دەکرێت ئافرەتانی دووگیان خۆیان بە ڤاکسینی کۆڕۆنا بکوتن؟.. لێکۆڵینەوەیەک کۆتایی بە مشتومرەکان دەهێنێت

جیهان

07/01/2022‌ 745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی کە ناوەندەکانی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان و پێشگرتن لێی بڵاویکردۆتەوە، ئاشکرایکردووە، کە خۆکوتان دژ بە نەخۆشیی کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) لەکاتی دووگیانیدا، هیچ پەیوەندییەکی بە لەدایکبوونی پێشوەختە یان کەمی کێشی منداڵی تازە لەدایکبووەوە نییە.

توێژەرەکانی ناوەندە ئەمەریکییەکە باسیان لەوەکردووە، لەناو 10 هەزار ئافرەتی دووگیان کە لانیکەم ژەمی یەکەمی ڤاکسینەکانی دژە کۆڕۆنایان وەرگرتووە، لە 4.9٪ یان تووشی حاڵەتی لەدایکبوونی پێشوەختەی کۆرپەلەکانیان بوون، لەکاتێکدا لەناو 37 هەزار ئافرەتی دووگیان کە خۆیان نەکوتاوە لە7٪ یان تووشی حاڵەتەکە هاتوون، کە ئەوەش وەک جیاوازیەکی زۆر کەم هەژمارکراوە.

ئەوەش هاتووە، کە خۆکوتان دژ بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا مەترسییەکانی لەدایکبوونی منداڵی کەمکێش زیاد ناکات، هەربۆیە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە پاڵپشتیی ئەو ڕێنماییانەی ناوەندەکانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان لە ئەمەریکا دەکات بەوەی خۆکوتان لەکاتی دووگیانیدا سەلامەتە.

توێژەرەکان هەروەک وتویانە، ئەو ئافرەتە دووگیانانەی تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبن ، مەترسییەکانی داخڵکردن لە بەشی چاودێریی چر و پێویستی بە بوونی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و تەنانەی گیانلەدەستانیشیان زیاتر دەبێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی