رەوەند مەلا مەحمود لەبارەى پلانى پارتى لەشارى کەرکوک زانیارییەک ئاشکرا دەکات

کوردستان

30/03/2022‌ 3089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتى نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتى هەموو ئەو پۆستانەى کە لەکەرکوک هەیبوو چۆڵیکردون و خەڵکانى عەرەب و تورکمانی لەشوێنى داناوە کەچی لە هەولێرەوە باس لەپۆستەکانى کەرکوک دەکات.

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتى نیشتیمانی کوردستان لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس کە رۆژنامەنوس رەوەند قادر لەگەڵیدا سازی کردوە راگەیاند" خۆشمان رازی نین لە دۆخى کەرکوک، لەرووی ئابورییەوە ناڕازین و کەموکورتى زۆرەو باش شارەکەوە بەڕێوە نابرێت، ئەو هێزەی ئێستا کەرکوک بەڕێوە دەبات خەڵکى ئەم شارە نییەو پارێزگارەکەشى ناتوانێت هاوسەنگی لەنێوان پێکهاتەکانى ئەمشارە رابگرێت، کوردیش ناو ماڵی خۆی یەکگرتوو نییە تا سیاسەتى خۆی جێبەجێ بکات".

وتیشى"پارتى بەسەر ئاسمانى کەرکوکدا بە فڕۆکە دەچێت بۆ بەغداو داواى پۆست دەکات کەچی دەڵێت کەرکوک داگیر کراوە، جگە لەوەش پارتى هەموو ئەو پۆستانەى کە لەکەرکوک هەیبوو چۆڵیکردون و خەڵکانى عەرەب و تورکمانی لەشوێنى داناوە کەچی لە هەولێرەوە باس لەپۆستەکانى کەرکوک دەکات".

ئاماژە بەوەش دەکات، پارتى بە پلان و بەرنامە دەیەوێت کەرکوک بشکێنێت و بە پلانیش نەیهێشت پارێزگار بۆ شارەکە دابنرێت، بەرپرسەکانى پارتى و پاسەوانەکانیان دەهاتنە کەرکوک و موچەکانیان وەردەگرت و دەگەڕانەوە هەولێر، لە هەولێریشەوە دواى وەرگرتنى موچەکانیان هەر ئەوان دەیانوت کەرکوک داگیر کراوە.

دەشڵێت" پارتى هۆکارن بۆ تێکدانى دۆخى هەرێم و ژیانى خەڵک لە کوردستان، ئەوەندە کێشەیان لە هەرێمى کوردستان دروست کردوە، دەیانویست ئەو کێشانە بۆ ناوچە کێشلەسەرەکان بگوازنەوە، بۆئەوەش هاتن ریفراندۆمیان لەم ناوچانە ئەنجامدا".

سەبارەت بە بەرپرسیاریەتى یەکێتیش لە کەموکوڕییەکانى کەرکوک رەوەند مەلا مەحمود باس لەوە دەکات، یەکێتیش بەشى خۆی بەرپرسیارییەتى کەموکوڕییەکانى شارەکەى دەکەوێتە ئەستۆ، بەڵام رێژەکەی کەمترە.