ساڵی 2021 ساڵی نەهامەتی‌و دەردەسەریەکانی خەڵکی کوردستان

ڕاپۆرت

02/01/2022‌ 536 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ساڵێک پڕ لەڕوداوی ناخۆش‌و مەرگەسات‌و گیانلەدەستدانی بەکۆمەڵ... ڕۆژانێکی پر لەمەرگ‌و هەواڵی دڵتەزێن‌و کارەساتبار...


جیاواز لەهەموو ڕوداوە سیاسیە ناوخۆیی‌و نێو دەوڵەتیەکان، دور لەهەموو کێشەو ململانێ حزبی‌و کەسییەکان، ئەمساڵ بۆ خەڵکی کوردستان ساڵێکی پڕ لەنەهامەتی‌و دەردەسەری‌و مەرگ‌و ڕەشپۆشی بوو، ساڵێکبوو کە هەموان بەئومێدەوە بون ڕۆژێک زوتر تێپەڕێت‌و ئەو ڕوداوە ناخۆشانە کۆتاییان پێبێت.

مەرگ بەهەموو جۆرێک‌و لەهەموو شوێنێک میوانی هاوڵاتیانی کوردبوو، لەنێو شارەکان، سەرشەقام‌و سەنگەرەکانی پێشمەرگە، سەرسنوری وڵاتان‌و کۆڵانە پڕ لەلافاوەکان، لەولاوە لەدەریاو کەناراوەکانی گەیشتن بەوڵاتانی ئەوروپا، هەموو شوێنێک بووە جێگەی کۆتاییهاتنی ژیانی تاکی کوردو مەرگێکی بەکۆمەڵی بۆ خەڵکی هەرێم دەهێنا.

هاوڵاتیانی کورد ساڵێکی تەواو زەحمەتیان بەڕێکرد، چونکە زۆربەی ڕۆژەکانی ساڵ پڕبوون لەڕوداوی نەخوازراوو زۆربەی ڕوداوکانیش پڕ لەئازارو نەهامەتی بون.

کۆچی بەکۆمەڵی هاوڵاتیانی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەوروپاو مانەوەیان لەسەر سنورەکانی وڵاتی بیلاڕوسیا، بوە یەکێک لەتراژیدیترین ڕوداوەکانی ساڵ بۆ هەموو جیهان نەک تەنها بۆ کورد، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی کورد لەسەر سنورەکان گیریانخواردو لەجەنگەڵەکانی نێوان وڵاتانی ئەوروپا یان ڕەقدەبونەوە یان برسێتی تەنگی پێهەڵدەچنین یان سەگەکانی سەرسنور پەلاماری دەدان، تا وایلێهات بەهەزارەها هاوڵاتی کورد ناچار بەگەڕانەوە بۆ خاکی نیشتمان بون.

دیمەنی منداڵانی بچوک‌و ژن‌و پیاوانی کورد کە لەژیانێکی ئەوپەڕی سەختیدابون لەسەر سنورەکان، هەموو سنورەکانی بڕیو بوە ڕوداوێکی گەورەی مرۆیی کە مەحاڵە بەسانایی لەهزری تاکیی کوردا بسڕێتەوە.

لەلایەکی ترەوە نوقمبون‌و ژێر ئاو کەوتنی یەختەکانی کۆچبەران لەدەریای ئیجەو کەناراوەکانی وڵاتانی ئەوروپی یەکێکی تر بوو لەو ڕوداوانەی کە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان مەرگەساتێکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، لەماوەی ئەوساڵەدا ناوبەناو یەخت‌و بەلەمەکانی کۆچبەران ژێرئاو دەکەوتن‌و ژمارەیەک کۆچبەری کورد گیانیان لەدەستدەدا، بەڵام لەکۆتا مانگی ساڵدا ئەم حاڵەتە تەواو تەنگی بەکۆچبەران هەڵچنیو لەماوەی تەنها چەند ڕۆژێکدا زیاتر لەچوار یەخت‌و بەلەم ژێر ئاو کەوتن‌و لەئەنجامدا زیاتر لەپەنجا کۆچبەری کورد خنکان‌و گیانیانلەدەستدا، جارێکی تر بەلێشاوو بەکۆمەڵ تەرمی هاوڵاتیانی کورد لەوڵاتانی دراوسێوە هێنرایەوە شارو شارۆچکەکانی کوردستان‌و پرسەی بەکۆمەڵ بۆ مەرگی هاوڵاتیانی کورد دانرایەوە.

لەپاش ساڵێکی کەم بارانی‌و تێپەڕینی وادەی بارینی بارانی ئاسایی، لەگەڵ یەکەم لێزمە بارانی ساڵدا بەشێک لەگەرەکەکانی شاری هەولێر ژێر ئاو کەوتن‌و لافاوێکی زۆر دروستبوو کە بوە هۆی زەرەرو زیانێکی گەورەی مادی بۆ هاوڵاتیانی شارەکەو ماڵ‌و حاڵی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شارەکەی تێکدا، لەدوای تێپەڕینی یەک مانگ‌و لەناوەڕاستی مانگی دوانزەدا جارێکی تر لافاو کاەساتێکی گەورەی بۆ هاوڵاتیانی شاری هەولێر هێناو بەشێکی تری کۆڵان‌و گەڕەکەکانی شارەکە ژێر ئاو کەوتن‌و ئەمجاره‌ جگە لەزیانە دارایی‌و مادییەکان زیانی گیانیشی لێکەوتەوەو لەئەنجامدا 12 هاوڵاتی تەنها لەچەند خولەکێکدا گیانیانلەدەستداو کارەساتێکی گەورەیی مرۆیی لێکەوتەوەو جارێکی تر تاک بەتاکی هاوڵاتیانی هەرێم تازیە باربون‌و ئازارێکی زۆریان بۆ ڕوداوەکانی چەشت.

هێرشی چەکدارانی داعش‌و شەهیدبونی پێشمەرگەو ئەفسەرانی پێشمەرگەو بەشێک لەگوندنیشینان یەکێکی تربوو لەو ڕوداوانەی کە لەساڵی 2021دا بەرۆکی هاوڵاتیانی کوردی گرت‌و بوە خەمێکی فراوانی نیشتمانی‌و تەنها لەچەند کاتژمێرێکداو لەسێ هێرشی ناوەختدا نزیکەی 30 پێشمەرگەو ئەفسەرو گوندنشینیان شەهیدکردو ژمارەیەک گوندیش بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە چۆڵکران.

ڕوداوەکانی هاتوچۆ یەکێکی تر بون لەو هۆکارانەی کە ژیانیان لەهاوڵاتیانی هەرێم تاڵکرد‌و گیانی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی هەرێمیان کێشاو چەند مەرگێکی بەکۆمەڵیان خستەسەر ژمارەی مەرگەکانی تری هاتوچۆ.

لەچەند ڕوداوێکی هاتوچۆدا مەرگی بەکۆمەڵی لێکەوتەوە بەجۆرێک لەلەشارەکانی هەولێرو دهۆک‌و کەرکوک چەند ڕوداوێک ڕویاندا کە لەهەریەکەیاندا زیاتر لەپێنج هاوڵاتی گیانیان لەدەستدەدا کە زۆربەی کات ئەو ژمارە زۆرەی هاوڵاتیان ئەندامی یەک خێزان بون‌و ڕوداوەکان دەبونە خەمێکی گەورەی گشتی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم.

لەکۆتا ڕۆژەکانی ساڵدا یەکێکی تر لەو ڕوداوانەی کە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا گیالەدەستدانی دایکێک‌و جوار منداڵ بوو لەیەکێک لەگوندەکانی سنوری قەزای ئاکرێ کە بەهۆی غازی خەڵوزەوە کە بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاریانهێنابوو خنکان‌و دواین هەناسەکانیان لەدوری باوکیانەوە هەڵکێشا کە لەسەنگەرەکانی بەرگری لەکوردستان لەئەرکدابوو لەکاتی ڕوداوەکەدا.

هەموو ئەم ڕوداوانە دەکرێت بەکارەسات‌و مەرگی بەکۆمەڵی ساڵ ناویان لێبنرێت‌و ئەوساڵەش بەساڵی مەرگ پێناسە بکرێت، ئەوەی جێی سەرنج‌و نیگەرانی هاوڵاتیان‌و چاودرێران بوو حکومەت‌و لایەنی بەرپرس لەهیچکام لەو ڕوداوانەدا کە سەرجەمیان خەمێکی قوڵیان لەدڵی هاوڵاتیاندا دروستکرد ئامادەنەبوو تەنها یەک ڕۆژ ماتەمی گشتی ڕابگەیەنێت، لەکاتێکدا ئەگەر هەرکام لەو ڕوداوانە لەوڵاتێکی تر بونایە حکومەت لانی کەم ماتەمینی گشتی ڕادەگەیاند‌و ئاڵای وڵاتەکەی بۆ ماوەیەک دەهێنایە خوارەوە وەک ڕێزگرتنێک لەگیانی قوربانیەکان، بەڵام حکومەتی هەرێم وەک چۆن بەهۆکاری زۆربەی ڕوداوەکان ناودەبرێت ئامادەش نەبوو ئەوکارە بکات کە لەحاڵەتی هاوشێوەدا هەموو وڵاتانی تر ئەنجامیدەدەن.