مەحمود عوسمان: یەکێتی و پارتی لە یەکڕیزیدا ڕاست ناکەن و تەنیا خەریکی حزبایەتین

کوردستان

23/02/2022‌ 1984 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەحمود عوسمان سیاسەتمەنداری کوردو پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمانى عێراق دەڵێت"یەكێتی و پارتی لە باسكردنی یەكڕیزیدا ڕاست ناكەن و تەنیا خەریكی حزبایەتین".

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێسدا مەحمود عوسمان دەڵێت"ئێران و توركیا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان كورد یەكگرتوو نەبێت، یەكێتی و پارتییش لە باسكردنی یەكڕیزیدا ڕاست ناكەن و تەنیا خەریكی حزبایەتین".
لەبارەى سەردانى بەرپرسانى هەرێم بۆ وڵاتان ئەو سیاسەتمەدارەی کورد پێیوایە کە سەردانی بەرپرسانی هەرێم بۆ وڵاتان حزبییە و سودێكی ئەوتۆی بۆ حكومەت نیە و جەختیش دەکاتەوە هەر لایەنەو بەپێی بۆچوون و عەقڵی خۆی پەیوەندی دروست دەکات.

سەبارەت بە پۆستى سەرۆک کۆمارو ململانێیەکانى پارتىو یەکێتى لەسەر ئەو پۆستە، مەحمود عوسمان ئاماژە بەوە دەکات کە یەكێتی و پارتی بۆ پرسی سەرۆك كۆمار ڕاوێژیان لەگەڵ هیچ كەس و لایەنێك نەكردووەو ئیستا راوێژکردن نەماوەو هەر حزبەو لەگەڵ خۆی راوێژ دەکات.

پەیوەست بە بڕیارەکەى دادگای فیدراڵیش سەبارەت بە پرسى نەوت ناوبران روونیدەکاتەوە کە ئەو لاوازییەى لەنێوان لایەنە کوردییەکان هەیەو  نەبوونى پەیوەندیی لەنێونیاندا نییە پێگەى کوردى لاواز کردوە، بۆیە ئەو لایەنانە ئێستا بە فرسەتیان زانیوە کە بریاری دادگای فیدراڵی دراوەو رەنگە بڕیاری دیکەش بدەن.

هەروەها دەشڵێت" پێویستە بریارەکەى دادگای فیدراڵی ببێتە هۆی نزیکبوونەوەی پارتى و یەکێتى، پێویستە بە گرێبەستە نەوتییەکاندا بچنەوە، دەبوو پارتی و یەکێتى چەند ساڵە مشوری ئەو پرسە بدایە کە چەند ساڵە لەدادگایەو چارەسەریان بکردایە، سەیرەکەش لەوەدایە بەشێک لەدادوەرەکان لە هاوپەیمانەکانى پارتین کە سەدرو سونەکانن، بۆیە ئەو هاوپەیمانیەتیە سودی نەبووە".