شێخ جەعفەر بۆ په‌رله‌مانتاران: بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ‌و مەزن‌و نەفام‌و بێ عه‌قڵانە

کوردستان

06/12/2021‌ 2820 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشده‌كاته‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "بۆیه‌ حاڵمان جوانە ئەوانە نوێنەری خەڵکن، بۆیە حاڵمان جوانە ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات"، ده‌شڵێت:"بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ‌و مەزن‌و نەفام‌و بێ عه‌قڵانە".


ئاشكرایده‌كات، داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە له‌كاتى سه‌ره‌تاى هاتنیان، ده‌شڵێت:"لەکاتێکدا ئێمە لەعێراق سەرۆک کۆمارمان هەیە، وەزیرو پەرلەمانتارمان هەیە کەچی هاتون هێڵی بەرگری بەرامبەر پێشمەرگە دروستدەکەن لەبری ئەوەی بەرامبەر داعش دروستی بکەن".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ ده‌نگى ئه‌مریكا سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی پەرلەمانتارانی پارتی‌و یەکێتی کە هەریەکەیان ئاڕاستەی حزبەکانی بەرامبەرییان دەکەن، وتویه‌تى:"ئاخر بۆیە حاڵمان جوانە، ئەوانە نوێنەری خەڵکن، ئەوانە نوێنەری هەرێمی کوردستانن، ئەوانە یاسا دەردەکەن، ئەوانە پارێزەری مافی تاکەکەسن ئەوانە بەرگری لەمافەکانی خەڵکی کوردستان دەکەن، بۆیە حاڵمان واجوانە، ئەوانە هاتونەتە ناو ئەو پەرلەمانەوە کە ئەسڵەن مرۆڤ نازانێت چۆن باسی بکات".

شێخ جه‌عفه‌ر هێرشده‌كاته‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران‌و ده‌ڵێت:"بەداخەوە بۆ ئەو مناڵ‌و مەزن‌و نەفام‌و بێ عه‌قڵانە کە ئەوانە وەک ندی‌و بدی ئەم قسانە دەکەن‌و بەهەوەسی خۆیان لێدوان دەدەن من هەر ئەوەندەیان پێدەڵێم".

جێگری سەرۆکی هەرێم ئه‌وه‌شى وتوه‌، "داعش نەک هەر مەترسییەکانی بەردەوامە، بەڵکو ئێستا داعش زیاتر مەترسیدارترە له‌كاتى سه‌ره‌تاى هاتنیان، لەبەرئەوەی کاتی هاتنیان ببوەوە هۆی دروستبونی دوو جەبهە کە هێزی پێشمەرگە خەتێکی بەرگری دروستکردبوو، بەڵام ئێستا شەڕی پارتیزانی دەکەن تەنها مەبەستییان شەهیدکردنی پێشمەرگە یا بریندارکردن یاخود زیانە لەکەلوپەلەکان‌و تەقەمەنییەکان، مەبەستییان شوێن گرتن نییە".

شێخ جه‌عفه‌ر لایه‌نى كه‌مته‌رخه‌م له‌په‌لاماره‌كانى داعش ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کەمتەرخەمی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ عێراق کە ناتوانێت ئەمنیەت بۆ خەڵکی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دابینبکات، هۆکارێکی تر ئەوەیە ئێستا داعش بەشێوەی پارتیزانی هێرشەکان دەکەن، بۆ نمونە ئەوکاتەی ئێمە پێشمەرگەو پارتیزان بوین عێراق خاوەنی گەورەترین سوپا بوو لەناوچەکە، بەڵام نەیتوانیوە چاری پێشمەرگە بشکێنێت یاخود نەیتوانیوە ڕێگریی بکات لەچالاکیەکانمان بەو توانا کەمەی هەمانبوو کە زەویی‌و ئاسمانی نێوان بوو، به‌ڵام توانیمان سوپای عێراقی هیلاک بکەین، لەبەرئەوە ئەو پارتیزانیانەی کە شەڕی پارتیزانی دەکەن دەگەڕێن زانیاری کۆدەکەنەوە خاڵێکی لاواز دەدۆزنەوە پەلاماری ئەو خاڵە لاوازە دەدەن".

ش.هـ