شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" سەبارەت بەهۆکارەکانی شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان لایەنە سەرەکییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ دروستکردنی لێڤەگەڕێکی سیاسیی بۆ ناوچەکە، باس لەوەکراوە کە ناڕازییبونی لایەنە پێکهێنەرەکانی ئیدارەی خۆسەر بەگەڕانەوەی ئەو هێزانەی ناسراون بە"پێشمەرگەی ڕۆژ"ی سەر بەئەنەکەسە هۆکاری سەرەکیی شکستهێنانی دانوستانەکان بوە.
ڕۆژنامەکە لەسەر زاری سعود مەلا سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سەر بەئۆپۆزیسیۆنی سوری لایەنگری تورکیا گواستویەتییەوە کە سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان، بەڵام دۆسیەی ئاسایشو بەرگریی ڕۆژئاوای کوردستان گرنگترین خاڵی ناکۆکیی ئەنەکەسەیە لەگەڵ پارتە پێکهێنەرەکانی ئیدارەی خۆسەر.
مەلا ئاماژەی بەوەکردوە، لەگەڵ ئەمریکییەکان چەندینجار گفتوگۆیان لەسەر ڕەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ گەڕاندنەوەی هێزەکانی ڕۆژ بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کردوە بۆئەوەی ئەوانیش بەشداریی لەپاراستنی ئاسایشی ناوچەکەدا بکەن، بەڵام سەرجەم ئەو داواکاریانە لەلایەن "پارتی یەکێتیی دیموکرات" کە یەکێکە لەپارتە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی "ئیدارەی خۆسەر" ڕەتکراونەتەوە.
ئهمهش لهكاتێكدایه، لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردوو هەردولا ڕێککەوتنێکیان واژۆکردوە کە بەپێی ئەوە (ڕێککەوتننامەی دهۆک لە2014) سەبارەت بەحوکمڕانیو ئیدارەی هاوبەشو پارێزگارییو بەرگریی بەبنەما دابنرێ بۆ ڕێککەوتن.
سەرەتای ئەمساڵ ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری کۆمەڵگهی دیموکرات (تەڤدەم)و هاوكات یهكێك لهسهركرده دیارهكانى ڕۆژئاواى كوردستان لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەنی ئۆزگور پۆلۆتیکا" ڕایگەیاند، هێزەکانی ڕۆژ پێشمەرگە نین، بەڵکو بەکرێگیراوی تورکیانو دەستیان لەو داگیرکاریانەدا هەبوە کە تورکیا دژ بەڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامیداوە کە ئەمەش پەیوەندی نێوان ئەنەکەسەو پەیەدەی زیاتر بەرەو گرژبون برد.