چی ڕودەدات ئەگەربێت‌و بەتەواوەتیی دەستبەرداری خواردنی "نان" ببین؟

تەندروستی

18/11/2021‌ 753 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خانمە پسپۆڕێکی بواری کوێرەگڵاندەکان لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی "نۆڤۆستی" ڕوسیی دەڵێت دەستبەرداربوون لەخواردنی نان وادەکات گەشەی بەکتریا زیانبەخشەکان خاوبێتەوە، لەبەرامبەردا بەکتریا بەسودەکان گەشە بکەن.

دکتۆرە ئەلینا باریدۆ بەلەچاوپێکەوتنەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە، دەستبەرداربون لەخواردنی "نان" گۆڕانکاریی جیاواز بەسەر جەستەدا دەهێنێت.

باریدۆ دەڵێت:"نان کاربۆهیدرایتێکی خێرایەو کاریگەریی نەرێنی دەکاتەسەر پڕۆسەی میتابۆلیزمی کاربۆهیدرایت‌و دەبێتە هۆی دروستبونی بەرگری بەرامبەر بەئەنسۆلین، لەکاتی دەستبەرداربوون لەخواردنی نان، ڕێژەی ئەنسۆلین‌و گلوکۆز لەجەستەی مرۆڤدا دادەبەزێت‌و پرۆسەی زیندەپاڵی چەوریی‌و کاربۆهیدرایتەکان باشتر دەبێت".

خانمە پسپۆڕە ڕوسییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، نەخواردنی نان وادەکات ئاستی چەورییە سیانییەکان‌و کۆلیسترۆڵی زیانبەخشیش لەجەستەدا کەمببێتەوە، هەروەک گەشەی بەکتریاو کەڕوە زیانبەخشەکان‌و هۆکار بۆ توشبوون بەنەخۆشییەکان هێواش دەبێتەوە، لەبەرامبەردا بەکتریا سوودبەخشەکان گەشەدەکەن.

هەروەک وتویەتی:"باشترین نان نانی دانەوێڵەی تەواوە، واتە ئەو نانەی لەئاردی بەکەپەکەوە دروستکراوە، لەبەرئەوەی لەناو هەموو جۆرە نانەکاندا کە ئاستی ئەنسۆلین‌و گلوکۆز بەرزدەکەنەوە باشترین جۆریانە".

و: ئاکۆ ئاڵی