نوێنەری حکومەتی هەرێم لەڕوسیا: کۆچبەرە کوردەکان بۆ چاولێکەری‌و خۆ دەوڵەمەندکردن دەچنە ئەوروپا

کوردستان

18/11/2021‌ 1234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەڕوسیا ڕایگەیاند، ئامارێکی وردیان لانییە لەسەر کۆچبەران‌و پەنابەرانی سنوری بیلاڕوسیاو پۆڵنداو لیتوانیاو وڵاتانی ئەوروپا، ده‌شڵێت:"بەڵام بەگوێرەی هەندێک زانیاریی زۆر زیاترە لەسێ هەزار کەس".


د.دانەر ئەبوبەکر کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەڕوسیا بەدەنگی ئەمریکای وتوە، "بەگوێرەی بڕیارو (declaration- ڕاگەیاندنی) ساڵی 1951 ئەوکەسانەی وڵات جێدەهێڵن، دو بەشن، یەکەم پەنابەر، کە لەئەنجامی توندوتیژی ڕەگه‌زیی‌و ئایینی‌و نەتەوەیی‌و بیروڕا پەنادەباتەبەر وڵاتێکی تر، دوەمیان کۆچبەرە (Migrants) کە هۆکاری جێهێشتنی ئەم بەشەیان دیارنییە، حەزو ئارەزوو، ڕەفاهیەتە، یا خۆ دەوڵەمەندکردنە".

ده‌شڵێت:"بەبڕوای ئێمە ئەوەی ئێستا زیاتر بەشی دوەمە (Migrants) کۆچبەرە، وەکو خۆم‌و هەموان گوێییان لێبوە کە لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن موقابەلە دەکرێن دەڵێن هۆکار چیە ئێوە ڕۆیشتون؟ دەڵێن: چاولێکەرییە، بەڵام ئەوی تر کە توندوتیژیی ڕەگەزیی‌و ئاینی‌و کۆمەڵایەتیە بەبڕوای ئێمە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".

دەربارەی دەنگۆی هاوکاریکردنی ئەو کۆچبەرانەی نیازی گەڕانەوەیان هەیە؟ کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لەڕوسیا وتی:"تائێستا ئێمەش وەک دەنگۆ بیستومانە، بەڵام ئەوەی هەیە تائێستا یەکلایی بوەتەوە، حکومەتی عێراقی لەسەر حسابی خۆی فڕۆکە بۆ گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە تەرخاندەکات، ئەمەش بەپاڵپشتی سەرکردایەتی سیاسی کوردو حکومەتی هەرێمه‌ کە داواکراوە حکومەتی عێراق بەئەرکی خۆی هەڵبستێت".