ئۆپه‌راسیۆنێكى مۆسادى ئیسرائیل ئاشكراده‌كرێت

جیهان

04/12/2021‌ 2928 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئۆپه‌راسیۆنێكى نهێنى مۆسادى ئیسرائیل ئاشكراده‌كرێت كه‌ بەهاوکاریی زانا ئێرانییەکان بنکەی ناوەکیی "نەتەنز"یان تەقاندۆتەوە.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "جۆیش کڕۆنیکڵ" دەزگای هەواڵگری ئیسرائیلی "مۆساد" بۆ تەقاندنەوەی بنکەی ناوەکیی "نەتەنز" کە یەکێکە لەهەرە دامەزراوە ناوەکییە قایمکراوەکانی ئێران کە لەمانگی چواری ئەمساڵدا ئەنجامدرا، پشتی بەتیمێک لەزانا ناوەکییەکانی ئێران بەستوە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردوە، سیخوڕەکانی ئیسرائیل پەیوەندییان لەگەڵ نزیکەی 10 زانای ئەتۆمی ئێران بەستوەو بڕوایان پێهێناون هۆڵی سانتریڤیوژی A1000 بتەقێننەوە کە لەژێر زەوی بنکەی ناوەکیی نەتەنزدایە لەپارێزگای ئەسفەهانی ناوەڕاستی وڵات.

ئاماژە بەوەشکراوە، زانا ئێرانییەکان لەو بڕوایەدابون کە ئەو پرۆسە نهێنییە لەبەرژەوەندی گروپە بەرهەڵستکارە نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدەدەن، نەوەک لەبەرژەوەندی ئیسرائیل.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"بەشێک لەو تەقەمەنیانەی لەڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بەسەر دامەزراوەکەدا خراونەتەخوار، زاناکان بەهێمنیی کۆیانکردونەتەوەو بەشێکیشیان خستۆتە ناو سندوقی خواردن‌و بەشێوەیەکی نهێنیی‌و بەبارهەڵگری گواستنەوەی خۆراک گواستویانەتەوە بۆ دەرەوە.

جەختیشیکردۆتەوە، تەقینەوەکە بۆتە هۆی وێرانکردنی لەسەدا 90ی سانتریڤیوژەکانی دامەزراوەی ناوەکیی نەتەنز کە بەهۆیەوە هەنگاونانی ئێرانی بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکیی دواخست‌و بۆ ماوەی نزیکەی نۆ مانگ کارکردنی لەدامەزراوەکە ڕاگرت.

هەر لەدوای ڕوداوەکە، جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بەفەرمی ئیسرائیلی بەبەرپرسیار لەکارە تێکدەرانەکە وەسفکرد.