ئه‌م زانیاریه‌ت له‌باره‌ى ڤیاگراوه زانیوه‌ ‌

تەندروستی

02/01/2022‌ 879 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڤیاگرا دەرمانێکە بەوە ناسراوە کە چارەسەری لاوازی سێکسیی دەکات، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی دەڵێت:"دەکرێت ئەو دەرمانە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی شێرپەنجەش سودی لێوەربگیرێت".

پێگەی "نیوز 18"ی هیندی لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوەکردوە، لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانستیی کە لەلایەن سندوقی نەرویجی بۆ بەرەنگاربونەوەی شێرپەنجە"و "ڕێکخراوی "گڵۆباڵ کەیر"ی ئەمریکییەوە پاڵپشتیکراوەو ئەنجامەکانی لەگۆڤاری "eCancermedicalscience"دا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت:"ڤیگرا چارەسەری جۆرێکی دەگمەنی نەخۆشیی شێرپەنجە دەکات".

هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، زاناکان ڕایانگەیاندوە، ڕەگەزی "PDE5" کە لەناو دەرمانی ڤیگرادا هەیە، دەکرێت بۆ پەرەپێدانی دەرمانێکی نوێ دژ بەنەخۆشیی شێرپەنجەو تەنانەت نەخۆشییەکانی دڵیش سودی لێوەربگیرێت.

زاناکان ئاماژەیان بەوەکردوە، لەگەڵ ئەو ئەنجامانەشدا، پێویستیان بەلێکۆڵیەنەوەی زیاتر هەیە بۆئەوەی زیاتر لەبارەی سودەکانی ڤیاگراوە بزانن.

پێشتر چەند لێکۆڵینەوەیەک ئاماژەیان بەوەکردبوو، هەندێک لەو لێکۆڵینەوانەی بۆ چارەسەرکردنی لاوازیی سێکسیی بەکاردەهێنرێن، لەشێوەی ڤیگرا، تێکڕای ڕزگاربون لەنەخۆشیی شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاتر دەکات.

پسپۆڕان دەڵێن:"ئەمجۆرە دەرمانە توانای خاوکردنەوەی گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان‌و لاوازی سیستەمی بەرگریی جەستەیان هەیە".

و: ئاکۆ ئاڵی