رێکارە دەستوری و یاساییەکانى هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عیراقدا

مەلەفی تایبەت

11/01/2022‌ 1476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تارق جەوهەر سارمەمی

مێژووى سەرۆک کۆمارلەعیراق دەگەڕێتەوە بۆ سالى ١٩٥٨ کەبەهۆى کودەتاى سەربازى کە بە شۆرشی ١٩٥٨ ناسراوە تیادا سیستمی حوکمرانى لە  پاشایەتییەوە بۆ سیستمى کۆمارى گۆڕدرا، ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک کۆمارى هەڵنەبژێردراو لەعیراقدا. دواى کودەتاى بەعسییەکانیش لە ١٩٦٣ چەندین سەرۆک کۆمار بەبێ هەلبژاردن خۆیان بەسەر ئیرادەى گەلانى عیراق فەرز کرد، هەریەک لە (عبدالسلام عارف) و (عبدالرحمن عارف) ى براى و پاشانیش ئەحمەد حەسن بەکر و ئینجا سەدام حوسێن بوون بەسەرۆک کۆمارى عیراق. هەموو ئەوناوانەى هێنران دەسەلاتێکى رەهاو فراوانیان هەبوو و خۆیان لە سەرووى یاساوە دەبینی.  هەمووشیان عەرەب بوون وبۆ ماوەى جیاجیا حوکمرانیان کرد کە تەمەنى حوکمرانیەکەى سەدام لەهەموویان زیاتر بوو ٢٣ ساڵ بوو.  بەلام جگە لە عبدالرحمن عارف، خالى هاوبەشی هەموویان ئەوەبوو، کە هیچ کەسێکیان بەمردنى خۆیان نەمردن یا کوژران یا سوتان یان لەسێدارەدران .

خولى یەکەم٢٠٠٥
  لە دواى ٢٠٠٣ وروخانى رژێمى سەدام،  قۆناغێکى تازە هاتە پێشەوە سەرۆک کۆمار لە پۆستیکى پردەسەلاتەوە بۆ پۆستیێکى پرۆتۆکۆلى وتەشریفاتى گۆردرا. بەدەستوور دەسەلاتەکانى دیاریکران. بەلام هێشتا ئەو پۆستە چاوى زۆرى لەسەرە، هەرچەندە وەک عورفێکى سیاسی چوار دەورەیە لەلایى کوردە،  بەلام هەندیک جار عەرەبی سونەش تامەزرۆى وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە دەکەن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر.

  لەدەستپێکى هەر خولێکى هەڵبژاردنى نوێی ئەنجومەنى نوینەران عیراقدا، دواى هەلبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوینەرانى عیراق، بەپێى رێکارە دەستووریەکان، هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارى، هەنگاوى دووەمى پرۆسەى سیاسییە  بۆ پێکهێنانى هەر حکومەتێکى نوێ. ئێستا زۆریەى چاوەکان لەسەر مەسەلەى هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارە، کە لەوەتاى رووخانى رژێمى سەدام لە ٢٠٠٣ وبەتایبەتیش لە ٢٠٠٥ ەوە، پشکى کوردبووە، لە نێو کوردیش بەشی یەکێتى نیشتمانى کوردستان بووە، جگە لە خولی یەکەم کە لە ٦ى نیسانى ٢٠٠٥ بەرێوەچوو، تیایدا  سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆمارى  کورد لە مێژووى دەولەتى عیراقدا بە ٢٢٧ دەنگ، لەکۆى ٢٥٧ دەنگى ئەنجومەنى نیشتمانى هەلبژێردرا.  
 هەر لەهەمان پرۆسەشدا دوو جێگرەکەى سەرۆک کۆمارهەر یەک لە (عادل عبدالمهدی وغازی الیاوەر)بوون،  بەیک پاکێج لەگەل سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران. بەلام لەخولى دووەمى هەلبژاردنەوەى سەرۆک مام جەلال  وخولەکانى دواتریش، هیچ جارێک پرۆسەى هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارى عیراق بێ کێشە وگرفتى سیاسی وهاتنە پیشەوەى زیاد لەکاندیدێک  بەرێوە نەچووە.

خولى دووەم ٢٠١٠
بەهۆى ئەوەى داواکارى سونەکان لەلایەن لیستى هاوپەیمانى شیعەکانى عیراق پشتگوێ خرابوو، کە داواى هەڵگرتنى ناوی چەند کەسایەتیەکى سونەیان دەکرد کە یاساى رێکشەکێش کردنى بەعس بەسەریاندا جێبەجێ نەکرێ،کەئیشعەکان ئەم داوایەى سونەکانیان پشتگۆێ خست، پێشتریش داوایان کردبوو کە پۆستى سەرۆک کۆمار بدریتەوە سوونە وسەرۆکى پەرلەمان بدریتە کورد ئەوەشیان بۆ نەچووبووە سەر، بۆیە وەک پەرچەکردار (ئوسامە نوجەیفی) کەسەرۆکى پەرلەمانى خولى دووەمى عیراق بوو لەگەل ئەندامانى لیستى العراقیە، پێش هەلبژاردنى مام جەلال بە سەرۆک کۆمار چوونە دەرەوە  وبایکۆتى پرۆسەکەیان کرد، ئەوەبوو قوسەى سوهەیل کە جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان بوو، ئیدارەى دانیشتنەکە وپرۆسەى هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارى کرد، خولی دووەمى هەلبژادرنى سەرۆک کۆمار لە ١١ى تشرینى دوەمى ٢٠١٠ بەرێوەچوو، لەم هەلبژاردنەدا تاکە نوینەرى کورد کە سەرۆک مام جەلال بوو،  لەخولى یەکەمدا ٢١٦ دەنگى لە کۆى ٣٢٥ دەنگى ئەندامانى پەرلەمان بەدەستهێنا، بۆیە لە دووبارە کردنەوەى هەلبژاردنەکەدا، مام جەلال لەکۆى ٢٥٥ ئەندامى ئامادەووى دانیشتنەکە ١٩٨ دەنگى بەدەستهێنا وبۆ جارى دووەم بەسەرۆک کۆمارى عیراق هەڵبژێردرایەوە.

 خولى سێیەم ٢٠١٤
 دواى هەلبژاردنى خولى سێیەمى پەرلەمانى عیراق لە ٣٠ى نیسانى ٢٠١٤  بەرێوەچوو، لەم خولەدا لەناو یەکێتى جگە لە د. فواد مەعسوم زیاد لە کاندیدیک هەبوون لەوانە د. بەرهەم سالح  ود. نەجمەدین کەریم  بەلام دواجار د. نەجمەدین خۆى کێشایەوە وەک پارێزگارى کەرکوک مایەوە، رکابەریەکە لەنێوان د. بەرهەم  ساڵح ود. فواد مەعسوم  مایەوە، دواجار لەناو لیستى کوردستانى لەپەرلەمانى عیراق هەڵبژاردنێک بۆ یەکلاییکردنەوەى کام رکابەر  دەبێتە کاندیدى لیستى کوردستانی، وتیایدا د. فواد مەعسوم دەنگى زیاترى هێناو بووە کاندیدى لیستى کوردستانى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار.

 لە رۆژى ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٤  لەناو دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە جەولەى یەکەمى هەلبژاردنى سەرۆک کۆماردا، جگە لە د. فواد مەعصوم چەند کاندیدیکى دیکەى عەرەب هەبوون، لەوانە: حەنان فەتلاوى (٣٧) دەنگ وحسێن موسەوى ( ٣) دەنگ و فائق شێخ عەلى( ١٠)یان هێنابوو . بەلام حەنان وفائق شێخ عەلى خۆیان کێشایەوە لەجەولەى دووەمدا حوسین موسەوى وەک رکابەرى د. فواد مەعصوم مایەوە بەلام تەنیا ٣ دەنگى هێنا.

د.فواد مەعصوم وەک نوینەرى کورد ویەکیتى نیشتمانى کوردستان بە ٢١١ دەنگ لە کۆى ٢٧٥ دەنگى ئامادەبووى دانیشتنەکەدا لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەکەدا بەسەرۆک کۆمارى عیراق هەڵبژێردرا. بووە دووەمین سەرۆک کۆمارى کورد لە مێژووى عیراقدا.  

خولى چوارەم ٢٠١٨
 بەهۆى قولبوونەوەى ناکۆکیەکانى نێوان یەکیتى وپارتى لەسالى ٢٠١٨  کورد نەیتوانى لەسەر کاندیدێکى یەکگرتوو ڕێک بکەوێ، چونکە بۆیەکەمجار پارتى دیموکراتى کوردستان داواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى کرد، بۆیە یەکیتى وپارتى هەریەکەیان بەکاندیدیک چوونە مەیدانەکە، یەکێتى بە د. بەرهەم سالح و پارتیش بە د.فواد حسێن چوونە ناو هۆى دانیشتنى پەرلەمان، جگە لەمانیش چەند کاندیدیکى ترى کورد وغەیرە کوردیش هەبوون، لەجەولەى یەکەمى پرۆسەى هەلبژادرنەکەدا د. بەرهەم ١٦٠ دەنگ ود. فواد حسێن ٤٨ دەنگ و سرو عبدالواحدیش ١٨ دەنگیان هێانبوو بۆیە  هیچ کام لە بەربژێرەکانى یەکیتى وپارتى نەیانتوانى  دەنگى پێویست بهێنن، کە دوو لەسەر سێی دەنگى ئەندامانى پەرلەمانیان پێویست بوو، بۆیە پێویستى بە خولى دووەمى هەلبژادرن هەبوو هەرچەندە پارتى کاندیدەەى خۆى کێشایەوە بەلام ئەو کێشانەیوە لەلاەین سەرۆکایەتى رەتکرایەوە و پرۆسەکە بەرکابەرى لەنیوان د. بەرهەم و د. فواد  بەرێچوەچو تیایدا کانیدەکەى یەکیتى کە د. بەرهەم سالح بوو توانى  ٢١٩ دەنگى لەکۆى ٣٠٢ دەنگى  پەرەلمانتارانى ئامادەبووى دانیشتنەکە بەدەستبهینێ. هەرچى کاندیدەکەى پارتى بوو د. فواد حسێن تەنیا ٢٢ دەنگى بەدەستهێنا، ئەمەش نیوماڵى کورد زیاتر ڵێکترازان ویەکهەڵویستى کوردى زیاتر پەرتەوازە کرد.  

 خولى پێنجەم٢٠٢٢ ؟
هێشتا دیارنیە کێ دەبێتە پێنجەم سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردراو لەعیراقدا، هەرچەندە یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى خۆیدا لەرۆژى ١٠ى کانوونى دووەمى ٢٠٢٢ بەرەسمى د. بەرهەم ساڵح ى وەک تاکە کاندیدى یەکیتى دیارى کرد، هاوکات پارتى دیموکراتیش لەرێى هوشیار زیبارى یەوە رایگەیاند: کە ئەوان هیچ کاندیدیکیان بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار نابێ. بەلام نابێ ئەو قسەى فازل میرانى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتیش نادیدە بگرین کە دوو هەفتە لەمەوبەر بەمیدیاکانى راگەیاندبوو، کە هەلبژاردنى سەرۆک کۆمار موفاجەئەشى تێدا دەبێ!. بۆیە دەبێ بەوریاییەوە چاوەرێی هەردوو ئەگەرەکە بکەین؛ کە رەنگە لە دوا چرکەساتدا، یەکێتى وپارتى لەسەر کاندیدێکى هاوبەش رێک بکەون، بەلام بژاردەى خراپ ئەوەیە کە دیسان وەک سالى ٢٠١٨ هەردوولا بە دوو کاندیدى جیاواز بچنە نێو پرۆسەى هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارى عیراق، شەرەفی یەکلایکردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار بدەنەوە دەست هێزە سونى وشیعییەکان.

 هەرچەندە پۆستى سەرۆک کۆمار؛ پۆستیکى تەشریفاتییە ودەسەلاتێکى پرۆتۆکۆلى دیاریکراوى هەیە لەبەرانبەر دەسەڵاتە زۆرەکانى سەرۆک وەزیراندا. بەلام هەم لە دەستوور، هەمیش لەیاساى ژمارە ٨ى سالى ٢٠١٢ یاساى ئەحکامى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار، کۆمەڵێک رێکارى دەستووری ویاسایی هەیە کەپێویست دەکات هەڵوەستەیان لەسەر بکەین چونکە کاریگەرى راستەوخۆیان بە دیاریکردنى میکانیزمی  هەلبژاردنى سەرۆک کۆمارەەوە هەیە، بۆیە بە پێویستى دەزانین لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەین:

بەپێی ماددەی 2 لە یاسای ژمارە 8ی سالی 2012 یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سێ رۆژ دوای هەلبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دەرگای خۆپالاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رادەگەیەندرێ.

هەر کەسێک لەخۆی راببێنێ و مەرجەکانی مادەی 1 تێدابێ، لەماوەی سێ رۆژدا، بەنووسراو داواکاری خۆ کاندیدکردن و کورتەیەکی ژیاننامەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.

پاشان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو کەسانەرادەگەیەنێ کە مەرجە یاساییەکانی خۆ کاندیدکردنیان هەیە.
ئەوانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە مافی یاسایی خۆیانە نارەزایی لە دادگای فێدراڵی تۆمار بکەن.
لەماوەی سێ ڕۆژدا دادگای فیدرالی داواکە یەکلایی دەکاتەوە.
پاشان ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو پالێوراوانە رادەگەیەنێ کە دادگای فیدرالی پەسەندی کردوون.
پێش تەواو بوونی ماوەی دەستووری کە 30 رۆژە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بۆ هەلبژاردنی سەرۆک کۆمار لەنێو ئەو پالێوراوانەی کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.

بەپێێ مادەی 7ی یاساکە؛ ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک کە لەخولى یەکەمدا بتوانێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بێنێ.
ئەگەر هیچ کام لە پالێوراوەکان لە خولی یەکەمدا، نەیانتوانی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بهێنن، هەلبژاردنەکە دووبارە دەکرێتەوە و لەم حالەتەدا هەرکامیان توانی دەنگی زیاتر بێنێ دەبێت بەسەرۆک کۆمار.

ئەگەر یەک پالێوراو هەبوو توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بێنێ دەبێتە سەرۆک. بەپێچەوانەوە دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت وئەو کەسە دەبێتە سەرۆک لەدەنگدانی دووەمدا بتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێ.

سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەرلەمان و سەرۆکی دادگای فیدرالی سوێندی یاسایی دەخوات.

ماوەی سەرۆک کۆمار بۆ چوار ساڵ دەبێت، لە رۆژی سوێندخواردنییەوە، بۆى هەیە یەکجاریش خۆى کاندید بکاتەوە ونابێ لەهەشت سال زیاتر بێت.

ئەرکى گەورەى سەرۆک کۆمارى لەدواى هەلبژاردنى لەلایەن پەرلەمانەوە بریتییە لەوەى؛ کە پێویستە لە ماوەى ١٥ رۆژدا نوینەرى کوتلەى زۆرینەى پەرلەمان رابسپێرێ بۆ ئەوەى لەماوەى ٣٠ رۆژدا ناوى پێکهاتەى کابینە نوێی حکومەت پێشکەش بە پەرلەمان بکات.