بۆچی بۆنی نانی، دەمانباتەوە باوەشی دایک؟

مەلەفی تایبەت

30/12/2021‌ 691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئا: فازیل شەوڕۆ

چ هەستێکی غەریب و چ حەنینێکی پڕ لە سۆز، دڵ و دەروونت دەورووژێنن و سەرمەستت دەکەن، کاتێک لە کوچە و کۆڵانەیەکی شار یان لە بەرماڵانی گوندی، بۆن و بەرامەی نان برژاندنی سەر ساج یان نێو تەندوورت بۆ دێ؟ چ سیحرێکە، ئەو بۆنە خۆشە، کە وەسفکردنی مەحاڵە، یەکسەر دەتباتەوە باوەشی دایکت و دیمەنە کوردەوارییە جوانەکەی نان کردنت دێتەوە بپێشچاو؛ سێر و سێ کوچکە و کەوڵ و خوانە و تیرۆگ و ناوبرێشک و تەشتە هەوێر و ئەنگوتک و ئاردی سپی و جزیلک و چرە دوکەڵی داری تەڕ و تەندوور و... ! چەند خۆش بوو، کە لە مەکتەب، بە جانتا کتێبەوە دەهاتینەوە، پێش ئەوەی لە دەرگای حەوشە بچینە ژووری، بۆنی نانی برژاو و هاڵاوی دوکەڵ و جزە جزی سەلکە بزۆت، مووژدەی ئەستووکە بەڕوون یان ئەستووکی بە جزیلکان یان ئەستووکی بە شەکری، بۆ ژەمی نێوەرۆ پێدەداین. جا خۆ ئەگەر ئە و نان و ئەستووکە، قاپوولە ماستێکی بۆری و بڵباسانیان لەگەڵ بووایا ئەوا هەر باس ناکرێ.

دوو بۆن و بەرامە، زۆر بە قوڵایی دەچنە ناخی مرۆڤ و زۆرجار، خۆشی بێ ئەندازە یان خەمی لە بن نەهاتوومان بۆ دەکەنە دیاری و بیرەوەرییەکانمان زیندوو دەکەنەوە، بۆنی نانی دەستی دایک و بۆنی یەکەم بارانی ساڵ.

زانایەکی ئۆستوراڵی لە ساڵی (١٩٦٤)، نهێنیی بۆنی یەکەم بارانی ئاشکرا کرد بەوەی کە لەسەر زەویدا جۆرە بەکتریایەک هەیە پێدەگوترێ (Geosmin)، جا ئەو بەکتریایە هەرکە دڵۆپە بارانی پێدەکەوێ، خۆی دەتەقێنێتەوە، بۆ پاکردنەوەی زەوی لە هەر شتێکی کە زیان بەخش بێ، واتا زەوییەکە ئامادە دەکات بۆ سەوزبوون، لەگەڵ تەقینەوەی ئەو بەکتریایە بۆنێک دێتە بەر لووتمان، کە ئێمە پێی دەڵێین بۆنی یەکەم بارانی سەرەپاییزان. جگە لەمەش ڕووەکەکان لە وەرزی وشکانیدا، لە نێو درزی بەرد و شاخ و داخدا، جۆرە روونێک بەجێدەهێلن، ئەوانیش لەگەڵ تەڕبوونیان، بۆنێکی تایبەت بە ژینگەدا بڵاو دەکەنەوە.

ئەدی نهێنیی بۆنی نانە برژاوەکە چییە؟
زانکۆیەکی ئایرلەندی بە ناوی University College Dublin (UCD)، کە بە دووەمین پشکەوتووترین زانکۆی ئەو وڵاتە دادەندرێت، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی، لە تاقیگەکانیدا، دەرەبارەی نهێنیی بۆنی نان و کاریگەری ئەو بۆنە لەسەر مرۆڤ، ئەنجامدا. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکەی ئەوان، ئەو نانەی ڕۆژانە دەیخوێن، نزیکەی (٤٥٠) پێکهاتەیە، لە نێویاندا (٢٠) پێکهاتە، ئەو بۆن و بەرامە تایبەتییە دەدەنە نانەکە. خاتوو دکتۆر ئیمیلیا سکانیل، لە پەیمانگای خۆراک و تەندرووستی، دەلی؛"جگە لە ئارد و ئاو و هەویرترش، گۆڕانکارییە کیمیاوییەکان ڕۆڵی سەرەکیان لە درووستی بوونی ئەو بۆنە هەیە، بەتایبەتی لە کاتی برژاندنی یان گەرمکردنەوەی هەویرە هەڵهاتووەکە. گەرمایی، چەندان پێکهاتەی کیمیاوی نانەکە دەگۆڕی و لە ئاکامی ئەو گۆڕانکارییە، ئەو بۆن و بەرامانە لە نانە برژاوەکە هەڵدەستن.
ئەو خاتوو دکتۆرە، بەوەش نەوەستاوە، هەوڵیداوە لە نهێنیی کارکردنی ئەو بۆنە، لەسەر مێشک و دڵ و دەروونی ئێمە شیتەڵکاری و تاقیکردنەوە بکات. بۆ ئەو مەبەستە ڕاپرسییەکی زانستی لەگەڵ سەدان کەس کردووە، ئەو ئاکامەی وەدەست هێناوە کە: (٨٩٪) گوتویانە، بۆنی نانی دڵخۆشیان دەکات و جۆرە ئارامییەکیان پێدەبەخشێ، (٣٪)یش گوتویان، بۆنی نان بیرەوەری و یادگارییەکانیان دەورووژێنی و زۆر شتیان بە بیردەهێنێتەوە. جار هەیە بۆنی نانەکە لەگەڵ بۆن و بەرامەی خواردنی دیکە، کەش و هەوایەکی تایبەت سازدەکەن.
خاتو دکتۆر سکاینل دەڵێ، کاتێک بۆنی نانەکە دەگاتە لووتمان لە ڕێی هەستەوەرەکانی تایبەت بە بۆنکردن، دەگوازترێتەوە بۆ خانە تایبەتمەندەکانی بۆنکردن لە مێشکدا، لەوێش لە ڕێی سەر پیفۆکە هەستیارەکانی ئەو بەشە، بۆنەکە شیدەکرێتەوە یەکسەر دەنێردرێتە دوو بەشی تایبەت بە (سۆز و بیرەوەری) لە مێشکدا. بەمجۆرە بۆنی نانی برژاو لەو خانە تایبەتمەندانەی سۆز و بیرەوەری هەڵدەگیرێن، جا هەر کاتێ، لە هەر شوێنێک جارێکی دی ئەو بۆنە هاتە بەر لووت، بیرەوەرییەکان و سۆز و حەنینەکە زیندوو دەبنەوە و یادەوەرییەکانمان بەبیر دێتەوە ــ ئەمە بۆ بۆنی دیکەش هەروایە، وەک بۆنی گوڵاوێکی تایبەت بە خۆشەویستەکەت.

جا چونکێ لە کاتی نانکردن، ئێمەی کورد، هەمیشە دیمەن و ڕوخساری دایکمان دەبینین، ئەوا بۆنەکە و دیمەنەکە، وەک ئەو خاتوونە لێکدانەوەی بۆ کرد، وادەکات دایکمان وەبیر بێتەوە و غوربەت و حەنین و سۆز و خۆشەوستیمان بۆی دەمەزەرد ببێتەوە.

زۆر لە شاعیران، لە هەموو نەتەوەکاندا، ئاماژەیان بە بۆنی نان و دایک و مەفتەن کردووە، ئەوەتا مەحموود دەروێش دەڵێ:

(بـۆ دایـكم)
تامەزرۆی نانەكەی دایكم و
قاوەكەی دایكم و
دەست بەسەرداهێنانی دایكمم
وا سەردەمی منداڵیم
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەورە دەبێ و
عاشقی عومری خۆم دەبم
چۆنكی گەر مردم
لە سێلآوی فرمێسكە گەرمەكانی دایكم شەرم دەكەم!
ڕۆژێ، گەر گەڕامەوە،
بمكە بە پێچەی سەر برژانگەكانت و
ئێسقانەكانم بە سەوزە گیایەك داپۆشە
لە ئاوی پاكی پاژنەتدا (تەعمید)كرا بێ و
بەندەنیم بە ئەگریجەیەكی قژی خۆتەوە
بە سەرەداوێكی دامێنی كراسەكەتەوە گرێدە،
ئێ بەڵكۆ ببم بە خوداوەندێك...
خۆ گەر هەر دەستم بە ناخی دڵتا ڕابگا
خوداوەندێكم لێدروست دەبێ...
گەر گەڕامەوە بمكە بە سووتەمەنی
بۆ ئاگری تەندوورەكەت،
بمكە بە ڕستی جلك هەڵخستنی سەربانەكەت.
چونكە من بەبێ نوێژی ڕۆژانت
لەسەر پا خۆم ڕاناگرم...
پیروكەنەفت بووم،
ساتوخوا ستێرەكانی كاتی منداڵیم پێببەخشەوە
تا لەگەلأ فەرخە كێشكەكاندا
پێكەوە
ڕێگای گەڕانەوە بگرینە بەر،
بەرەو هێلانەی چاوەڕوانیت!

سەرچاوە: ئینتەرنیت، نووسەر شیعرەکەی مەحموود دەروێشی کردووە بە کوردی.