پەرلەمانی کوردستان لەجۆ بایدنەوە بۆ جەلال پەرێشان

ڕاپۆرت

27/10/2021‌ 5018 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای ڕاپەڕینی باشوری کوردستان لەساڵی 1991و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان، یەکێک لەدیارترین دەستکەوتەکانی ئەو ڕاپەڕینە پەرلەمانی کوردستان بوو، بەشێوەیەک لەوکاتەدا زۆرینەی کەسی یەکەمی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یان ئەندامی ئەو پەرلەمانە بوون، یان بەشانازییان دەزانی لەمیمبەری پەرلەمانەوە تەنها وتارێک پێشکەشی ئەندامانی پەرلەمان بکەن‌و بەشداربن لەیەکێک لەدانیشتنەکانی پەرلەماندا.


یەکێک لەوێستگە گرنگەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەوکاتە بوو کە جۆ بایدن، سیناتۆری ئەوکاتەو سەرۆکی ئێستای ئەمریکا سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، بۆ لەنزیکەوە گفتوگۆکردن لەبارەی عێراقی دوای ڕژێمی سەدام حسێن.

لەدوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەساڵی 2009 وەک یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی کارا لەپەرلەمانەوە دەرکەوت، هێزەکانی دەسەڵات لەبری ناردنی سەرکردەو بەرپرسانی باڵایان بۆ نێو پەرلەمان کەوتنە ڕەوانەکردنی کادرانی گەنج‌و خوێنگەرمی حزبەکەیان بۆ ئەوەی لەپەرلەمانەوە بەردەوام دەنگیان بەرزبێت‌و بەرامبەر نەیارە سیاسیەکانیان بوەستنەوە‌و ئەوەی سیاسیەکان نایکەن ئەوان بیکەن.

هەربۆیە چاودێران‌و خەڵکی هەرێمیش بۆچونیان وابوە خول لەدوای خول کوالێتی کاری پەرلەمانتارو خودی پەرلەمانتارانیش دابەزیوەتە ئاستێکی نزم‌و کاری پەرلەمانتاری بەهاو قورسایی خۆی نەماوە.

بەتێپەڕبونی کات‌و بەدیاریکراویش لەدوای هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی ئەو خولەی پەرلەمانی کوردستان کە تائێستاش بەردەوامە، زۆرترین جار سنورەکانی ڕەوشت‌و ململانێی سیاسی تێدا بەزێندراوە، پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژانێک سەرکردەی حزبەکان ئەندامی بون، ئێستا کەسانێک ئەندامین کە پێشتر بەشێکیان لەکۆمەڵگەدا چینێکی قبوڵکراو نەبون.

لەدانیشتنی ڕۆژی سێشەممەی پەرلەمانی کوردستان ڕوداوێک ڕویدا کە ڕەنگە لەمێژوی نزیکی پەرلەمانی کوردستاندا دەگمەن بوبێت، ئەویش کاتێک شایان عەسکەری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان بەگوێرەی "پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان" مافی قسەکردنی وەرگرت‌و باسی لەچالاکوانە زیندانیکراوەکانی بادینان کرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمانی کوردستان گرژیی دروستبوو.

هەڵبەت دەبێت بڵێین بەداوای لێبوردنەوە بۆ دانانی ئەو بڕگەیەی کە تیایدا جەلال پەرێشان، پەرلەمانتاری پارتی هەڕەشەی دەستدرێژیکردن دەکات‌و دەستەواژەی نەشیاوی بازاڕیی بەکاردەهێنێت بەرامبەر هاوڕێ پەرلەمانتارەکانی.

هەرچەندە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەلال پەرێشان وتی:"شتی وام نەوتوەو بوختانم بۆکراوە، بەڵام هەرزوو گرتە ڤیدیۆییەکان بڵاوبونەوەو ڕاستی بابەتەکەیان دەرخست".

جەلال پەرێشان ڕۆژێک لەباڵەخانەی پەرلەمان ئاهەنگ دەگێڕێت‌و ڕۆژێک باس لەبرنج‌و شلەی ئێواران دەکات‌و ئەوە ئێستاش ڕاستەوخۆ جنێوی نەشیاو دەدات بەهاوڕێکانی‌و کەسیش نییە لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات.

هەرچەندە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوادەکات قسە بەکەسی یەکتر نەوترێت، بەڵام وەک لەدەنگی ئەو گرتە ڤیدیۆییەدا دەردەکەوێت، سەرۆکایەتی پەرلەمان تەواو بێدەسەڵاتن لەکاردانەوە بەرامبەر بەزاندنی سنورەکان لەلایەن جەلال پەرێشانەوە، تەنانەت سەرۆکی پەرلەمان بەزمانێکی لەسەرخۆ داوای هێورکردنەوەی ڕەوشەکە دەکات.

نەبونی کاردانەوە لەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرامبەر قسەکانی جەلال پەرێشان، ئەگەری ئەوە زیاددەکات لەداهاتودا پەرلەمانتاری دیکەش هاوشێوەی پەرێشان سنورەکان ببەزێنن.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەسێ ساڵی ڕابردودا جێگەی ڕەختەی توندی هاولاتیان‌و خودی پەرلەمانتارانیش بوەو بەبەشێک لەپرۆسەی بێبەهاکردنی پەرلەمانیان ناوبردوەو ڕەنگە ئەوەش بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی چەندجارێک سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندوە بێدەسەڵاتە لەکارکردنداو پەرلەمان توانای هیچ بڕیارێکی نییە، هەروەک لەهەمان کۆبونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا بەئاشکرا وتی، ئەگەر هەر 111 ئەندامەکەی پەرلەمان واژۆبکەن ناتوانن هیچ لەدۆخی مامۆستایانی وانەبێژ بگۆڕن.

ڕەنگە ئەم بێبەهاکردنەی کاری پەرلەمان لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بوبێتە ڕێخۆشکەر بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران بیر لەڕێگەی توندو هێرش بۆسەر یەکتربکەنەوە.

لەدونیادا پەرلەمانتار دەبێتە نمونەیەکی باڵا بۆ کۆمەڵگەکەی، کارو کردارەکانی دەبێتە مایەی شانازی بۆ ئەو حزبەی کاری تیادادەکات، بەڵام چی ڕودەدات ئەگەر کارو کردارەکانی ببێتە مایەی شەرم؟ ئاخۆ پارتی وەک حزبێک کە پێداگریدەکات لەپاراستنی بەهاکانی کۆمەڵگە، بەرامبەر قسەکانی جەلال پەرێشان هەڵوێستی توندی دەبێت؟ یان بێدەنگ دەبێت‌و لێدەگەڕێت باڵاترین دامەزراوەی هەرێم بەئاقارێکی مەترسیداردا ببرێت؟

خەڵکی دەپرسن ئەگەر پەرلەمانتار ئەو هەڕەشەیە بکات، ئاخۆ خەڵکی ئاسایی کە هیچ پارێزبەندییەکی نییە چۆن بەرگری لەخۆی بکات؟ ئێستا کە هەرێمی کوردستان لەنێو دەیان قەیرانی جیاوازدا نوقمبوە، ئەو قسانەی جەلال پەرێشانیش دەبێتە کێشەیەکی تر لەبەردەم هەرکەسێکدا ڕایەکی جیاوازی لەپارتی هەبێت؟