ئه‌مریكا ڕۆژئاواى كوردستان ڕاده‌ستى ڕوسیا ده‌كات

کوردستان

10/11/2021‌ 3427 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەرپرسێکی ڕۆژئاوای کوردستان زانیاریی لەبارەی دانوستانی نێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشق ئاشکرادەکات، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، واشنتۆن دۆسیەی سوریای ڕادەستی مۆسكۆ کردوە.


بەدران چیا کورد جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی ئیدارەی خۆسەر لەڕۆژئاوای کوردستان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک"ی ڕوسیی وتویه‌تى:"واشنتۆن دۆسیەی سوریای ڕادەستی مۆسكۆ کردوە، ڕوسیاش دەیەوێت ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەوان‌و ڕژێمی دیمەشقدا ببینێت‌و ئەو دوو لایەنە لەیەکتر نزیکبکاتەوە".

دەشڵێت:"ئامادەین بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە دانوستان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بکەین، لەگەڵ دیمەشق میکانیزمێکی هاوبەشمان هەیە بۆئەوەی بەرپەرچی هەر هێرشێکی گریمانکراوی سوپای تورکیا بۆسەر ناوچەکانی باکورو باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بدەینەوە".

بەوتەی چیا کورد، "ڕوسیا ڕۆڵی لەگفتوگۆی نێوان ئیدارەی خۆسەرو ڕژێمی سوریادا هەیەو توانای ئەوەشی هەیە ڕۆڵی نێوەندگیر لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا ببینێت، لەبەرئەوەی مۆسکۆ بەشێوەیەکی کاراو یاسایی بونی لەسەر خاکی سوریادا هەیە".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا بەرپرسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان وتویەتی:"هێشتا دانوستانەکانمان لەگەڵ لایەنی سوری دەستیان پێنەکردوە، ئێمە تێڕوانینی خۆمان بەڕوسەکان وتوەو پێمانڕاگەیاندون کە بۆ ئەو پرسە ئامادەین، هەروەک جەختمان لەسەرئەوەکردۆتەوە کە پێویستە بەرلەوەی بەرەو دۆسیە ئاڵۆزەکان بڕۆین دەبێت کار لەسەر ئەو دۆسیانە بکرێت کە متمانەی نێوان هەردولا زیاتر دەکەن".

ڕونیشیکردۆتەوە، لەگەڵ دیمەشق دەتوانن گفتوگۆ لەسەر هەموو ئەو خاڵانە بکەن کە جێگای ناکۆکین تادەگەنە سازان‌و ڕێککەوتن، بێئەوەی هیچلایەکیان مەرجگەلێکی پێشوەختە دابنێت کە ئاستەنگ بۆ گفتوگۆکان دروستبکات.

چیا کورد ئاشکرایکردوە، لەدوای هێرشە داگیرکارییەکەی تورکیا بۆسەر سەری کانی‌و گرێسپی لەساڵی 2019,، لەڕێگای ڕوسەکانەوە میکانیزمێکی سەربازیی هاوبەش لەنێوان ڕژێم‌و هەسەدەدا دروستکراوە.

باسی لەوەشکردوە، ئەو میکانیزمە هاوبەشە هێشتا کارایەو لەهەموو ناوچەکان‌و لەسەر هەموو هێڵەکانی ڕوبەڕوبونەوە هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و سوپای سوریادا هەیە.