رۆڵی زانکۆکان لە بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا

مەلەفی تایبەت

10/11/2021‌ 344 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەردەڵان عەبدوڵڵا
کە باسی زلهێزی دەکەین، مەبەستمان تەنها هێزی ئابووریی و سەربازیی نییە، بەڵکە زلهێزەکان جگە لەم هێزانە، خاوەنی نەرمەهێزێکی مەزنیشن. ئەمریکا تەنها F21 و دۆلاری نییە، بەڵکە خاوەنی کۆمەڵێک هێزی ترە کە لەم دووانە بەهێزتر نەبن و کەمتر نین. یەکێکیش لەو نەرمە هێزانەی ئەمریکا، بوونی کۆمەڵێک زانکۆیە کە لە جیهاندا لە لیستی باشترین زانکۆکانی جیهانن. لە لیستی 10 باشترین زانکۆی جیهاندا، 8 یان لە ئەمریکان. لە لیستی 20 باشترینەکاندا، 14 یان زانکۆی ئەمریکین.  هەروەها لە لیستی 200 باشترین زانکۆی جیهانیشدا، 57 یان لە ئەمریکان. ساڵانە 1.92 ملیۆن  خوێندکاری  جیهان لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن، کە دەکاتە 6.6% ی کۆی ژمارەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەمریکا. لەمانەش 51% یان خەڵکی چین و هیندستانن کە دوو زلهێزی جیهانن. ساڵی پار  خوێندکارانی بیانی نزیکەی 42 ملیارد دۆلاریان داوە بە زانکۆکانی ئەمریکا. ئەم زانکۆیانەش چ لە رووی ئابووریی وسیاسیی و کەلتووریشەوە، پێگەی ئەمریکایان لەناو جیهاندا بەهێزتر کردووە.

لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر ئەم لایەنەی ئەمریکا و کاریگەرییەکانی لە هەموو لایەکەوە دەربخەم. سەرەتاش پێمخۆشە باسی مێژووی زانکۆ و  دەسەڵاتی مەعریفە و گرنگی لەسەر ئاستی جیهان دەربخەم.
مێژووی دەسەڵاتی مەعریفە و زانکۆ
بۆئەوەی شرۆڤەکەمان باشتر بکەین، دووبارە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ وڵاتە کۆنەکەی یۆنان و سوود لە ئەزمونی مێژوویی ئەوان وەربگرین، بەکارهێنانی دەسەڵاتی مەعریفی لەسەرەتادا لە یۆنان دەستیپێکرد، بەتایبەتی لە سەدەی 5 پێش زایین، ئەویش لە رێگەی  پەیدابوونی  رەوتی سوفیستەکان بوو.  بەشێکی زۆریان نەک هەموویان   لەبەرامبەر ئەو زانیارییانەی کە پێشکەشی خوێندکارانیان دەکرد، پارە یان شتیان وەردەگرت، واتە بەبێ بەرامبەر خەڵکیان فێری زانست و زانیاری نەدەکرد. دواتر سوقرات پەیدا بوو کە لە زۆر رووەوە  دژی سۆفیستەکان بوو، بەتایبەتی زۆر دژی ئەوەبوو کە بەرامبەر بەخشینی زانست و زانیاری بە خوێندکاران، پارە یان شتی  تر وەربگرێت.
دیارە لە یۆنانی کۆندا، زۆربەی فەیلەسوفەکان خاوەنی قوتابخانە بوون و خوێندکاریان هەبوو، سەرەتا ڤیساگۆرس  لە سەدەی 5 زایین  قوتابخانەی داناو خوێندکارانی فێری ماتماتیک و فەلسەفە و گەردوونناسی و موزیک و وەرزش دەکرد.  دواتریش لەسەر دەستی ئەفلاتون، یەکەمین قوتابخانەی فکریی و فەلسەفی لە ئەسینا دروست کرد کە بە " ئەکادیمیا" ناسراوە. هەر لەویشەوە وشەی " ئەکادیمیا" پەیدابوو، کە گەڕەکێکی ئەسینایە. لەپاش ئەویش ئەرستۆی خوێندکاری، قوتابخانەیەکی تایبەت بەخۆی داناو، زیاتر گرنگی بە هەموو زانستەکان داو تەنها بواری فەلسەفە و ماتماتیکی نەگرتەوە، بەڵکە زۆربەی زانستەکانی گرتەوە. 

ئیتالیا دایکی زانکۆکانی جیهان
بەڵام بۆ یەکەمجار کە زانکۆ بەمشێوەیەی ئێستای لە ئیتالیا پەیدا بوو کە ئەویش لە ساڵی 1088 لە شاری بۆلۆنیا دروستکرا،  بە " ب" نەک "پ"  چونکە با لێمان تێکنەچێت، پۆڵۆنیا وڵاتێکی ئەوروپییە. لێرەشەوە بۆ یەکەمجار وشەی " University' بەکارهێنرا کە وشەیەکی کۆنی لاتینییە مانای "گشتگیریی" دەگەینێت. لە زانکۆی بۆلۆنیا بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی زانستیی و ئەکادیماینە خوێندکاران فێری زانست دەکران. لێرەشەوە بنەمای بیری زانکۆ دامەزراوەو دواتریش تەواوی زانکۆکانی جیهان پێڕەویان کردووە. 
هەرچەندە هەندێک سەرچاوەی مێژوویی پێیانوایە کە زانکۆی قاهیرە کە لە ساڵی 977 دامەزراوە، یەکەم زانکۆی جیهانە، بەڵام راستییەکەی ئەوەی زانکۆی بۆلۆنیا زیاتر ئەو شێوەیە دەگرێتەوە کە ئەمڕۆ ناوی لێدەنرێت زانکۆ، واتە دامودەزگایەک کە خوێندکار بۆ ماوەیەکی دیارییکراو" 4 یان 3 ساڵ" نەک تەنها زانستێک بەڵکە هەموو جۆرە زانستێک فێر بێت. 
دوای ئەویش زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا لە ساڵی 1170 دروستبووە، کە هەتاوەکو ئێستاش یەکێکە لە باشترین 10 زانکۆکانی جیهان. دوای ئەویش زانکۆی مادۆنا دێت، کە ئەویش هەر لە ئیتالیا بووە، لە ساڵی 1175 دروستبووە.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو زانکۆیانەی کە لە سەدەی 13 دا دروستکراون، بەشێکی  زۆریان لە ئیتالیا دروست بوون، بۆ نموونە لە ساڵی 1222 زانکۆی پادو لە باکووری ئیتالیا دروست دەبێت، دوای ئەویش زانکۆی ناپۆلی ساڵی 1224، زانکۆی سینا لە هەرێمی تۆسکانا لە ساڵی .1240 . هەر ئەم زانکۆیانەش رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە پێشخستنی زانست و فەرهەنگی ئیتالیا کە دواتر شۆڕشی رێننانسازیی لێدروست بوو. لێرەشەوە  ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە زانکۆ جگە لە رۆڵە زانستییەکەی، رۆڵێکی گەورەشی  هەیە لە پێشخستنی  و گەشەپێدانی کەلتوریی گەلان.

مێژووی زانکۆ لە ئەمریکا

زانکۆ لە ئەمریکا، لە چاو وڵاتانی تری ئەوروپی، مێژووەکەی  هێندە زۆر نییە. سەرەتا لە ساڵی 1636 زانکۆی هارڤارد دروست دەکرێت، ئەمەش لەرێگەی قەشەیەکی پرۆتستانییەوە کە ناوی جۆن هارڤاردە، ئەم قەشەیە لە رێگەی  200 پاوەند و کۆمەڵێک کتێبەوە، بەردی بناغەی باشترین زانکۆی ئەمریکا و جیهان دادەنرێت. ئێستا ئەم زانکۆیە باشترین زانکۆی ئەمریکا و جیهانە. 
ئەم زانکۆیە 22947  خوێندکاری هەیە. ساڵانە بۆ هەر خوێندکارێک لە نێوان 15 تا 45 هەزار دۆلار وەردەگرێت. جگە لەوەش دەوڵەمەندترین زانکۆی جیهانە و داهاتی ساڵانەی دەگاتە 38 ملیارد دۆلار. ساڵانە نزیکەی  100 ملیۆن دۆلار تەنها  لە بواری ئیداری زانکۆکە خەرج دەکات.
ئێستا ئەمریکا خاوەنی  4298 زانکۆی و پەیمانگە و کۆلیژە. کۆی ژمارەی خوێندکاران  بۆ ساڵی 2020 گەیشتۆتە 19.645.918 کە  لە زانکۆکان و پەیمانگەکاندا دەخوێنن.

ئەمریکا زانکۆی جیهان
ئەمریکا تەنها مەڵبەندی بڕیاڕی سیاسی جیهان نییە، بەڵکە بۆتە مەڵبەندێکی گەورەی بواری خوێندن و فێرکردنیش. لە تەواوی جیهانەوە  خوێندکاران هەوڵ دەدەن لە یەکێک لە زانکۆکانی ئەمریکادا شوێنیان دەستبکەوێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە زانکۆکانی ئەمریکا لە لیستی پلە زۆر باشەکان جیهانن. لە لیستی 10 باشترین زانکۆی جیهاندا، 8 یان لە ئەمریکان. لە لیستی 20 باشترینەکاندا، 14 یان زانکۆی ئەمریکین. هەروەها لە لیستی 200 باشترین زانکۆی جیهانیشدا، 57 یان لە ئەمریکان. ئەمە جگە لەوەی کە ئەمریکا بۆتە باشترین وڵات کە زۆرترین داهێنانی تێدا دەکرێت و پلەی یەکەمی هەیە لە جیهاندا. زانکۆکانی ئەمریکا چ لە رووی سیستمی خوێندن و چ لە رووی داهێنان و زانیارییەوە، پلەی یەکەمیان هەیە. 

ژمارەیەکی زۆری ئەکادیمی
ساڵانە ملیۆنان خوێندکار،  خوێندن تەواو دەکەن و ئەمانەش دەبنە سامانێکی گەورە بۆ ئەمریکا. بۆ ساڵی 2020 ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە ماستەریان هێناوە، 185222 هەروەها  184.0233 خوێندکار بەکالۆریۆسیان لە بواری ئابووریی ومەنجیمەریان تەواوکردووە،216228 بەشی پزیشکییان تەواوکردووە. 166944 بەشی زانستی کۆمەڵایەتیی و مێژوویان تەواوکردووە. هەموو ئەمانەش دەبنە هێزێکی کاری باش و کارامە  بۆ ئابووری ئەمریکا.

کەرتێکی گرنگی ئابووری
ئێستا زانکۆکانی ئەمریکا تەنها شوێنێکی گرنگی خوێندن و فێرکردن نین، بەڵکو بوونەتە کەرتێکی گرنگی ئابووریش، چ لە رووی داهات و چ لە رووی رەخساندنی هەلی کاراوە، رۆڵێکی بەرچاویان هەیە. 

584 ملیارد دۆلار داهاتیان بووە
یەکێک لە خاڵە گرنگ و سەرنجراکێشەکان بۆ من، داهاتی زانکۆکانی ئەمریکایە. کاتێک سەیرم کرد داهاتی هەندیک زانکۆ، لە داهاتی وڵاتێکی وەکو عیراق زۆرتر بووە.  ساڵی 2020 زانکۆکانی ئەمریکا بڕی 584 ملیارد دۆلار داهاتیان بووە. بەشێکی زۆری ئەم داهاتەش لە رێگەی داهاتی تایبەتی خۆیان و پارەی ساڵانەی خوێندکاران دەستکەوتووە. بەشێكی کەمیش کە دەگاتە 13% ی لەلایەن حکومەتەوە بووە. 6%داهاتیشیان لە رێگەی هاوکاری ماددیی خەڵکییەوە دەبێت، ساڵی 2020 کۆی گشتی ئەو کۆمەک و یارمەتییانەی کە خەڵکی دەوڵەمەند و کۆمپانیاکان داویانە بە زانکۆکان گەیشتۆتە 43 ملیارد دۆلار.  زانکۆی هارڤارد زۆرترین یارمەتی بەرکەوتووە کە دەگاتە 1.28 ملیارد دۆلار.  دوای ئەویش زانکۆی ستانفۆرد دێت بڕی 1.18 ملیارد دۆلار ی وەکو هاوکاری دەستکەوتووە.
هەربۆیە ئێستا خوێندنی باڵا بۆتە کەرتێکی گرنگی ئابووریی و دروستکردنی هەلی کار بۆ خەڵکی ئەمریکی.

سەرمایەگوزاری لە بواری خوێندن و فێرکرن
وەکو پێشتریش وتم خوێندن و فێرکردن، بۆتە کەرتێکی گرنگی ئابووریی، هەربۆیە سەرمایەگوزاریی زۆریش لە کەرتەدا دەکرێت، چونکە داهاتی باشی هەیە. ئەمریکا لە بواری سەرمایەگوزاریی لەکەرتی خوێندنی باڵادا، پلەی یەکەمی هەیە لە جیهاندا،  بۆ ساڵی 2018  بڕی 74.7 ملیارد دۆلار  سەرمایەگوزاری لە کەرتی  پەیمانگە و زانکۆکانی ئەمریکادا کراوە.  لەچاو زلهێزەکانی تری جیهاندا، لە ئەمریکادا زۆرترین سەرمایەگوزاری دەکرێت، بۆ نموونە لە ئەڵمانیا تەنها  بڕی 25 ملیارد دۆلار بووە.

بوارێکی گرنگی کارکردن
لەلایەکی ترەوە زانکۆکان بوونەتە شوێنێکی باشیش بۆ رەخساندنی هەلی کار، ئەو کەسانەشی کە لەم بوارەدا کار دەکەن، داهاتێکی باشیان دەستدەکەوێت. لە ئێستادا لە کەرتی خوێندنی باڵادا،
1.543.569 کارمەند کار دەکەن  کە ئەوانیش مامۆستای زانکۆ و زانا و کارمەندی ئاسایی لەخۆدەگرێت.  لەم ژمارەیەش 821168 وەکو کاری هەمیشەیی، 722401 وەکو گرێبەست کار دەکەن. لە رووی جێندەریشەوە 777821 پیاون و765478 ژنن. لە رووی پیشەیشەوە.178858 پرۆفیسۆری زانکۆ و.42866 یاریدەدەری پرۆفیسۆر، هەزارانی تریش کە وەکو وانەبێژ کاردەکەن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ئەمریکا. 

پلەی یەکەم لە بواری داهێنان و تاقیکردنەوەدا 
ماوەی چەندین ساڵە  ئەمریکا لە ریزبەندی یەکەمە لە جیهاندا بۆ داهێنان و تاقیکردنەوە، جگەلەوەش زۆرترین بڕە پارەی لەم بوارەدا خەرج کردووە. ساڵی 2021 لە زانکۆ و پەیمانگە و سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە، بڕی   580 ملیارد دۆلار تەرخانکراوە  بۆ بواری تاقیکردنەوەو لێکۆلینەوەی هەمەجۆر، کە ئەمەش دەگاتە 2.8% کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی ئەمریکا. هەربۆیە ئەمریکا پلەی یەکەمی هەیە لە داهێنان لە جیهاندا و ساڵی 2018 زانکۆ و پەیمانگە و  سەنتەرەکانی لێکۆڵینەوە  55981 داهێنانی کردووە، دوای ئەویش چین دێت کە  340 53 بووە. 
لە بواری لێکۆڵینەوە لەناو زانکۆکانیشدا،  زانکۆی Johns Hopkins University  پلەی یەکەمە و بڕی 2.56 ملیارد دۆلاری بۆ بواری تاقیکردنەوەو داهێنان تەرخانکردووە. دوای ئەویش   زانکۆی میشگین دێت کە بڕی 1.5 ملیارد دۆلاری خەرجکردووە. پاشان زانکۆی کالیفۆرنیا دێت کە بڕی 1.4 ملیارد دۆلار بۆ بواری داهێنان و تاقیکردنەوە تەرخانکردووە. 

بەهێزکردنی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا
بۆ یەکەمجار گرنگی زانکۆکانی ئەمریکام بۆ دەرکەوت، کاتێک ساڵی 2003 کتێبی Die einzige Weltmacht: Amerikas Strategie der Vorherrschaftی بیرمەند و سیاستەمەداری ئەمریکی زیبگینی برجنسکیم   بەزمانی ئەڵمانی خوێندەوە. لەم کتێبەدا برجنسکی باسی گرنگی زانکۆکانی ئەمریکای کردبوو، چۆن بوونەتە هێزێکی گەورە بۆ ئەمریکا. ئەو دەڵێت: کاتێک سەیری حکومەتەکانی جیهان بکەین، یەک یان دووان یان زیاتر، خەڵکانێک دەبینین کە لە زانکۆکانی ئەمریکا خوێندویانە. تەنانەت زلهێزێکی وەکو چینیش کە خۆی بە نەیاری ئەمریکا دادەنێت، ساڵانە هەزاران خوێندکاری لە زانکۆکانی ئەمریکا دەخوێنن. 

لەرووی سیاسییشەوە وایکردوو کە ئەمریکا لە تەواوی جیهاندا خەڵکانێکی هەبن، کە لە زانکۆکانیدا خوێندوویانە، ئەمەش هێزێکی مەعنەوی گەورەی  بەم وڵاتە بەخشیووە. 
لە رووی ئابووریشەوە سوودی زۆری پێگەیاندووە،ئێستا داهاتی زانکۆکانی ئەمریکا دەگاتە 584 ملیار دۆلار،واتە سێ هێندەی داهاتی عیراقە کە خاوەنی یەدەگێکی گەورەی نەوت و گازە.  ئەمەش قسەیەکی فەیلەسوفی ئیسرائیلی یۆڤال نوح حەراریم بێردەهێنێتەوە، لەکتێبی 21 وانە بۆ سەدەی 21 دەڵێت: ئەمریکییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا بەداگیرکردنی کانە زێڕەکانی کالیفۆرنیا و کێڵگە کشتووکالییەکانی تەکساس، برەویان بە خۆیان دا، بەڵام ئەو رێگەیە لەسەدەی بیستویەکدا تەنها دەستکەوتێکی زۆر کەمی هەیە، ئەمڕۆ سەرچاوەی سەرەکی ئابووری، زانستی و تەکنۆلۆژی و دامەزراوەییەیە نەک گەنم و تەنانەت کێڵگەی نەوتیش، تۆ ناتوانیت لەرێگەی جەنگەوە  زانست بەدەستبهێنێت. ل294 
 ئێستا داگیرکردنی وڵاتان وەکو جاران نەماوە، چونکە شێوازی سامان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆ نموونە ئەمریکا خاوەنی دۆڵی سلیکۆنە، کە کۆمەڵێک کۆمپانیای مەزنی تەکنۆلۆژی تێدایە، کە داهاتییان لە داهاتی زۆر لە دەوڵەتانی جیهان زیاترە لەوانە: گوگل و فەیسبووک و ئەمازۆن،ئەپل، زۆری تریش. ئەمانە وەکو جاران ناکرێت دەستی بەسەردا بگیرێت، چونکە ئەمانە سامانی مەعریفیین. 

جگە لەوەش کەرتی خوێندن و فێرکردن بۆتە بوارێکی زۆر باش بۆ رەخساندنی هەلی کار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە بواری خوێندنی باڵا و زانکۆکاندا کار دەکەن دەگاتە .  1.543.569 کەس، کە ئەمەش ژمارەیەکی زۆرە. 
جگەلەوەش بوونی ئەم زانکۆیانە وایانکردووە کە ئەمریکا ببێتە خاوەنی هزێکی کاری کارامە و دەستڕەنگین لە هەموو بوارەکاندا. هەربۆیە دەبینین زۆربەی داهێنانە گەورەکانی ئەم چەند ساڵەی پێشوو لە ئەمریکادا کراوە، ئەگەر لە دەرەوەی ئەمریکاش داهێنان کرابێت، ئەوا ئەو کەسانە پێشتر لە زانکۆکانی ئەمریکا خوێندوویانە.

خاڵی لاوازی زانکۆکان 
راستە زانکۆکانی ئەمریکا لە لیستی پلە باشەکانی جیهانن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە سیستمی فێرکردن و خوێندنی ئەمریکا کێشەی نییە، گەورەترین کێشەش ئەوەیە، کە سیستمی زانکۆکانی ئەمریکا بەشێوەیەکە کە زیاتر خەڵكی دەوڵەمەند دەتوانێت منداڵەکانی لە زانکۆ باشەکاندا بخوێنێت، منداڵی  هەژاریش کەمتر یان هەلی خوێندنی نییە لە زانکۆ پلە باشەکانی ئەمریکا. 
لە رووی رەگەزیشەوە بەهۆی بوونی سیستمی رەگەزپەرستییەوە، ماوەی چەندین ساڵ بوو تەنها سپی پێستەکان هەلی خوێندنینان لە زانکۆ باشەکان دەستدەکەوت، بەڵام لەم چەند ساڵەی پێشوودا حکومەت  هەوڵیداوە لەرێگەی چەند بۆرسێکی خوێندنەوە، رەشپێستەکانیش هەلی خوێندیان هەبێت. بەڵام هێشتا چ لە رووی ژمارەی خوێندکارەوە یان لە رووی مامۆستای زانکۆوە، زۆرجار رەشپێستەکان هەست بە جوداکاریی دەکەن. 

دواقسە 
بەدڵنییایەوە ئەمڕۆ زانکۆکان هێزێکی گەورەیان بە ئەمریکا بەخشیووەو هێندەی تر پێگەیان لە جیهاندا بەهێزتر کردووە. لەهەمانکاتیشدا بوونەتە کەرتێکی گرنگی  ئابووریی ئەمریکا.    
خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە  کە پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی بددەین تاوەکو سیستمی خوێندن و فیرکردنێکی بەهێز دابنێین، هەوڵیش بددەین پرۆسەی فێرکردن و خوێندن بە جۆرێک بێت، کە لەگەڵ سیستمی ئابووری وڵاتەکە یەک بگرێتەوە، بۆئەوەی لە داهاتوودا گەنجەکان بتوانن هەلی کاریان دەستبکەوێت. 

سەرچاوەکان:
1/www.daad.org/de.Deutscher Akademischer Austauschdienst. 
2/ Zbigniew Brzezinski. Die einzige Weltmacht: Amerikas Strategie der Vorherrschaft.Fischer Taschenbuch  2004
3/ یووڤاڵ نووح هەراری. 21 وانە بۆ سەدەی 21 . وەرگێڕانی: ئاری رەشید. دەزگای جەمال عیرفان. سلێمانی. 2020
للجامعات العالمی .2022QS تصنیف. www. studyshoot.com 4/