ئه‌مریكا له‌سه‌ر جوڵه‌ى هێزێكى كوردى هاته‌ده‌نگ‌و زانیاریی گرنگ ئاشكراده‌كات

کوردستان

22/01/2022‌ 12286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد، له‌ڕێگه‌ى پشتیوانیی ئاسمانییه‌وه‌ هاوكاریی هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)یان كردوه‌ بۆ تێكشكاندنى په‌لامارێكى داعش بۆسه‌ر گرتوخانه‌ى حه‌سه‌كه‌ له‌ڕۆژئاواى كوردستان.


دوێنێ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لەتویتێكدا ئاشكرایكرد، "داعش زۆرینەی شانە نوستوەکانی لەهەوڵێکدا بۆ ڕێکخستنی ڕاکردن لەگرتوخانەی حەسەکە کۆکردەوە، ئەویش لەڕێگای کەسانی خۆکوژو ئەنجامدانی سەرهەڵدانی زیندانییەکان لەناو گرتوخانەکەدا".

له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشكرایكرد، "لەڕێگای پشتیوانیی ئاسمانییەوە هاوکاریی هێزەکانی سوریای دیموکراتمان کرد لەتێکشکاندنی هێرشی ڕێکخراوی "داعش" بۆسەر گرتوخانەی "حەسەکە" له‌ڕۆژئاواى كوردستان".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بەپێی سەرچاوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لەدوای هێرشەکەی گروپى تیرۆریستی داعش، هێزەکانی سوریای دیموکرات دەوروبەری گرتوخانەی "سناعە"یان لەگەڕەکی غوێرانی حەسەکە گه‌مارۆداوه‌و دوێنێش هەسەدە ڕایگەیاند، کە بەهۆی تێکهەڵچونی هێزەکانیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، قەدەغەی تەواوەتیی هاتوچۆیان لەشارەکە ڕاگەیاندبوو.

ش.هـ