دابان محەمەد: وای لێدێت هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت پارە بەس بۆ حكومەت كۆبكەنەوە

کوردستان

29/12/2021‌ 1814 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، حکومەتى هەرێم ڕسوماتێکی دیکە بۆ سەر هاوڵاتیان لەلایەن کۆمپانیایەکەوە زیادی کردوە کە داهاتەکەى هەر بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات.

دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند: پێدانی كۆكردنەوەی داهات بە كۆمپانیا زیانی گەورەی بە داهاتی حكومەت گەیاندووە و لەلایەكی ترەوە زیانی گەورەی بە خەڵك گەیاندووە و پارەی زۆریان بۆ هاتووەتەوە، بۆیە داهات بەمشێوەیە كۆناكرێتەوە، هیچ حكومەتێك نییە لە دنیادا كۆكردنەوەی داهات ڕادەستی كۆمپانیا بكات.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: وەزارەتی شارەوانی 23 ملیار دینار موچەی موچەخۆرەكانییەتی و 30 بۆ 40 هەزار ەرمانبەری هەیە و بەرێوەبەرایەتی ئاو هەشت هەزار فەرمانبەری هەیە، بەڵام كۆكردنەوەی پارەی ئاو دراوە بە كۆمپانیایەك 150 فەرمانبەری هەیە، ئینجا كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك سێ كۆمپانیا ئیشی تێدا دەكات.

ئاماژەى بەوەشکردوە، ماوەیەكی تر وای لێدێت هاوڵاتیانی هەرێم دەبێت 24 كاتژمێر كاربكەن بۆ ئەوەی پارە بۆ ئەم حكومەت كۆبكەنەوە، ئەوكاتە هێشتا هەر قەرزاری ئەم حكومەت دەبن، بۆیە وای لێدێت ئەو پارەی هاوڵاتیان دەستیان دەكەوێت بیدەن بە حكومەت هێشتا قەرزار دەبن.

دابان محەمەد باسی لەوەكرد، ئەو پارە كۆكردنەوەیە نایاساییە و هیچ بنەمایەكی یاسایی نیە و هیچ یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە لە پەرلەمان دەرنەچووە و هیچ دەقێكی یاسایی نییە پشتگیری ئەو پسوڵانە بكات كە بۆ هاوڵاتیان دێتەوە، بۆیە ئاساییە هاوڵاتیان پارە نەدەن.
س.س