆکتۆبەر لەچەند پارێزگایەکی عێراق لایەنگرانیان ڕژانە سەرشەقامەکان‌و دژی ئەمریکاو ئیسرائیل هوتافیان دەکێشاو ئەو دوو وڵاتەیان بەهۆکارو بەرپرس زانی لەکەمکردنه‌وه‌ى دەنگەکانیان.

خۆپیشاندەران داوایان لەتەواوی هاوڵاتیانی عێراق‌و لایەنگرانی ئەو هێزانە کرد بڕژێنە سەرشەقامەکان‌و داوای دەنگەکانیان بکەنەوەو داوای دوبارە ئەنجامدانەوەی هەڵبژاردن بکەن.

بەشێک لەچاودێران پێیانوایە، ئەم دۆخە بەردەوامیدەبێت‌و عێراق لەڕۆژانی داهاتودا ئاڵۆزی زیاتر بەخۆوە دەبینێت‌و ڕەنگە ببێتە هۆی بەریەککەوتنی هێزە چەکدارەکان‌و هێزە دەوڵەتیەکان، چونکە ماوەی سێ ڕۆژە بەشیکی زۆر لە‌هێزەکانی دەوڵەت لەحاڵەتی ئامادەباشیدان‌و هێزە چەکدارەکانیش هەڕەشەی توند دەکەن.

سەدر دەستی بەجوڵە کردوەو پەلەیەتی زوو حکومەت دروستبکات
لەلایەکی ترەوە ڕەوتی سەدر کە بە ٧٣ کورسی بوەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکەو لەئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە تەواو رازییە، بانگەشەی دەستپێکردنی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی خێرای حکومەتی داهاتوو دەکات بەسەرۆکایەتی ڕەوتەکە.

سەرچاوەیەک لەدەستەی سیاسی ڕەوتی سەدر بەمیدیای عێراقی وتوە، لەڕۆژانی ئایندەدا موقتەدا سەدر دەچێتە بەغداو بۆ ماوەیەک لەوێ دەمێنێتەوە، بۆئەوەی سەرپەرشتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بکات.

سەرچاوەکە وتوشیەتی:"سەدر لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەکەوێتە دانوستانەوە".

پێدەچێت ڕەوتی سەدر مەبەستی بێت بەزویی هاوپەیمانی بەرفراوان لەهێزە نزیکەکانی خۆی دروستبکات بۆ ئەوەی دەرفەتی نارەزایی‌و دروستکردنی ڕێگری لەبەردەم پرۆسەکەدا نەهێڵێت بۆ هیچ لایەنێکی ناڕازیی لەئەنجامەکان.

پەیوەندی نێوان پارتی‌و سەدریەکان چی لێدێت؟
لەماوەی ڕابردودا بەڕوکەش پارتی‌و ڕەوتی سەدر لەپەیوەندییەکی ئاسایدا بون، بەڵام لەقوڵایدا سەدرییەکان لەپشت نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستانەوە بون، حەمید نەعیم ئەمینداری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە سەر بەڕەوتی سەدرو کەسێکی نزیک لەخودی موقتەدا سەدرە، واژۆی لەسەر ناردنی پشکی هەرێم نەدەکرد.

لەپێش ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە سەدریەکان‌و پارتی چەندجارێک گفتوگۆیان کرد بۆ ئەوەی بەرەیەکی بەهێز دروستبکەن بۆ دوای هەڵبژاردن، بەڵام لەپڕێکداو تاکلایەنە، سەدر بۆ ماوەیەک بایکۆتی هەڵبژاردنی ڕاگەیاندو پارتی ئاشکرایکرد، ئاگاداری ئەو ‌هەڵوێستە نەبوەو لێی نیگەرانە.

لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەوە سەدریەکان ڕایانگەیاند، شاندێکیان دروستکردوەو لەڕۆژانی داهاتودا دێنە هەولێرو لەگەڵ پارتی گفتوگۆی پێکهێنانی بەرەیەک دەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە بچنە وتوێژی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق.

دواین دەرکەوتنی موقتەدا سەدر لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا بوو کاتێک سێجار یەک ڕستەی دوپاتکردەوەو وتی:"پێشمەرگە میلیشیایە" ئەوەش لەکاتێکدایە پارتی لەهەموو بۆنەیەکدا شانازیی بەپێشمەرگەوە دەکات‌و خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیش دەڵێت، "خۆی بەپێشمەرگە دەزانێت"، بۆیە نزیکبونەوەی سەدرو پارتی دەبێتە جیێ سەرنجی چاودێران‌و ڕەنگە ڕەخنەی توندی ناوخۆیی لێبکەوێتەوە بۆ پارتی.

سەدرییەکان دەیانەوێ پارتی بەکاربهێنن بۆ سەرکەوتن بەسەر نوری مالکی‌و هاوپەیمانەکانیدا، هەرچی پارتیە دەیەوێت سەدر بەکاربهێنێت بۆ دەرهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار لەچنگی یەکێتی تەنانەت ئەگەر پۆستەکە بۆ خودی پارتیش نەبێت، هەرچی هاوپەیمانێتیەکەی محەمەد حەلبوسیە کە ئێستا ئەویش بەنزیک لەسەدر دادەنرێت‌و دەنگی یەکەمی هێزە سوننەکانی بەدەستهێناوە، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی کردوەتە کارتێکی فشار بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەلایەن خودی حەلبووسیەوە، کە پێدەچێت نە سەدرو نە پارتیش لارییان لەوە نەبێت حەلبوسی لەئێستاوە کار بۆ پڕۆژەی نوێی وەک سەرۆکی پەرلەمان بکات.

هەموو چاوەکان لەسەرئەوەن، هاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی حەلبوسی‌و ڕەوتی سەدری موقتەدا سەدرو پارتی بەسەرۆکایەتی بارزانی، لەڕۆژانی داهاتودا وەک یەک تیمی کار پێکەوە دەستبکەن بەگفتوگۆ لەگەڵ هێزو لایەنە براوەو خاوەن کورسیەکانی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی عێراق‌و دیاریکردنی سەرۆکایەتیەکانی عێراق بۆ چوارساڵی داهاتوو.