شارپرێس:
له دوای هه‌ره‌سهێنانی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام له ساڵی
2003 و ده‌ستتێوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌مریكا،
عێراق ڕووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵێك ته‌نگژه‌ی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌منی
بۆوه كه چه‌نده‌ها ساڵ وڵاتییان گێڕایه‌وه دواوه، پێش ئه‌و ڕووداوه عێراق له
زۆر بواردا له پێش ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه‌وه بووه.
چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وپێش عێراق یادی سه‌د ساڵه‌ی دامه‌زراندنی
خۆی كرده‌وه كه سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر بوو، سه‌رۆك كۆماری عێراق دكتۆر به‌رهه‌م
ساڵح پێی وایه "گه‌وره‌ترین په‌ند و ئامۆژگاری كه ده‌بێت له ئه‌زموونی سه‌دساڵه‌ی
ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه وه‌ریگرین ئه‌وه‌یه كه عێراق پێویستی زۆری به بنیاتنانی
حوكمڕانییه‌كی باش هه‌یه، چونكه سه‌ره‌ڕای ده‌وڵه‌مه‌ندی عێراق به ده‌رامه‌ته
سرووشتی و مرۆییه‌كان و پێگه جوگرافییه گرنگه‌كه‌ی له ناوچه‌كه‌دا، كه‌چی هێشتا
نه‌یتوانیووه ئاشتی و ئارامییه‌كی سه‌قامگیر و خۆشگوزه‌رانی بۆ هاوڵاتییه‌كانی
دابین بكات".
به‌ره‌و گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه كه
بتوانێت ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سته‌به‌ر بكات
به‌م ناونیشانه‌ی سه‌ره‌وه، سه‌رۆك كۆماری عێراق وتارێكی
له ڕۆژنامه‌ی سه‌باح- ی نیمچه فه‌رمی نووسیووه و تیایدا هاتووه:
"زۆر به
پێویستی ده‌زانین به‌ره‌و بنیاتنانی په‌یمانێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه هه‌نگاو
بنێین كه بتوانێت ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ عێراقییه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات و پایه‌كانی
حوكمڕانییه‌كی باش پته‌وتر بكات به‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی بابه‌تی به هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی ڕابردووماندا
بكه‌ین".
سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه كه "ئه‌نجامدانی
ئه‌ركێكی له‌م جۆره بۆ خۆخافڵاندن و كاتبه‌سه‌ربردن نییه، به‌ڵكو پێویستییه‌كی
حه‌تمییه، ده‌بێت ڕای گشتی نیشتمانی پشكداری تێدا بكات و به چالاكییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی
ده‌وڵه‌مه‌ندتری بكات".
سه‌رۆك كۆمار
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "به‌رپرسیاریه‌تی مێژوویی و نیشتمانی و دۆخی هه‌ستیاری
ئێستای وڵات واده‌خوازێت زۆر به جدی كار له‌سه‌ر كۆتاییهێنان به ته‌نگژه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی
عێراق بكه‌ین، چونكه له ئێستادا شیعه و كورد و سونه و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی
عێراقیش به‌م دۆخه‌ی ئێستای وڵات ڕازی نین و پێیان وایه ناكرێت چی دیكه به‌رده‌وام
بێت".
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عێراق
باس له گرفته‌كانی نێوان كورد و به‌غدا ده‌كات و ده‌ڵێت:
"ئه‌م
گرفته هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه تاوه‌كو ئێستا به‌رده‌وامه
و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، بۆیه پێویسته گفتوگۆیه‌كی جدی له‌باره‌وه بكرێت و چاره‌سه‌رێكی
بنه‌بڕی بۆ بدۆزرێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك بتوانێت شه‌راكه‌تێكی ڕاسته‌قینه له نێوان
هه‌ردوولا بێته ئاراوه كه له خزمه‌تی سه‌رجه‌م عێراقییه‌كاندا بێت هه‌ر له به‌سڕه‌وه
تا ده‌گاته به‌غدا و نه‌جه‌ف و ئه‌نبار و موسڵ و هه‌ولێر و سلێمانی له هه‌رێمی
كوردستان".
هه‌ر له میانه‌ی وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك كۆماری عێراق ده‌ڵێت:
"گه‌وره‌ترین
به‌ربه‌ستی به‌رده‌م بنیاتنانی حوكمڕانییه‌كی باش ئه‌و كه‌موكورتییه بونیادگه‌راییه‌یه
كه له ساڵی 2003 وه تووشی سیسته‌می حوكمڕانی عێراق بووه كه له ئاست چاوه‌ڕوانی
و هیوا و ئاواتی عێراقییه‌كاندا نییه و پێویستی به چاكسازییه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی
ڕیشه‌یی هه‌یه. ئه‌وه‌ی له ساڵی 2003 وه به‌ده‌ستهاتووه به كه‌می نازانین،
چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا شه‌ش حكومه‌ت و پێنج ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به گوێڕه‌ی میكانیزمێكی
ده‌ستوری و ئاشتییانه پێكهاتوون.
هه‌ر له میانه‌ی وتاره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی
به‌وه كردووه كه:
"بنیاتنانی پایه‌كانی حوكمڕانییه‌كی باش به‌وه ده‌ستپێده‌كات
كه دووباره گه‌لی عێراق متمانه به سیسته‌می سیاسی وڵات هه‌بێت، چی دیكه ده‌ستدرێژی
نه‌كرێته‌سه‌ر سه‌وه‌ری و شكۆداری ده‌وڵه‌ت و لاواز و بنكۆل نه‌كرێت".
هه‌ر له‌و
چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك كۆمار نووسیوویه‌تی:
"هێنده نابێت وه‌ك وڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ داواكاری
شه‌قام و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی كۆده‌نگی نیشتمانی و ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌كی ڕاسته‌قینه،
پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌مان ئه‌نجام داوه، چاوه‌ڕێین ڕێوشوێنه یاساییه‌كانی
هه‌ڵبژاردن ته‌واو بكرێن و حكومه‌تێكی تازه پێكبێنین و لایه‌نه‌كانیش به گوێره‌ی
ئیستحقاقی ده‌ستوری خۆیان پشكداری تێدا بكات".
باوه‌ڕبوونی ته‌واو به پێویستی بنیاتنانی گرێبه‌ستێكی
سیاسی تازه
ئایا عێراق پێویستی به دامه‌زراندنی گریبه‌ستێكی سیاسی
و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه هه‌یه بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و سه‌قامگیرییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی؟
نه‌بیل جه‌بار ئه‌لعه‌لی توێژه‌ری سیاسی له‌وباره‌وه ده‌ڵێت:
" زۆرێك له
شڕۆڤه‌كار و ته‌نانه‌ت سیاسییه‌كانیش باوه‌ڕی ته‌واویان به‌وه هه‌یه كه زۆر
پێویسته عێراقییه‌كان گریبه‌ستێكی سیاسی تازه بنیات بنێن و بیكه‌نه جێگره‌وه‌ی
ده‌ستوری عێراقی ساڵی 2005، ئه‌و گرێبه‌سته تازه‌ش شێوازه‌كانی ئه‌و حوكمڕانییه
له‌خۆ بگرێت كه ده‌توانێت كونوكه‌له‌به‌ر و خراپییه‌كانی سیسته‌می دیموكراسی
ئێستای وڵات چاره‌سه‌ر بكات و كۆتاییش به به‌شبه‌شێنه و سازان و سازانكاری بێنێت
و له ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كانی گه‌لدا بێت له باشتركردنی ئاستی كاری ده‌زگا
حكومییه‌كان و دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت، به جۆرێك بتوانێت چاره‌سه‌ری گرفته‌كان
بكات و ئاستی په‌ره‌پێدانی وڵاتیش به‌ره‌و هه‌ڵكشان به‌رێت".
توێژه‌ری ناوبراو به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:
"ڕووداوه سیاسییه‌كانی ئه‌م دوو ساڵه‌ی پێشووی
عێراق و لێكه‌وته‌كانی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنن كه ئه‌م
ده‌ستوره‌ی ئێستای عێراق زۆر زه‌حمه‌ته بتوانێت دۆخێكی سیاسی ته‌ندروست و باش ده‌سته‌به‌ر
بكات كه له بری سازان و سازانكاری نێوان پێكهاته‌كان پشت به كێبڕكێیه‌كی سیاسی
ڕاستوڕه‌وان ببه‌ستێت، له‌مه‌شه‌وه گریبه‌سته سیاسییه‌كه‌ی ئێستای عێراق ده‌سته‌وه‌ستانه
له‌وه‌ی گۆڕانكاری له شێوه‌كانی حوكمڕانی له پڕۆسه‌ی سیاسی‌دا بكات كه له خزمه‌ت
گه‌ل و نیشتماندا بێت، ئه‌م گرێبه‌سته‌ی ئێستا ناتوانێت هه‌مواركردنه‌وه‌ی جه‌وهه‌ری
یان گریبه‌ستێكی كۆمه‌ڵایه‌تی تازه و ده‌ستورێكی تازه بێنێته‌كایه‌وه كه
وڵامده‌ره‌وه‌ی پێداویستییه حه‌تمییه‌كانی ئاینده‌ی نزیكی گه‌لی عێراق بێت.
دۆخی ئێستای عێراق له ساڵی 2003 باشتره
عه‌لی ئه‌لبیده‌ر- ی توێژه‌ری سیاسی له‌و باره‌وه ده‌ڵێت:
"گومان له‌وه‌دا
نییه كه هه‌لومه‌رجی ئێستای عێراق له هی ساڵی 2003 باشتره، ئه‌و كات دۆخی وڵات
لێوان‌لێو بوو له پاشاگه‌ردانی، سه‌ره‌تای داگیركردنی عێراق بوو له لایه‌ن ئه‌مریكاوه، ئه‌و كات كۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی
عێراقی توانیان گریبه‌ستێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تازه بۆ عێراق ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن،
به‌ڵام له‌م كاره‌دا كۆمه‌ڵه‌ی ناوبراو پرسی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی وڵاتی له‌به‌رچاو
نه‌گرتبوو، بۆیه ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه‌ی ئێستا كه داوای بنیاتنانی گرێبه‌ستێكی
سیاسی تازه ده‌كات، له توانای دایه ئاستی ئه‌و بارگرژی و ته‌نگژانه كه‌مكاته‌وه
كه به هۆی ڕه‌فتاری سیاسی قۆناغه‌كانی پێشتره‌وه سه‌ریانهه‌ڵداوه".
ئه‌لبیده‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت:
"شه‌قامی
عێراقی خۆبه‌خۆ ته‌باو ڕه‌بان، به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی هه‌ن كه له پێناو
ده‌ستكه‌وتی سیاسی تایبه‌تدا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن فره‌یی پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق
بقۆزنه‌وه، ئامانجیشیان خوڵقاندنێكی دۆخێكی دیاریكراوه بۆ گه‌یشتن به مه‌رام و به‌رژه‌وه‌ندییه
تایبه‌ته‌كانی خۆیان".
ئه‌لبیده‌ر ئاماژه
به‌وه‌ش ده‌كات كه:
"پێویستی زۆرمان به داڕشتنی یاسای تازه‌یه كه
بتوانن پارێزگاری له ڕایه‌ڵه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی گه‌لی عێراق بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر
نه‌مانتوانی ئه‌و یاسا تازانه داڕێژین، هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یڵێین و به
تیۆری بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، ته‌نها و ته‌نها ده‌بنه بیرۆكه‌ی نێو كۆنگره و
مقۆمقۆ و مشتومڕی دیدار و چاوپێكه‌وتنه لاوه‌كییه‌كان".
توێژه‌ری ناوبراو به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت: "
زۆر كه‌مینه‌ی ئیتنیكی و نه‌ژادی له عێراقدا هه‌ن كه به هۆی دۆخی ناهه‌مواری
وڵاته‌وه زه‌ره‌ر و زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه، بۆیه ده‌بێت له قۆناغی ئاینده‌دا
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌م پرسه له‌به‌رچاو بگیرێت و له پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ندێك
زێده‌مافیان (ئیمتیاز) پێ ببه‌خشێت، تاوه‌كو هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه ئه‌وانیش به‌شێكن
له‌م ده‌وڵه‌ته و چی دیكه وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك ته‌ماشا ناكرێن و سته‌میان لێ
ناكرێت".
عه‌لی بیده‌ر له‌و باوه‌ڕه دایه كه:
" پێویسته سنوری جوگرافی نێوان پێكهاته‌كان له
لایه‌ن حكومه‌تی فیدڕاڵییه‌وه ئیداره بدرێت و سوپاس عێراقیش بیپارێزێت، تاوه‌كو
هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌توانێت ده‌ستدرێژییان بكاته‌سه‌ر".
پێگه‌ی ئه‌له‌كترۆنی: ئیندیپێندێنت عه‌ره‌بییه
نوسینی: جه‌بار زێدان
وه‌رگێڕانی: لوقمان حاجی قادر