شارپرێس:
لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا بەشێکی زۆر لە خەڵک بۆ خۆبەدوورگرتن لە هەڵامەت
و پەتا وەرزییەکان و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستەیان پەنا بۆ سەپڵیمێنت و
جێگرەوە سرووشتییەکان دەبەن، بەتایبەتی ڤیتامین سی و دی، بەوپێیەی بەشێک لە
لێکۆڵینەوەکان وەک باشترین پشتیوانیکەری سیستەمی بەرگری هەژماری دەکەن.
بەڵام بەپێی بابەتێکی گۆڤاری " Eat This, Not That"
ی تایبەتمەند بە بواری خۆراکپێدان و تەندرووستیی، پێدەچێت تەواوکەری خۆراکیی
(سەپڵیمێنت)ی زینک باشترین بژاردە بێت بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری جەستە.
گۆڤارەکە باسی لەوەکردووە کە زینک لەو رەگەزە خۆراکییە بنەڕەتیانەیە کە
مرۆڤ لەڕێگای سیستەمی خۆراکیی و بەشێوەیەکی سرووشتیی لەچەند خۆراکێکەوە
دەستیدەکەوێت، وەک گۆشتی سوور، خواردنە دەریاییەکان، پاقلەمەنییەکان و دانەوێڵە و
هیتر.
بەڵام مەزەندە دەکرێت ئەوکەسانەی بەشێوەیەکی بەردەوام بەرهەمە ئاژەڵییەکان
دەخۆن بڕی پێیوستی زینکیان دەستبکەوێت، بۆیە مەترسیی هەیە ئەوانەی پەیڕەوی لە
سیستەمی گیاخۆریی دەکەن تووشی کەمی زینک ببنەوە کە یارمەتیدەری سیستەمی بەرگری
جەستەیە لە بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا و ڤایرۆسەکان.
هەروەک ئاماژە بەوەکراوە کە ئەوکەسانەی بڕێکی کەم لە زینکیان هەیە مەترسیی
تووشبوون بەهەوکردنی سییەکان و
هەوکردنەکانی تری جەستەیان هەیە.
لای خۆشییەوە
پەیمانگای نیشتیمانیی تەندرووستیی ئەمەریکی (NIH) دەڵێت: دەرکەوتووە کە خواردنی
زینک لەسەر شێوەی حەب یان شرووب مەترسییەکانی تووشبوون بە پەتا و سەرمابردنەکان
کەمدەکاتەوە و یارمەتیی زووچاکبوونەوەش دەدات.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی