شارپرێس:
ڕۆژنامەی"شارلۆت ئۆبزێرڤەر"ی ئهمریكی لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەدیاردەی کۆچکردنی گەنجانی کورد بەرەو ئەوروپا ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی گەندەڵی پارتە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە وایکردوە بێکارییو نەبونی دەرفەتی کار تەنگی بەخوێدکارو مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان هەڵبچنێت، ئەمەش ناچایان بکات بەمەبەستی بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر ڕوو لەئەوروپا بکەن.
لەڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامە ئهمریكییەکەدا هاتوە، "تارمایی بێکاریی تەنگی بەخوێندکارو مامۆستایانی زانکۆکانی هەرێم هەڵچنیوە، ئەمەش وایکردوە بەشێکی زۆریان واز لەخوێندنەکەیان بهێننو ڕوو لەئەوروپا بکەن".
هەروەک لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، "لەگەڵ ئەوەی داتایەکی وردو پشتڕاستکراوە لەبەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەگەنجانی کورد لەعێراق کۆچیانکردوەو پێیانوایە، وڵاتەکەیان هیچ ئومێدێکی تێدا نەماوە، لەکاتێکدا ئەو خوێندکارانەی لەبەر هەر پاڵنەرێک هێشتا کۆچیان نەکردوە پێیانوایە چیتر خوێندن ڕێگایەک نییە بۆ بەدەستهێنانی کارو پیشەیەک".
ئەوەشهاتوە، لەهەرێمی کوردستان دەبێت ساڵانە 43 بۆ 54 هەزار دەرفەتی کاری نوێ بڕەخسێنێت بۆئەوەی ئەو گەنجە تازانە لەخۆبگرێت کە ساڵانە دێنە ناو هێزی کارەوە، لەکاتێکدا بەگوێرەی مەزەندەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان لەسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ کەلێنی نێوان گەشەی ئابورییو ژمارەی دەستی کار زیاتر دەبێت، هەربۆیە بەشێوەیەکی بەردەوام ڕێژەی بێکاریی لەناو هاوڵاتیانی هەرێم کە تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 29 ساڵیدایە ڕوو لەهەڵکشان کردوەو لەنێوان پیاوان لە24%و لەناو ژنانیشدا لە69%یە.
شارلۆت ئۆبزێرڤەر دەڵێت:"ژمارەیەک لەگەنجان بەتایبەت ئەوانەی بەشدارییان لەخۆپیشاندانو ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییە دژ بەسیستەمی پارتە گەندەڵەکانی هەرێمی کوردستاندا کردوە وتویانە دامەزراوە حکومەییەکان لەسەر بنەمای لایەنداری حزبیی بەڕێوەدەبرێنو سەرکردە سیاسییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگهی دامەزراندنو پارەدارکردنیانەوە کۆنترۆڵیانکردوە".
ڕۆژنامەکە دەڵێت:"تەنانەت ناو هۆڵەکانی وانە خوێندنی زانکۆکان پڕکراون لەوێنەی سەرکردە کوردەکانو مامۆستایانیش توانای بەرگەگرتنی گوشاری بەرپرسە حزبییەکانیان نییە، وەک ئەوەی یەکێک لەمامۆستاکان باسی لەوەکردوە کە زۆرجار لەسەرەوە تەلەفۆنی بۆ دەکرێتو داوای لێدەکرێت نمرەی بەرز بەکوڕو کچی بەرپرسە باڵادەستەکان بدەن".
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هێشتا حکومەتی هەرێم گەورەترین خاوەنکارە لەناوچەکەداو ئەو هاوڵاتییە کوردانەی لەدەرەوەی بازنەی حزبە دەسەڵاتدارەکاندان هیچ کارێکیان دەستناکەوێت، یان کاتێکیش دوای چەند ساڵێک دادەمەزرێن موچەکانیان دوادەخرێت یان کەمدەکرێتەوە، وەک ئەوەی یەکێک لەمامۆستاکان ئاماژەی بەوەکردوە، خوێندکارەکانی پرسیاری ئەوەی لێدەکەن کە ئایا ئامانج لەخوێندن چییە کە ئەگەر لەدوای تەواوکردنی کارێکت دەستنەکەوێت.