ئێستاو مێژوى سەلەفیەت لەڕۆژهەڵاتی کوردستان

مەلەفی تایبەت

14/12/2021‌ 1918 جار خوێندراوه‌ته‌وه

نووسین‌و لێکۆڵینەوە: تیناخەڵیفەیی

سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوەبکەم کە هۆکاری لێکۆڵینەوەو نوسینی ئەم بابەتە لەلایەن منەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە خوێنەر بتوانێت لەدوای خوێندنەوەی ئەم بابەتە باشتر ڕەوتی سەلەفیەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بناسێت و ڵەگەڵ چۆنیەتی ڕیشە دانانی ئەم ڕەوتە لە ژئۆپۆلتیکی کوردستان تێبگات و  هەروەها مەترسیەکانی ڕەوتی ئیسلامی جیهادی لە سەر  کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات هەتا ڕادەیەک کە لەم بابەتە دەگونجێت شرۆڤە بکەم.

سەلەفیەت بابەتێکە کە بە دەیان لێکۆڵەر و خاوەن نەزەرەی بواری فەلسەفەی ئایین ناسی باس و لێکۆڵینەوەیان لە سەر کردووە، ئەوەی کە جێگای سەرنجە لە ناو هەموو ڕاوبۆچوونەکاندا دوو جۆری بیرکردنەوە لە سەر مەبەست و کاتی درووست بوونی ڕەوتی سەلەفیەت هەیە.بەشێکیان لەسەر ئەو باوەڕەن کە سەلەفیەت دیاردەیەکی مێژووییە کەبۆ سەدەکانی سەرەتای ئیسلامو درووستبوونی مەکتەبی کەلامی دەگەڕێتەوە.

لەنیوەی دووهەمی سەدەی یەکەمی ئیسلام بە تایبەتی لە کاتی حکومەتی ئۆمەویەکان بە زەقی ناکۆکیەکی زۆر لە نێو زانایانی فێقهی ئەو کات لەسەر چەند بابەت دەبینرێت کە یەکێکیان ئیلاهی بوون یان نەبوونی قورئانە کە دەبێتە هۆی درووست بوونی ناکۆکی قوول و لە دەرئەنجامی ئەو ناکۆکیانە دوو بەرەی جیاواز بەرانبەر بە یەک درووست دەبێت.بەرەی یەکەم بە ناوی "موعتەزلە" بە ڕێبەری "ئەبوحەزیفەی واسڵ" بوو کە داوای ئەوەیان دەکرد چەن باوەڕی باوی ئەو کاتە کە دواتر ئاماژەیان پێ ئەدەم بگۆڕدرێت.یەکەمئاسمانی نەبوونی قورئان، دووهەم پشت بەستن بە "عەقڵ" نەک "ئەحادیس" و سێهەمیانبڕیار دان لە سەر چۆنیەتی ژیانیخەڵک لە کۆبوونەوەی زانایانی ئایینی بە پێی بارودۆخی کۆمەڵگە، نەک لە سەر ئەساسی ئەحادیس و قورئان بوو.

بەگشتی موعتەزیلەکان بنەماکانی ئایینیان هەڵدەسەنگاند و هەر کام لەوبنەمایانە کە لەگەڵ عەقڵی ئەمڕۆی مرۆڤەکان نەدەگونجا دەیانگۆڕی.لە بەرانبەری ئەوان دا چەند زانایەکی ئایینی دەوەستێن کە بە جەماعەتی "ئەهلی سونەت و جەماعەت" ناو دەبرێن بۆیە ئەو ناوەشیان لەسەر نرا کە خۆیان بە پەیڕەوی سونەتەکانی موحەمەد پەیامبەری ئیسلام و خەڵیفەکانی دوای ئەو دەزانی و دەیانوت ئەگەر بابەتێکی نوێ بێتە نێو ژیانی مرۆڤەکان کە لە قورئان و حەدیس دا باسی لە سەر نەکرابێت، زانایانی ئایینی لە "ئیجماع" بە واتای کۆبوونەوە، ئەو شتە یان بە حەرام دابنن یان بە پێ ئایاتی قورئان بڕیاری لەسەر بدەن نەک بە پێی بارودۆخ و پێویستی کۆمەڵگە.

بەو جۆرەی کە ئاماژەم پێدا زانایانی ئایینی لە بەرانبەر "موعتەزێلەکان" وەستانەوە بەڵام هیچ گرووپێکی یەکگرتوو کە خۆی وەکوو ڕەوتێکی ئاشکرا و ناکۆک لەگەڵ "موعتەزێلە" پێناسە بکات بوونی نەبوو تا ئەوکاتەی کە "ئەشاعیرەکان"بە ڕیبەری "ئەبۆلحەسەن کوڕی ئیسماعیل ئەشعەری"  دەست بە بانگەشە دەکەن. "ئەشاعێرەکان" بڕوایان بەوە بوو کە دەبێت تەواوی لایەنەکانی ژیانی مرۆڤەکان بە پێ هەر ئەو یاسایانەی کە لە نێو قورئان و ئەحادیس هاتوون بڕیاری لە سەر بدرێت و مرۆڤەکان خۆیان هیچ دەسەڵاتێکیان لە هەڵبژاردنی ئەو شتانەی کە لە نێو ئیسلام دا پێشتر لە قورئان وئەحادیس بڕیاری لە سەر دراوە، نییە.

هەروەها قورئان ئاسمانیەو پێش ئیسلام بوونی هەبووە و تایبەت بە ئیسلام نییە،  لە ساڵی ٩٤٢ی زایینی"ئەبولحەسەن ئەشعەری" بە ڕوونی و لە کتێبێک بە ناوی" رسالە فی استحسان الخوچ فی علم الکلام" باس دەکات کەبڕوای بە هێنانەوەی ئێستدلال لە ئایین دا هەبووە. لە دوای ئەم هەڵوێستە"ئەهلی حەدیس" یان "ئەهلی سونەت و جەماعەت" بە  سەر دوو بەرە دابەش بوون یەکێکیان "ئەشاعرە" کە خۆیان بە پەیڕەوی  "ئەبولحەسەن ئەشعەری" دەزانی و ڕەوتێکی دیکە بە ناوی "حنابلە" کە پەیڕەوی "ئەحمەدی کوڕی حەنبەل" بوون کە تا ئەو کات نەوەکوو بەرەیک لە دژی موعتەزێلە بەڵکوو وەکوو زانایەکی "ئەهلی حەدیس" لە دژی ئەوان کتێبی دەنووسی و بانگەشەی دەکرد. "ئەحمەد بن حەنبەلی شەیبانی" کە چوارەمین ئیمامی فێقهی ئەهلی سونەت و هەروەها ئاڵا هەڵگریدژایەتی لەگەڵ "ئەهلی کەلام"بوو. یەکێک لەو کەسانە بوو کە بە ڕاستەوخۆ وەکوو فتوایەک لە کتێبی "الاصول السنه" باس لە پشت بەستن بە حەدیس بە تەنیایی و دوور گرتن لە هەر شتێک کە ژیانی مرۆڤەکاندەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوەدەکات.

"ئەحمەدی کوڕی حەنبەل" لە سەر ئەو باوەڕە بوو کە بۆ وڵام دانەوە بە هەر پرسیارێک چە تایبەت بێت بە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکان و یان هەر بوارێکی دیکە ژیان، بەتەنیا وڵامێک هەیە ئەویش گەڕانەوە بۆ ئایاتی قورئان و ئەحادیسێکە کە بە پێ باوەڕی ئیسلام بە درووست(صحیح) ناو دەبرێت.ئەم ناکۆکیانە لە سەدەکانی دوایی ئیسلام تەنانەت نەک کەم نەبوون بەڵکوو قووڵتر بوونەوە و وەکوو بابەتێکی سەرەکی لە نێو زانایانی ئیسلام خۆی دەرخست،تەنانەت بەر لەوەی ناکۆکیەکانی ساڵەکانی ٦٧٠ی زایینی دەست پێ بکات دەبینین کە لە کاتی خەلیفەکانی ئیسلامیش دا ناکۆکیەکی زۆر لە سەر بابەتە فیکریەکان بوونی هەبووە،بەتایبەتیدوا بە دوای کوژرانی "عوسمان" خەلیفەی سێهەمی موسڵمانەکان ناکۆکیەکی زۆر لە ناو جیهانی ئیسلام دا پەیدا دەبێتو خەڵک بە سەر دوو بەرەی"عەلەویەکان"پەیرەوەکانی خەڵیفەی چوارەمی موسەڵمانان واتە "عەلی" و "عوسمانیەکان"پەیڕەوی خەڵیفەی سێهەمی موسەڵمانان واتە "عوسمان" دابەش دەبن، ئەم دوو بەرەکیەی کە باسمان لێکردو تەنانەت  بەر لەکوژرانی عوسمان بەدیدەکرا قوڵتر دەبێتەوەو ئەبێتە هۆی ئەوەی کە وردە وردە ئەو شتەی کە ناوی دەنرێت "داڕمانی یەکێتی ئیسلام"ڕوو بدات، ئەو داڕمانە نەک تەنیا لە بواری هێز و یەکێتی سەربازی، بەڵکو لەسەر بیروباوەڕی شوێنکەوتووانی ئیسلام‌و زانایانی سەرتاسەری وڵاتە ئیسلامیەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی دانا.

ئاشکرا بوونی ئەم بابەتە بوو هۆی ئەوەی کە زۆربەی زانایانی فێقهیبێنە سەر ئەو باوەڕەیکە ئەم ناکۆکیە لە ناو ئیسلام پەیوەندی بەوە هەیە کە خەڵک لە حەدیس و قورئان و شێوەی ژیانی دەیەکانی سەرەتای ئیسلام دوور کەوتوونەتەوە.

بەشی دووهەم لە سەر ئەو باوەڕەن کە نەکتەنیا سەلەفیەت ڕیشەی لە مێژوودا نییە بەڵکوو دیاردەیەکی تازە و سیاسیە کە بە مەبەستی مەشروعیەتدان بەو باوەڕە مەکتەبیانەی کە خۆیان وەکوو پەیڕەوی فتواکانی"ئەحمەدی کوڕی حەنبەل" لە بەرانبەر ئەوانەی لە ئیسلام لایان داوە پێناسە دەکەن، داهێنراوە. یەکێک لە بەناوبانگترین کەسایەتییە سەلەفیەکانی چەن سەدەی  ڕابردوو زانایەکی فێقهی بەناوی"محەمەد بن عەبدولوەهابەکە بەتوندی لە ژێر کاریگەری باوەڕەکانی " ئەحمەد کوڕی حەنبەل" بوو.

ئەوکاتە کە عەرەبستان لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر کرابووزۆربەی زانایانی ئەهلی سونەت بە تایبەتی ئەوانەی کە پەیڕەی فیرقەی حەنبەلی بوون شێوەی ژیان و حوکمڕانی عوسمانیەکانیان بە لاوە نادرووست بوو و بە لادان لە ئایینی ئیسلامپێناسەیان دەکردو ئەم بۆچوونە لە لایەن زانایانی ئایینیەوە بە بەربڵاوی لە نێو خەڵک دا بانگەشەی بۆ دەکرا."عەبدولوەهاب"کە هەر لە منداڵیەوە لە ژێر کاریگەری فێقهی حەنبەلی گەروە بوو هەتا ساڵی ١٧٤٠ی زایینیبیرو باوەڕی خۆی لە بەر ئەوی دەیزانی کە بە توندی باوەڕەکانی لە لایەن خەڵکەوە ڕەتدەکرێتەوە ئاشکرانەکرد.

"عەبدولوەهاب"دوای مردنی باوکی و لە ساڵی١٧٤١ی زایینیباوەڕەکانی خۆی ئاشکرا دەکات، بەڵام لە گەڵ دژایەتی تەواوی بنەماڵەکەی و ئەمیری ناوچەکە ڕووبەڕوو دەبێتەوە و تەنانەت وەک سزایەک لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بۆ ناوچەی "دەرعیە"دووردەخرێتەوە کە ئەو کات ئەمیرەکەی "محەمەدی کوڕی سعود" بوو. بە پێچەوانەی ئەوانی تر "محەمەد کوڕی سعود" پێشوازی لە"عەبدولوەهاب" کرد،بەو شەرتەی کە خۆی ببێت بە ڕێبەریسیاسی ئەو ڕەوتە و "محەمەد عەبدولوەهابیش" وەکڕێبەریئایینی  بمێنێتەوە، خاڵێکی دیکەی ڕێکەوتنەکەیانبانگەشە بۆ باوەڕی "عەبدولوەهاب"بوو کە دوایی بە ناوی وەهابیەت(پەیڕەوەکانی عەبدولوەهاب) ناوبانگی دەرکرد و دەناسرێتەوە.

ئێستا کە کورتەیەکمان لە سەر مێژوویچۆنیەتی درووستبوونی باوەڕی سەلەفیەت باس کرد سەرنج ئەخەینە سەر کوردستان وچۆنیەتیسەرهەڵدانی باوەڕی سەلەفیەت لە کوردستان.

لە سەرەتادا دەبێت ئەو ڕەوتە فیکریانەی کە بیری سەلەفەتیان لە نێو ئێران بڵاو کردەوە باس بکەم .  یەکێک لەو ڕەوتانە کە بووە هۆی گەشە کردنی ئەم فیکریەتە لە نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەگەڕیتەوە بۆ بەر لە شۆڕشی ئێران و درووست بوونی یەکەمین ڕێکخراوییەکگرتووی ئیسلامی سونە لە ئێران، بە ناوی "مەکتەبی قورئان" بە ڕێبەری" ئەحمەدی موفتە زادە" کە چالاکیەکانی خۆی بە شێوەی نهێنی و لە ساڵی  ١٩٧٦ی زایینیدەست کرد.

دواتر لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی لە سەرەتادا مەکتەبی قورئان کەوتە دۆستایەتی لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە، بەڵام ئەم دوستایەتیە زۆری نەخایاند و ئەحمەدی موفتە زادە لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینیدەخرێتە زیندان و لە دوای ماوەی ١٠ ساڵ بەندکران لە زیندان ئازاد دەکرێت و پاش ٣مانگ لە ئازاد بوونی گیانی لە دەست ئەدات.مەکتەبی قورئان چالاکیەکانی لە ڕێگای ڕاگەیاندنی بیری ئیسلامی سونە، شرۆڤە و لێکۆڵینەوە لە سەر چالاکیەکانی ڕێکخراوە ئیسلامیەکان، بانگەشە بۆ بیروکەی سەلەفی ساڵەح، پشتیوانی کردن لە ئیمامەکانی جومعە و ڕێبەرە مەزهەبیەکانی سونە و پشتیوانی لەو بیرۆکانەی کە بە فتوای"بیدعە و شێرک" لە ناوەندەکانی پەروەردەی مەزهەبی سونە دەناسرێتەوە،دەست پێکرد.

ئەو کات کە دەوڵەتی ئێران لە ساڵی ١٩٨٠ی زایینی لە نێو شەڕیکی قورس لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بوو و هەتا ئاستێکی زۆر پێویستی بە پاڵپشتی هەموو لایەنەکان بوو بۆ ئەوەی کە خەڵک لە شەڕدا بەشداری بکەن پەیویستی بە یەکێتیەکی سەرانسەری هەبوو بەتایبەتی کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کاتە دا زۆربەیان لایەنگر و ئەندامی حیزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات بوون و کۆماری ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی ئێران هیچ پاڵپشتیەکی لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەبوو. بۆیە پێویستی بە جەریانێک بوو کە بتوانێت تا ڕادەیەک خەڵک بەرەو کۆماری ئیسلامی ڕابکێشێت. بەڵام دوایی کە هەستی بە  مەترسیەکانی گەشەی "مەکتەبی قورئان"کرد بە تەواوەتی چالاکیەکانی ئەو جەریانەی ڕاگرت و ڕێبەرەکەشی خستە بەندیخانە.

شایانی باسە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوتی"مەکتەبی قورئان" بە سەلەفیە تەبلیغیەکانیش ناو دەبرێن، سەلەفی تەبلیغی بەو واتایە کە لە ڕیگای بانگەشە و رێکخستن لە نێو خەڵکدا پەرە بە باوەڕی سەلەفیەت دەدەن و مەیدانی بانگەشەیان مینبەری مزگەوتەکانە.

ڕەوتی دووهەم کە پێش "مەکتەبی قورئان" دەستی بە چالاکی کرد "سپای ڕزگاری کوردستان"  بە ڕێبەری "شێخ عوسمانی نەقشبەندی" پێشڕۆی "تەریقەتی نەقشبەندی" بوو، کە چالاکی خۆی پێش شۆڕشی ئێران دەست پێکرد و وەکوو ڕەوتێکی نزیک لە حکومەتی شای ئێران کاری دەکرد. لە دوای شۆڕشی سەراسەری ئێران، سپای ڕزگاری وەکوو هێزێکی چەکدار هاتە ناو مەیدانی شەڕ لەگەڵ گرووپە ئازادی خوازەکان و هەروەها بانگەشەیبۆ بیری توندڕەوانە لە نێو ئەو گوندانەی کە دەسەڵاتیان هەبوو یان بۆ ماوەیەکی کوورت نیشتەجێ دەبوون (بەتایبەتی لە شارەکانی پاوە و مەریوان)دەکرد. سپای ڕزگاری دوای ماوەیەکی کورت لە دەستپێکردنی خەباتی چەکداری لە مانگی فوریەی ساڵی  ١٩٧٩ی زایینی  لە لایەن کۆمەڵە بە تەواوی شکستی پێدەهێنرێت و چالاکیەکانی ڕادەگیرێت.

ئەگەر بمانەوێت بە تەواوەتی لە مێژووی سەلەفیەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێبگەین دەبێت ڕیشەی سەلەفیەت لە باشووری کوردستانیشبە باشی بناسین.سەلەفیەت و ڕەوتی ئیسلامی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان توانی نەک وەکوو حیزبێکی سیاسی بەڵکوو وەکوو جوڵانەوەیەکی ئایدۆلۆژی خۆی نیشان بدات و هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە جوڵانەوەیەکی یەک پارچەی ئیسلامی و یەکگرتوو لە کوورت ماوەدا درووست بێت کە هەر کەسێک یان گرووپێک خۆی بە ئیسلامی سونەوە گرێدەدات لەژێر ئالای ئەو جوڵانەوە ئیسلامیە لەباشووری کوردستان کۆببێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە لە ساڵی ١٩٥٤ی زایینی و لە کاتی چالاکیە بەربڵاوەکانی ئیخوان لە میسر و ڕاگەیاندنی "جیهاد" بۆ گەڕاندنەوەی شکۆی سەردەمی ئیسلام، "شێخ عەبدولعەزیز" وەکوو باڵی عێراقی "ئیخوان"  کار و چالاکیەکانی دەست پێکرد. "شێخ عەبدولعەزیز" و کوڕەکانی بەهۆی ئەوەی کە ڕۆڵیان لە کودەتا لە دژی حکوومەتی ئەو کاتی عێراقبوو لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانبۆ پارێزگای ناسریە دوور دەخرێنەوە و لە دوای ئەوەی کە دەگەڕێنەوە بۆ باشووری کوردستان لە پارتی دێمۆکراتی کوردستان چالاکیەکانی خۆیان لە ژێرناوی هەیئەتی" یەکێتی زانایانی موسڵمانانی کوردستانی عێراق" دەست پێ دەکەن و لە ئاکامدا لە ساڵی ١٩٧٥ زایینی لە دوای ڕووداوی ئەیلوول لە پارتی دیمۆکرات کوردستان جیا دەبنەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیدا دووبارە وەکوو باڵی عێراقی ئیخوان چالاکیەکانیان دەستپێدەکەنەوە.

بە هۆی ڕێکخستنی ناڕەزایەتیەکان لە دژی ڕژیمی بەعس لە ساڵی١٩٨٧ ڕوو دەکەنە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. حکوومەتی ئەو کاتی ئێرانیش لەبەر ئەوەی وەکوو کارتێکی گوشار لە دژی ڕژیمی بەعس بەکاریان بێنێت زۆر ڕێگری لە بانگەشەی فیکری و چالاکیەکانیان ناکات و تەنانەت لە ساڵی ١٩٨٧ زایینی"شێخ عوسمان عەبدولعەزیز"چاوی دەکەوێتە"ڕەفسەنجانی" سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی ئێران و دانیشتنی لەگەڵ دەکات و دواترلە بەر دەست ڕۆییشتوویان لە ئێران،ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بیرۆکەی سەلەفیەت لە ناو خەڵک بڵاو دەبێتەوە و دەتواننبەڕێژەیەکی بەرچاو سەرنجی لاوان بە لای خۆیان ڕابکێشن.

لە گەڵ ڕاگەیاندنی ئیمارەتی ئیسلامی لە لایەن"القاعدە" و بانگەشەی "جیهاد" لە دژی شەورەوی (سۆفیەت،"القاعدە" شەڕێکی ١٠ ساڵە لە گەڵ شەورەوی ڕادەگەینێت و ئەم شەڕە و ئەزموونەکانی بووە هۆی زۆرتر گەشە کردنی بیری جیهادی و سەلەفیەتلە ناوچەکە و درووست بوونی چەند ڕەوتێکی  سیاسی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئاکامدامەیدان بۆ گەشە کردنی جەریانە ئیسلامیەکان زۆرتر کرایەوە.

یەکێک لەو ڕێکخراوانە کە لە باشووری کوردستان دامەزراو کاریگەریەکی زۆری لەسەر ئیسلامیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو جەماعەتی "جندالاسلام"بوو کە لەئاکامی یەکگرتنەوەی سێڕێکخراوی حەماس، تەوحیدی ئیسلامی و  بەشێک لەسوپای دووهەمی سۆران بە ڕیبەری "ئەبوعەبدوڵا شافعی" لە سپتامبری ساڵی ٢٠٠١  پێکدێت. "جندالاسلام" لەژێر کاریگەری ڕاستەوخۆی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان دەبێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لە گەڵ "القاعدە" دەبێت و  لەنێوان سنووری ئێران و عێراق  لەنزیک گوندێکی حەلەبچە بەناوی "بیارە" دەستی بە چالاکی کرد.لە دوای ڕووخانی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان گرووپە ئیسلامیەکانی عێراق بەرەو یەکگرتوویی ڕۆشتن و ڕەوتە جیاوازەکان هەوڵیان ئەدا لە ژێر ناوی یەک ڕێکخراو کۆ ببنەوە.

لە دێسامبری ساڵی ٢٠٠١ی زایینی گروپی "ئیسڵاح" بە ڕێبەرایەتی "نەجمەدین فەرەج" ناسرراو بە "مەلا کرێکار" لە گەڵ "جندالاسلام" یەکدەگرن و لە ئاکامدا ڕێکخراوێکبە ناوی "انصارالاسلام" بە ڕێبەری "مەلا کرێکار" دادەمەزرێت و لە گوندی "بیارە"ی هەڵەبجە ئیمارەتی "بیارە"ڕادەگەینێت.

"انصارالاسلام" بە درووست کردنی چارتێکی ئایینی و کەتیبەی سەربازی لە نێو ڕێکخراوەکەداچالاکیەکانی خۆی پەرە پێدەدات.دوو کەتیبە بە گشتی کاریگەریەکی زۆریان لە سەر ڕێکخستنەکانینێو ئێراندا هەبوو یەکەمیان کەتیبەی "فەتح" بە ڕێبەرایەتی  "هێمن بانی شارانی" بوو کە دەسەڵاتێکی زۆری هەبوو بەتایبەتی کە لە بواری سەربازی هێزێکی زۆر لە ژێر فەرمانی ئەو لە دژی لایەنەکانی بەرانبەری لە نێو خاکی عێراق و باشووری کوردستان چالاکیان ئەنجام ئەداو لەبەرئەوه‌ی توانای پەروەردەیکردنی سەربازیان هەبوو بەڕێژەیەکی زۆر توانی کاریگەریەکی لەسەر ئیسلامیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت.

دووهەم کەتیبەی "الاقصا‌و" کە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و عەرەبەکان تێدا بەشدار بوون توانی لە ڕێگای ناردنەوەی ئەو ئەندامەکانی بۆ ناوخۆی ئێران کاریگەریەکی زۆر لە سەر ئیسلامیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت و بانگەشەی فیکری جیهادیلە شارەکاندا پەرە پێبدات.

سەلەفیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دوای ڕووخانی ئیمارەتی ئیسلامی ئەفغانستان وەکوو هیوایەکی نوێ سەیری  "انصارالاسلام" و ئیمارەتی بیارەیان دەکرد.بۆیە پەیوەندیەکی پتەویان لەگەڵ ئەو ئیمارەتەبۆنیاد نا و ئەو کاتە دوو گروپ لە سەلەفیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یارمەتی "انصاروالسلام"یان ئەدا؛ گرووپی یەکەم پێکهاتبوون لەئەوکەسانەی کە پێشتر لەڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوی جیهاد بەشداری شەڕی ئەفغانستانیان کردبوو و دواتر گەڕابوونەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

گرووپی دووهەم ئەندامانی ڕیکخراوێک بەناو "حەرەکەتی ئیسلامی"لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە لەو کاتەدا تەنیا ڕێکخراوی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو کە بە بێ ئەوەی کە لەگەڵ "انصارالاسلام" بەیعەت بکات لە خولی ڕاهێنانی سەربازی کەتیبەی "فەتح" بەشداریان دەکرد و پاشان وەکوو باڵێکی سەربازی لە سەربازگەیەک بەناوی "سەید سەلام" لە باشووری کوردستان نیشتەجێ کران و چالاکی چەکداریان ئەنجام ئەدا.

بەشداری سەلەفیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو شەڕانە نەک تەنانەت سەلەفیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری شەڕی پارتیزانیەوەبەئەزموون کرد بەڵکوو توانی لە ڕووی سیاسیشەوە پەیوندیەکی پتەو لە نێوان ئەوان و ڕێبەرەکانی دیکەی گرووپە ئیسلامیە گەورەکانی جیهان درووست بکات ولە کۆتاییدا بووە هۆی گەشەیەکی بێ وێنەی باوەری سەلەفیەت لە ئێران.

سەلەفیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێجگە لە بەشداری لە شەڕی چەکداری، لە ڕووی خۆراک ،پۆشاک و دەرمانیشەوە یارمەتی ئیمارەتی ئیسلامی بیارەیان ئەدا و تەنانەت لە ڕێکخستن و یارمەتی پەنابەرە جیهادیەکان کە "عەرەب-ئەفغان" بوون ڕۆڵێکی کاریگەریان هەبوو. بەهۆی هێرشی ئەمریکیەکان لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیەوە ئیمارەتی بیارە بەتەواوەتی لە ناو چوو و سەردەمی کۆچی ئەندامانی ئەو ئیمارەتە دەستیپێکرد.

لە ئاکامی هێرشی ئەمریکیەکان ئەندامانی ئیمارەتی بیارە لە پانتاییەکی ٩ کیلۆمەتری کە تەنیا ڕیگای دەربازبوونیانپەنا بردن بۆ نێو خاکی ئێران بوو، گیریان خواردبوو. بۆیە هیچ ڕێگایەکی دیکەیان بێجگە لە پاشەکشە بۆ شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەما و بەناچاری پەنایان بۆ نێو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان برد.

ئەندامە جیهادیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،ئەندامەکانی دیکەیان لە شوێنی تایبەت حەشار ئەدا و هەوڵیان ئەدا ژیانێکی ئاسودەیان بۆ دابین کەن هەتا بتوانن لە نێو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست بە چالاکی بکەنەوە. "ئەبوعەبدۆڵا شافعی" یەکێک لەو کەسانە بوو کە بۆ ئێرانکۆچی کرد.

شکست هێنانی ئیمارەتی ئیسلامی بیارەو کۆچی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە بۆ نێو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کاریگەریەکی زۆری لە سەر گرووپە پەرتەوازەکانی نێو ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا و لە ئاکام دا چەندین گرووپی نوێ لە ژێر ناوی جۆراوجۆرەوە سەریان هەڵدا ودووبارە دەستیان بە چالاکی کردەوە.

یەکێک لەو ڕێکخراوانە کە کاریگەریەکی زۆر بەرچاوی هەبوو"کەتیبەیالقاعدە" بە ڕێبەری"هێمن بانی شاری" خەڵکی باشووری کوردستان بوو کە لە دوای جیا بوونەوە لە "انصارالاسلام" و تێکەڵبوون لەگەڵ "سپای دووهەمی سۆران"دامەزراندنی ڕێکخراوی "تەوحید و جیهادیان" ڕاگەیاند."کەتیبەی القاعدە" بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ "القاعدەی عێراق" پەیوەندی هەبوو و تەنانەت لە دامەزراندنی"مەجلسی شۆرای موجاهدین" بەشداریەکی کاریگەر و بەرچاویان هەبوو ئەم ڕێکخراوە نوێیەبووە هۆی درووست کردنی ناوەندێک بۆ کۆ کردنەوەیڕەوتە ئیسلامیەکان.دوای کوژرانی "هێمن بانی شاری"، "ئەبو ئەسما" دەبێت بەئەمیری "کەتیبە ی القاعدە" کە بە دانانی کەمپی ڕاهێنانی سەربازی-ئایدۆلۆژیی لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشان لەگەڵ باشووری کوردستان، زۆربەی لاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو کەمپانە لە بواری بیرو باوەڕ و کار و باری سەربازیەوە بۆ خزمەت کردن بەڕەوتی جیهادی ئامادە بکات.

ئەوان بە ئەنجام دانی چالاکی خۆ تەقاندنەوە لە نێو شارەکانی باشووری کوردستان و بڵاو کردنەوەی ویدیۆی شەڕەکان و سەر بڕینی نەیارەکانیان توانیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو گەشە بکەن و ئەندامانیان ڕوو لە زیاد بوون بکات و هاوکاتترس و دڵەڕاوکەیەکی زۆر لە نێو خەڵکی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانبڵاو بکەنەوە.  ڕیبەرایەتیڕێکخراوی"کەتیبەیالقاعدە" هەر چەند بە دەست کوردانی باشووری کوردستان بوو، بەڵام بەڕێژەیەکی بەرچاو ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە لەکوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهاتبوون.

دواتر ئەندامانی ڕۆژهەڵاتی "کەتیبەی القاعدە"  کە ڕاهێنانیان پێکرابوو گەڕانەوە بۆنێو شارەکانی ڕۆژهەڵات‌و بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکی لەشارەکاندا بڵاوبوونەوەو دەستیانکرد بەبانگەشەی بۆ ئەو باوەڕەی کە لەکەمپەکانی سنووری نێوان عێراق‌و ئێران فێرکرابوون، لەدوای چەند ساڵێک زۆربەی ئەو ئەندامانە بوون بەڕێبەرەکانی داهاتووی ڕەوتە جیهادیەکان لەئێران‌و لەوڵاتە ئیسلامیەکانی ناوچەکە.

لەدوای ڕێکخراوی "کەتیبەی القاعدە"و جیابوون لە "انصارالاسلام"ڕێکخراوێکی دیکە کە توانی کاریگەریەکی زۆری لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت "انصارالسنە" بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینیەوە لە دوای هێرشی سپای ئەمریکا و ڕووخاندنی "ئیمارەتی بیارە" ناوی خۆیان لە ڕێکخراوەیی "انصارالاسلام"بۆ "انصارالسنە" گۆڕێ.

ئەو ڕێکخراوە لەدوای دوو دەیە چالاکی بەدەست کەسێک بەناوی"عبدوالقادری موەحیدی" نوێکرایەوەو توانی جیهادیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەژێر ناوی "جەریانی ئیسلامی کوردستانی ئێران" چالاکیان دەکرد بەدەوری خۆی کۆبکاتەوە.

لەدوای ئەم نوێبوونەوە دەستیانکرد بەدامەزراندنی باڵی"انصارالسنە" لەئێران کە دوایی لەساڵی ٢٠٠٧ی زایینیەوە دووبارە ناوی ئەو ڕیکخراوەیان بۆ"انصارالاسلام" گۆڕی. باڵی ڕۆژهەڵاتی "انصارالاسلام" لە سەرەتادا وەکوو ڕێکخراوێککە تەنیا لە شارە کوردنشینەکان چالاکیدەکرد دەستی بە چالاکیەکانی کرد.بەڵام دواتر وردە وردە لە نێو سونیەکانی شارەکانی دیکەی ئێران لایەنگرێکی زۆریان کۆکردەوەو بەخێرایی گەشەیان کرد.

ئەم ڕێکخراوە بە پێچەوانەی ڕێکخراوەکانی دیکەی"کەتیبەیالقاعدە" زۆربەی ئەندامانی ڕێبەرایەتی خۆی لە نێو کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردبوو و سەرەنجی خۆی خستە بووە سەر بە ئەندام گرتنی کەسانێکی خوێنەوار، خاوەن بڕوانامە،دەسەڵاتدار و دەست ڕۆیشتوو کە لەلایەن خەڵکەوە بە کەسانی خاوەن کەسایەتی دەناسران و خۆشەویست بوون. جێگای ئاماژەیە لەدوای مردنی "فوئاد قادر کەرمی" کە خەڵکی باشووری کوردستان بوو هەموو ئەمیرەکانی دیکەی "انصارالاسلام" خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

دەتوانین بەدەیان ڕێکخراوی جیهادی لەئێران ناوببەین کە کاریگەریی‌و ڕۆڵێکی زۆریان لەگەشەی بیری سەلەفیەتبووە، بەڵام باسکردنی هەموویان لەتاقەتی ئەم بابەتەبە دوورە. بەگشتی تەواوی ئەو ڕێکخراوانەی کە دواتر دروستدەبن لەژێر کاریگەی یان لەئەنجامی جیابوونەوە لەڕێکخراوەکانی پێشووتری خۆیان دامەزراون‌و لەبەرئەو هۆکارە ناوی تەواوی ئەو ڕێکخراوانە لەم بابەتەدا نەبراوە، بەڵام کاریگەرترینەکانیان کە توانیان ڕۆڵێکی بێوێنە بگێڕن باسیان لێکراوەو وەکوو ڕیشەی فیکریی‌و پەروەردەیی سەربازی ڕێکخراوە جیهادیەکانی دوای خۆیان دەناسرێنەوە.

یەکێک لەو ڕێکخراوانە کە لە دەیەی ڕابردوو بە زەقی چالاکیەکانیان دەبینرێت دوو ڕەوتی  سەرەکین؛ یەکێكیان ئەو کوردانەی ڕۆژهەڵاتن کە لەگەڵ "داعش" بەیعەتیان کرد. ئەم دەستەیە زۆربەیان لە نێو کەتیبەی"القاعدە" و "جبهەالنصرە"ڕاهێنانیان پێکرابوو و لە شەڕەکانی ئەفغانستان، عێراق و پاکستان بەشداریان کردبوو کە لە دوای گەڕانەوە بۆ نێو خاکی ئێران دەستیان کرد بە چالاکی نهێنی، یەکێک لەو کەسایەتیانە کە دەتوانم ناوی بێنم ولە لای زۆربەی ئیسلامیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە کەسێک بە ناوی "محەمەد ئەمینی مەهابادیە" کە لە پاکستان و ئەفغانستان ڕاهێنانی پێکرابوو و لە زۆربەی شەڕەکان بەشداریەکی چالاکی هەبوو.

"محەمەد مەهابادی" توانی ڕیکخستنی داعش لە نیو ئێران بە ڕیژەیەکی بەرچاو گەورە بکاتەوە. یەکێکی تر لەو کەسانەی کە لە کاتی باس کردنی چالاکیەکانی داعش لە نێو ئێران ناوی دەهێنرێت "ئیسماعیل محەمەدە" کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە ڕێکخستنەکانی نێو ئێران و هەروەها ڕێبەری بەشیک لە هێزەکانی داعش لە ناوچەی "حەویجە"یعێراق بووە و تەنانەت دەوترێت ڕووداوەکانی مانگی جۆزەردانی٢٠١٨یزایینی پارلەمانی تاران لە لایەن ئەو پیلانی بۆ داڕێژراوە و ڕیبەری کراوە.

وەک پێشتر باسمان کرد "کەتیبەیالقاعدە" لە ڕێکخراوی"انصارالاسلام" جیابوویەوە و لە گەڵ"سپای دووهەمی سۆران"دامەزراندنی ڕێکخراوێک بە ناوی"تەوحید و جیهاد"یان ڕاگەیاند. "تەوحید و جیهاد" لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینیەوە توانی چالاکیەکانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەرە پێ بدات وەک نموونە ١٤ ڕۆژ بەر لە سەفەری "خامنەیی" بۆ شاری سنە٢٧ ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە هێرشیان کردە سەر دوو بنکەی هێزی"ئینتزامی" ئەو شارە و کونتڕۆلیان کرد.هەرچەندە لە دوای ساڵی  ٢٠١١ی زایینیەوە ٦ کەس لە سەرکردەکانی "تەوحید و جیهاد"لە سێدارە دران و سەرکردایەتی ئەم ڕەوتە بە تەواوەتی لە ناو چوو بەڵام لە ماوەی چالاکی خۆی دا توانی کاریگەریەکی زۆر لە سەر جیهادیەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دابنێت، بە جۆرێک کە هەر ئێستاش زۆربەی زۆری ڕەوتەجیهادیە چالاکەکانیڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆیان بە پەیڕەوی بەرنامە و شێوەکاری خەباتی ئەوان دەزانن.

شایانی باسە چالاکیەکانی ئەو ڕێکخراوە لە دەیەی ڕابردوو نە تەنیا کەم ڕەنگ نەبووەتەوە بەڵکوو تەنانەت بە زەق تریش دەبینرێت، وەک نموونەیەکدەتوانم سووڕانەوەی چەند ئۆتۆمۆبێلێک لە نێو شاری جوانڕۆ ناو ببەم کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیەوە بە ئالای ڕەش و شکاندنی شوشەی دوکانی کاسبکاران و هێرش کردنە سەر خەڵک بەقەمە و شەمشیڕ، ترس و دڵەڕاوکێیان لە نێو خەڵکی ئەو شارە بڵاوکربوویەوە و دوایین چالاکیشیان هەڕەشەی لە ناو بردن و کوشتنی خەڵکی گوندی "دارسەیرانی" مەریوان ناو ببەم.

لە ئێستا دا ڕەوتی سەلەفیەت لە ئێران بە سەر دوو بەرە دابەش بووە، یەکەمیان لە ئێستادا  بڕوای بە بانگەشەی فیکری هەیە و خۆی لە توندوتیژی بە دوور دەگرێت، ڕەوتی دووهەم بە سەلەفی جیهادی دەناسرێن و بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان بڕوایان بە شەڕ و جیهاد هەیە.هەر دوو ڕەوتەکە لەئێستادا لە ژێر ناوی چەندین گرووپ چالاکی دەکەن.ئەو گروپانەی کە بە سەلەفی "تەبلیغی" دەناسرێن و لە نێو شارەکانی ڕۆژهەڵات دا چالاکیەکی بەربڵاویان هەیە چوار مەکتەبی سەرەکین بە ناوەکانی ، ١(جەماعەتی تەبلیغ)، ٢(مەکتەبی قورئان)، ٣(دەعوەت و ئیسڵاح)، ٤(شەورای شەمس).ڕەوتە سەلەفیە جیهادیەکانیش لە ژێر ناوی یازدە گرووپ لە سەرانسەری ئێران بڵاو بوونەوەتە و خەرێک چالاکی نهێنین، لە بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، ١(انصارالاسلام)، ٢(تەوحید و جیهاد)، ٣(انصاروالسنە)، ٤(ابنا‌و سەڵاحەدین).لەبەشی باشووری ڕۆژئاوای ئێران ١(حەرەکەتی فەزڵ).لە بەشی باشووری ئێرانیش ١( گرووپی دیوبەندی)، ٢(گرووپی فورقان)، ٣(حەرەکەی ئەنسار)، ٤(جەیشی ئەلنەسر)، ٥(جونداللە)، ٦(جەیشوالعەدڵ).

 بە گشتی لە ئێستادا ڕەوتە سەلەفیەکان لە زۆربەی شارە کوردنشینەکاندا چالاکیەکی بەربڵاویان نییە بەڵام هەرچەند مانگ جارێک بە بڵاو کردنەوەی ترس و ئەنجام دانی چالاکی لە نێو شارە کوردنشینەکان خۆیان ڕێکخراوە و بە هێز نیشان دەدەن. بە پێی ئامارو داتاکان لە پارێزگاکانی مەریوان، جوانڕۆ و سنە لە نێوان ١٤ بۆ ١٦ هەزاریسونەکان لەگەڵ ڕەوتە سەلەفیەکان پەیوەندی ڕاستەخۆ یان ناڕاستەخۆیان هەیە و پەیڕەوی بیری مەکتەبی سەلەفین، هەروەها بە شێوەی ئاشکرا و نهێنی و لە ژێر ناوی جۆراوجۆرە لە مێنبەری مزگەوتەکان هەتا تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و کەناڵە سەتەلایتیەکان بانگەشەی باوەڕە فیکریەکانیان دەکەن و ڕێکخستنیان لە نێو خوێندکارانو زانکۆکان داهەیە.

لە کۆتاییدا بۆ هۆکاری سەرهەڵدان و گەشەی رەوتە ئیسلامیەکان و بە تایبەت سەلەفیەکان لەم ساڵانەی دواییدا پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی گرینگ بکەین، بەڵام شیکردنەوەی زیاتری بۆ کاتی دیکە و خۆێنەر دادەنێن.

یەکەم: ئیستیبدادی سیاسی یان دیکتاتۆری دەسەڵات . ئەم شێوازە لە دەسەڵات بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست رێگا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە داپڵۆسینی دەسەڵاتی سەرەرۆ و دیکتاتۆری دروست دەکات.لە بۆشای هێزی چەپ و سوسیالیستەکان، لە نەبوونی دەرفەت بۆ چالاکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی پێشکەوتنخوازانە، ڕەوتە کۆنەپەرەستە ئیسلامیەکان بە تایبەت سەلەفیەکان، لە نێو خەڵکی دیندار و بە تایبەتی گەنجان، جێگاو پێگە پیدا دەکەن.
 
دووهەم : چەوسانەوەی بێ بەزەییانە و هەژاری و نەداری کە جەماوەری ناڕازی بەرەو ئەو لایەنانە پاڵ پێوە دەنێت کە بەڵێنی گۆڕینی ژیان و ئیمکاناتی ماڵییان پێ ئەدەن هەر وەک "ئێخوانیەکان" کە سەلەفیەکانیش لەوان لە دایک دەبن، یان بەڵێنی ئەو دونیا و بەهەشتی خیالی دەدەن کە لە دونیای ئەمرۆ و واقعیدا لێی بێبەشن. سەرچاوی دارایی سەلەفیگەری و بونیادگرایی ئیسلامی چ سونە و چ شێعە، کە دەوڵەتانی دەوڵەمەند و سەرکوتگەری ناوچەکە، لە سەر دۆلاری نەوتی خەوتوون، دەبێ لەبەر چاو بگرین کە هاوکات شەری دژ بە یەک و بەرژەوەندی جیاوازی ئەو دەوڵەتانە، بەو گروپانە دەکەن.

گەشەکردنی ڕەوتی سوسیالیستی و سکۆلار یەکێک لەو هۆکارانەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی کەم کردنەوەی پێگەی کۆمەڵایەتی و پەرەسەندنی چالاکی ئەو گرووپانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.